رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی عێراق، وردەکاری لەبارەی رووداوی تەقەکردن لە بەلەمێکی ماسیگریی عێراقی لەلایەن هێزە دەریاییەکانی کوێتەوە ئاشکرا دەکات و رایدەگەیێنێت، دوای دەستوەردانی فوئاد حوسێن، کوێت ماسیگرە دەستگیرکراوەکانی ئازاد کردووە و تەرمی ئەو ماسیگرەشیان رادەست کردووەتەوە کە لە رووداوەکەدا گیانی لەدەستدابوو.
رۆژی شەممە، 11ـی تەممووزی 2026، وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، لە ساتەوەختی روودانی تەقەکردنەکە لە 3ـی تەممووز، بە هاوئاهەنگی لەگەڵ باڵیۆزخانەی عێراق لە کوێت و لایەنە پەیوەندیدارەکان، هەوڵە دیپلۆماسییەکانیان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە دەستپێکردووە.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لە سەردانێکی بۆ کوێت لە 8ـی تەممووز، دۆسیەی ماسیگرەکانی لەگەڵ سەرکردایەتیی کوێت و فەهد یوسف، وەزیری ناوخۆی ئەو وڵاتە تاوتوێ کردووە. وەزیری دەرەوەی عێراق نیگەرانیی بەغدای گەیاندووەتە لایەنی کوێتی و ئاماژەی بەوە کردووە کە "دووبارەبوونەوەی ئەم جۆرە رووداوانە زیان بە پەیوەندییە دۆستانەکەی نێوان هەردوو وڵات دەگەیێنێت."
لە کۆبوونەوەیەکدا کە قاسم عەبوودی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق و ئەسعەد عیدانی، پارێزگاری بەسرە تێیدا ئامادە بوون، بەرپرسانی کوێتی تۆمارێکی ڤیدیۆیی رووداوەکەیان پێشانیان داوە. بەگوێرەی روونکردنەوەکەی کوێت، "رووداوەکە لە شەودا بووە و هێزەکانیان مەبەستیان نەبووە زیانی گیانی لێبکەوێتەوە."
وەزارەتی دەرەوەی عێراق دەڵێت، لەسەر داوای فوئاد حوسێن، حکوومەتی کوێت دەستبەجێ رەزامەندیی نیشانداوە لەسەر ئازادکردنی ماسیگرە دەستگیرکراوەکان و رادەستکردنەوەی تەرمی ئەو ماسیگرەی گیانی لەدەستدابوو. باڵیۆزخانەی عێراق لە کوێت رێکارە یاساییەکانی تەواو کردووە و ماسیگرەکان گەڕێندراونەتەوە پارێزگای بەسرە.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "پاراستنی ئاسایشی ئاوە هەرێمییەکانی عێراق و سەلامەتیی ماسیگرەکان لە ئەستۆی لایەنە پەیوەندیدارەکانی عێراق و لە پێشەوەیاندا هێزی دەریایی عێراقە، ئەوەش بەپێی یاسا کارپێکراوەکان."
وەلید محەممەد، قایمقامی قەزای فاو لە پارێزگای بەسرە، رۆژی 6ـی ئەم مانگە نووسراوێکی ئاراستەی ئەسعەد عیدانی، پارێزگاری بەسرە کردووە، کە وێنەیەکی دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتووە و تێیدا ئاماژەی بەوە کردووە، لە 3ـی تەممووزەوە دەسەڵاتدارانی کوێت بەلەمێکی ماسیگریی عێراقییان بە ژمارە (IFB166) گرتووە و تەواوی ستافەکەیان دەستگیرکردووە.

