رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەیی پاسەوانی سنووری عێراق لە پارێزگاکانی دهۆک و واست، 44 کەسی ئاسیایی دەستگیر دەکات کە هەوڵیان دەدا بە شێوەیەکی نایاسایی سنوورەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق ببەزێنن.
عەمید حەیدەر کەرخی، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی فەرماندەیی پاسەوانی سنووری عێراق ئەمڕۆ چوارشەممە 15ی تەممووزی 2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە ماوەی 3 بۆ 5 رۆژی رابردوودا ئەمانە دەستگیر کراون، 15 کەسیان لە سنووری پارێزگای دهۆک و 29 کەسەکەی دیکەیان لە سنووری پارێزگای واست دەستگیر کران.
دەستگیرکردنەکان لە سنووری دهۆک لەلایەن فەوجی 2ی لیوای 1ی پاسەوانی سنوور و لە پارێزگای واستیش لەلایەن یەکەی پشتیوانیی دەروازەی زرباتییەی سەر بە لیوای 20ی پاسەوانی سنوورەوە بووە.
بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی فەرماندەیی پاسەوانی سنووری عێراق ئاماژەی بەوەکرد، ئەو کەسانە خەڵکی وڵاتانی ئاسیا بوون کە زۆربەیان ئەفغان؛ پاکستانی و بەنگلادیشی بوون دەیانویست بە قاچاخ بچنە نێو خاکی عێراق، ئێستاش پەڕاوی یاساییان بۆ رێکخراوە و رێکاری پێویستیان بەرامبەر گیراوەتەبەر.



