رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق چەند بڕیارێکی نوێی لەبارەی کەرتەکانی کشتوکاڵ، کارگێڕی و پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان دەرکرد و تێیدا دەسەڵاتی گۆڕین و گواستنەوەی بەڕێوەبەرە گشتییەکانی دایە سەرۆکوەزیران.
رۆژی شەممە 11ی تەممووزی 2026، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە سەرۆکایەتیی عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، دەیەمین کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی کرد.
بەگوێرەی راگەیێندراوی نووسینگەی سەرۆکوەزیران، لە کۆبوونەوەکەدا باس لە رەوشی گشتیی وڵات و کارنامەی چاکسازیی حکومەت کراوە.
لە پێناو رێکخستنەوەی کارەکاندا، ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری دا دەسەڵاتی تەواوی ئەنجوومەنە وەزارییەکان سنووردار بکات، بە جۆرێک تەنیا دەتوانن راسپاردە ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیران بکەن و بۆیان نییە بڕیاری کۆتایی بدەن.
لە کەرتی کشتوکاڵدا، ئەنجوومەنی وەزیران رەزامەندی لەسەر پلانی کشتوکاڵیی هاوینەی ساڵی 2026 بۆ پارێزگاکانی عێراق (جگە لە هەرێمی کوردستان) دەربڕی.
هەروەها بڕیاردرا بە وەرگرتنەوەی کرێی ئاودێری لە جووتیاران بۆ بەرژەوەندیی وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکان، کە پێشتر رێکارەکانی راگیرابوو.
سەبارەت بە چاکسازیی کارگێڕی، ئەنجوومەنی وەزیران دەسەڵاتی گۆڕین، گواستنەوە و سووڕانەوەی بەڕێوەبەرە گشتییەکان و پلە تایبەتەکانی لە دامەزراوەکانی دەوڵەتدا بەخشییە سەرۆکوەزیران، ئەوەش لەسەر پێشنیازی وەزیر یان سەرۆکی لایەنی پەیوەندیدار. هەر لەو چوارچێوەیەدا بڕیاردرا بە گۆڕینی چەند بەڕێوەبەرێکی تەندروستی لە پارێزگاکاندا.
لەبارەی کەرتی نیشتەجێبوون، ئەنجوومەنی وەزیران رەزامەندی نیشان نەدا لەسەر پێدانی مۆڵەتی وەبەرهێنان بە پڕۆژەی نیشتەجێبوونی "بێسان" لە پارێزگای نەینەوا و بڕیاردرا لێکۆڵینەوە لە گواستنەوەی خاوەندارێتی زەوییەکە بۆ سەر وەزارەتی دارایی بکرێت.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا، رەزامەندی درا لەسەر زیادکردنی تێچووی پڕۆژەی گۆڕەپانی "مەواکب" و دروستکردنی یەکتربڕی رێگەی بەغدا-حور لە کەمالییە. هەروەها پڕۆژەکانی نۆژەنکردنەوەی چەند مەزارگەیەکی ئایینی لە پارێزگاکانی نەجەف، کەربەلا و دیالە لە هەندێک رێکاری یاسایی پێشتر بەدەرکران، بۆ ئەوەی کارەکانیان خێراتر بکرێت.



