رووداو دیجیتاڵ
ئەمشەو لە پارێزگای ئەنباری رۆژئاوای عێراق، رووداوێکی هاتووچۆ روویدا و لە ئەنجامدا، 9 کەس گیانیان لەدەستدا و 1 کەسی دیکەش بە سەختی برینداربوون.
محەممەد عادل قەیسی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی فەرمانگەی تەندروستیی ئەنبار، بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند، "رووداوەکە لەسەر رێگەی هیت - بەغدادی روویداوە و لە ئەنجامدا 9 کەس گیانیان لەدەستداوە کە ژن و منداڵیان تێدایە، هەروەها 1 کەسی دیکەش برینداربوون کە تەندروستییان ناجێگیرە."
عیسام محەممەد خالید، بەڕێوەبەری راگەیاندنی نەخۆشخانەی گشتیی هیت بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، رووداوەکە لەنێوان دوو ئۆتۆمبێل جۆری کامری و رافۆڕ بووە، سەرەتا 7 کەس گیانیان لەدەستدابوو؛ بەڵام دواتر بەهۆی سەختی برینەکەیانەوە، دوو برینداری دیکە گیانیان لەدەستدا و ژمارەکە بۆ 9 کەس بەرزبووە. بریندارەکە بۆ وەرگرتنی چارەسەری پێویست گەیێندراونەتە نەخۆشخانەی گشتیی هیت.
بەڕێوەبەری راگەیاندنی نەخۆشخانەی گشتیی هیت ئاماژەی بەوەکرد، هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ رزگارکردنی ژیانی ئەو بریندارەی لە نەخۆشخانەکەیە.



