رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق رایدەگەیێنێت، بە هاوئاهەنگی لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەستیان بەسەر 358 کیلۆگرام زێڕدا گرتووە کە پەیوەندیی بە دۆسیەی گەندەڵیی بریکاری وەزارەتی نەوتی عێراق بۆ کاروباری پاڵاوتنەوە هەیە و زێڕەکەش رادەستی بانکی ناوەندی کراوە.
رۆژی دووشەممە، 13ـی تەممووزی 2026، ناوەندی راگەیاندنی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، دادوەری لێکۆڵینەوە لە دادگەی تاوانەکانی ناوەندیی تایبەت بە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی روونیکردووەتەوە، بە سەرپەرشتیی دادوەر فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری و بە هاوئاهەنگی لەگەڵ هەرێمی کوردستان، توانراوە بڕی 358 کیلۆگرام زێڕ بگەڕێندرێتەوە.
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا هاتووە، لە دۆسیەیەکی دیکەی لێکۆڵینەوەدا 17 کیلۆگرامی دیکەی زێڕ دەستی بەسەردا گیراوە، بەمەش کۆی گشتیی ئەو زێڕەی تەنیا ئەمڕۆ دەستی بەسەردا گیراوە دەگاتە 375 کیلۆگرام.
دادگەی عێراق ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەو بڕە زێڕەی گەڕێندراوەتەوە، رادەستی بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی دەرکردن و گەنجینە لە بانکی ناوەندیی عێراق و جێگرەکەی کراوە. ئەوەش لە چوارچێوەی ئەو هەوڵانەدایە کە بۆ تەواوکردنی لێکۆڵینەوەکان لە دۆسیەی عەدنان جومەیلی، تۆمەتباری دەستبەسەرکراو و بریکاری وەزارەتی نەوت بۆ کاروباری پاڵاوتن دەدرێن.
ئەنجوومەنەکە جەخت لەوەش دەکاتەوە، ئامانج لەم رێکارانە گەڕاندنەوەی تەواوی ئەو سامانە گوازراوە و نەگوازراوانەیە کە لە رێگەی ئەو تاوانەوە بەدەستهاتوون، بۆ ئەوەی تاوانبارانیش بەپێی یاسا سزای خۆیان وەربگرن.

