رووداو دیجیتاڵ
کێشەی ژمارەیەک تەنکەری گواستنەوەی نەوتی رەشی عێراق لە نێو سووریا چارەسەر کرا، کە چەند رۆژێک بوو راگیرابوون؛ راگەیاندنی پارێزگای حومس رایگەیاند، لە دوای تەواوکردنی بەڵگەنامەکانیان کەوتوونەتەڕێ.
چوارشەممە 15ی تەمووزی 2026، راگەیاندنی پارێزگای حومس لە سووریا لە راگەیێنراوێکدا رایگەیاند، لە دوای ئامادەکردنی ئەو بەڵگەنامانەی کە کەموکوڕییان تێدا بوو و هەروەها هاوئاهەنگیکردن لەگەڵ کۆمپانیای پەترۆڵی سووریا، رێگە درا بە تەنکەرەکانی گواستنەوەی نەوتی عێراق بۆ ئەوەی بەرەو ئاراستەی خۆیان بڕۆن، ئەوەش لە دوای ئەوەی سەرجەم رێکار و پێویستییە کارگێڕییەکان جێبەجێ کران.
سەلیم روکابی، گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند: ئەو پرسە پەیوەندی بە کۆمپانیاکانی کڕیاری نەوتی رەشەوە هەیە نەک وەزارەتی نەوت.
لە 31ی ئاداری 2026ـەوە هەناردەی نەوتی ڕەشی عێراق لە رێگەی سووریاوە دەستیپێکرد، ئەو نەوتە بە تەنکەر لە دەروازەی وەلید لە ناحیەی روتبەى ئەنبار دەبرێتە بەندەری بانیاسی سووریا.
سەرچاوەیەکی بەرپرس لە پارێزگای ئەنبار، کە نەیویست ناوی بڵاو بکرێتەوە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند: نزیکەی 20 تەنکەر کێشەیان هەبوو کە لە حومس راگیرابوون و شۆفێرەکانیان خەڵکی ئەنبار بوون، ئاراستەی تەنکەرەکان گۆڕدرابوون بۆ پاڵاوگەیەک لەو پارێزگایەدا.
رۆژانە 300 بۆ 400 هەزار تەنکەری نەوتی رەشی عێراق دەچنە سنووری سووریا بۆ ئەوەی بگەیێنرێتە بەندەری بانیاسی سووریا بە مەبەستی هەناردەکردنی.


.jpg&w=3840&q=75)
