رووداو دیجیتاڵ
لەنێو بەندەری گەورەی فاو لە پارێزگای بەسرە درۆنێک کەوتە خوارەوە. قایمقام دەڵێ، رووداوەکە هیچ زیانێکی گیانی و مادیی نەبووە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 15ی تەممووزی 2026 وەلید شەریفی، قایمقامی قەزای فاو لە پارێزگای بەسرە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ ئاگادارکراینەوە لە کەوتنەخوارەوەی درۆنێک لە 'ساحەی کۆنتێنەرەکان' لەناو بەندەری گەورەی فاو."
قایمقامی فاو ئاماژەی بەوەش کرد، درۆنەکە بەهۆی بەهێزیی بەرکەوتنی بە زەوی لە کاتی کەوتنەخوارەوەیدا، بە تەواوی تێکشکاوە.
سەبارەت بە زیانەکان، وەلید شەریفی دڵنیایی دەدات، رووداوەکە "هیچ زیانێکی مادی بە دامەزراوەکانی بەندەرەکە نەگەیاندووە و هیچ بریندارێکیشی لێنەکەوتووەتەوە."
تاوەکو ئێستا لایەنە فەرمییەکان هیچ زانیارییەکیان لەبارەی ناسنامەی شوێنی ئاراستەکردنی درۆنەکە و هۆکاری کەوتنەخوارەوەکەی بڵاونەکردووەتەوە.
بەندەری گەورەی فاو بە یەکێک لە گرنگترین و گەورەترین پڕۆژە ستراتیژییەکانی عێراق دادەندرێت و ناوچەکە رێکاری ئەمنیی تووندی تێدا دەگیرێتەبەر بۆ پاراستنی کارەکان لەو پڕۆژەیەدا.
.jpeg&w=3840&q=75)


