رووداو دیجیتاڵ
لە چوار پارێزگای عێراق هەڵمەتێکی بەرفراوان بۆ پاککردنەوەی رووباری دیجلە لە "رووەکی نیل" دەستیپێکرد، کە مەترسییەکی گەورەی لەسەر هاوسەنگیی ژینگەیی و سامانی ئاو دروستکردووە. تەنیا لە قۆناخی یەکەمدا نزیکەی 300 تۆن لەو رووەکە و پاشماوەکانی دیکە لەنێو رووبارەکە دەرهێندراون.
رووەکی نیل کە بە "گوڵی نیل"یش دەناسرێت، تەنیا رووەکێکی ئاسایی سەر ئاو نییە، بەڵکو بە یەکێک لە مەترسیدارترین هەڕەشە ژینگەییەکان بۆ سەر سیستەمی ئاویی عێراق دادەندرێت. ئەم رووەکە بەهۆی بڵاوبوونەوەی خێرای، رێگری لە گەیشتنی تیشکی خۆر و ئۆکسجین بۆ نێو ئاوەکە دەکات، ئەمەش ژیانی گیانلەبەرە ئاوییەکان و ماسییەکانی خستووەتە مەترسییەوە.
عەقید مستەفا عەبدولحوسێن، گوتەبێژی پۆلیسی ژینگەی بەغدا لەبارەی مەترسییەکانی ئەو رووەکەوە رایگەیاند: "ئەم گیا گازییە رووی ئاوەکە دادەپۆشێت و ناهێڵێت تیشکی خۆر بگاتە رووەکەکانی دیکە و ماسییەکان، کە ئەوەش هاوسەنگیی ژینگەیی تێکدەدات."
جگە لە زیانە ژینگەییەکان، ئەم رووەکە بڕێکی زۆر ئاو بەفیڕۆ دەدات. بەگوتەی گوتەبێژی پۆلیسی ژینگە، هەر رووەکێکی نیل رۆژانە نزیکەی یەک لیتر ئاو هەڵدەمژێت، ئەمەش لە کاتێکدایە عێراق بەدەست قەیرانی وشکەساڵی و کەمئاوییەوە دەناڵێنێت.
بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم دیاردەیە، هەڵمەتەکە پارێزگاکانی (بەغدا، دیوانییە، واست و بابل)ی گرتووەتەوە. دکتۆر ئیکتفاء حەسناوی، بریکاری کارگێڕیی وەزارەتی ژینگەی عێراق ئاماژە بەوە دەکات کە بنبڕکردنی ئەم رووەکە کارێکی ئاسان نییە و دەڵێت: "ناتوانین بە یەکجاری بنبڕی بکەین، چونکە رەگەکەی دوای ماوەیەک شین دەبێتەوە، بۆیە پێویستە هۆشیاربین لە کاتی هەڵگرتنەوەی تاوەکو ئاوەکە بۆ شوێنی دیکەی نەبات."
بریکاری وەزارەتی ژینگە جەخت لەوەش دەکاتەوە کە دەبێت ئەم جۆرە هەڵمەتانە مانگانە و لەژێر چاودێریی وەزارەتدا دووبارە بکرێنەوە بۆ ئەوەی رێگری لە پیسبوونی ژینگە و دروستبوونی کێشە بۆ سەرچاوە ئاوییەکان بگیرێت.
ئەم هەوڵە تەنیا کارێکی حکومی نییە، بەڵکو شارەوانیی بەغدا، پۆلیسی ژینگە و چەندین وەزارەتی پەیوەندیدار، لەگەڵ تیمە خۆبەخشەکان و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی تێیدا بەشدارن، بە ئامانجی پاراستنی رووبارەکانی دیجلە و فورات و گەڕاندنەوەی هاوسەنگی بۆ سەرچاوە ئاوییەکانی وڵات.

