رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی هاوپەیمانیی هێزەکانی دەوڵەتی نیشتمانی رایگەیاند، هیچ لێبووردەییەک بەرامبەر ئەوانە نابێت کە دەستدرێژی دەکەنە سەر ماڵی گشتی و داوا دەکات، "گەورە گەندەڵکاران بە ئاشکرا دادگایی بکرێن."
عەممار حەکیم، سەرۆکی هاوپەیمانیی هێزەکانی دەوڵەتی نیشتمانی، ئەمڕۆ شەممە 11ی تەممووزی 2026 رایگەیاند، "دووبارە داواکەمان نوێ دەکەینەوە بۆ دادگاییکردنی ئاشکرای گەورە گەندەڵکاران، چونکە هیچ چاوپۆشی و لێبووردەییەک بەرامبەر هەر کەسێک نابێت کە تێوەگلانی لە دەستدرێژیکردنە سەر ماڵی گشتی بسەلمێندرێت."
حەکیم کە هاوکات سەرۆکی رەوتی نیشتمانی حیکمەیە پشتیوانیی خۆی بۆ دەسەڵاتی دادوەریی و حکومەتی عێراق لە هەڵمەتەکانی راوەدوونان و سزادانی گەندەڵکاران دەربڕی و رایگەیاند، "پشتیوانیی هەوڵەکانی دادگە و حکومەت دەکەین بۆ لێپرسینەوە لە گەندەڵکاران، هەر پۆست و پلەیەکیان هەبێت یان سەر بە هەر لایەنێک بن، دەبێت یاسا بەبێ جیاوازی بەسەر هەموواندا جێبەجێ بکرێت."
سەرۆکی هاوپەیمانیی هێزەکانی دەوڵەتی نیشتمانی جەخت کەوە دەکاتەوە کە نابێت پۆست و لایەنگریی سیاسی کەس لە سزا بپارێزێت و گوتی، "هیچ کەسێک بەهۆی پلە و پۆستەکەی یان لایەنگریی سیاسییەوە لە لێپرسینەوە رزگاری نابێت، هەر کاتێک بەپێی یاسا تاوانەکەی بەسەردا ساخ بووەوە."
پەیامەکەی عەمار حەکیم لە کاتێکدایە، ناڕەزایەتییەکان و دۆسیەکانی گەندەڵی لە عێراق پەرەیان سەندووە، کە بووەتە یەکێک لە داواکارییە سەرەکییەکانی شەقام و لایەنە سیاسییەکان.
بەرەبەیانی رۆژی 28-06-2026، هێزێکی دژە تیرۆر، سوپا و دەستەی دەستپاکیی عێراق ئۆپەراسیۆنێکی فراوانیان لە بەغدا و چەند پارێزگایەکی دیکە بە ناوی هەڵمەتی بەرەبەیان کرد. رۆژی دواتر حەیدەر عەبوودی، گوتەبێژی حکومەتی عێراق، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، "یاداشتەکانی دەستگیرکردن کە جێبەجێکراون 21 کەسی گرتووەتەوە؛ هەندێک کەسایەتی هەڵاتوون و دەزگا تایبەتەکان بەدوایان دا دەگەڕێن."
عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق داوای لە وەزارەتی دارایی عێراق هەژمارەیەکی بانکی بکەنەوە بۆ دانانی ئەو پارانەی کە لە گەندەڵکاران وەردەگیرێنەوە.
دوێنێ هەینی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، نوور زوهێر، تۆمەتباری سەرەکیی دۆسیەی "دزیی سەدە"، تەنیا 365 ملیار دیناری لە کۆی 1.6 تریلیۆن دینار گەڕاندووەتەوە و دواتر چووەتە دەرەوەی عێراق، بۆیە هەوڵ دەدرێت لە رێگەی ئینتەرپۆڵەوە بگەڕێندرێتەوە.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە لە دوای دەرچوونی یاسای لێبووردنی گشتی، نوور زوهێر داوای کردووە یاسای لێبوردنی گشتی بیگرێتەوە تاوەکو تەواوی ئەو پارەیەی لە ئەستۆیەتی رادەستی بکات؛ بۆ ئەوەش داوای بۆچوونی وەزارەتی دارایی فیدراڵیان کردووە وەک لایەنی زیانلێکەوتوو، بەڵام تاوەکو ئێستا ئەو وەزارەتە هیچ وەڵامێکی لەو بارەیەوە نەداوەتەوە و دۆسیەکە بە هەڵپەسێردراوی دەمێنێتەوە تاوەکو ئەو کاتەی تۆمەتبارەکە لەگەڵ وەزارەتی دارایی لەبارەی چۆنیەتیی رادەستکردنی ئەو پارانە رێکدەکەون.
رۆژی شەممە 11ی تەممووزی 2026، وەزارەتی دارایی عێراق، روونکردنەوەیەکی بارەی راگەیێدراوێکی پێشووی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری بڵاوکردەوە و رایگەیاند، رۆڵی ئەوان لە کەیسەکانی تایبەت بە وەرگرتنەوەی پارە دزراوەکان، تەنیا لە چوارچێوەی لایەنی دارایی و گەڕاندنەوەی مافەکانی گەنجینەی دەوڵەتدا کورت دەبێتەوە.

.jpeg&w=3840&q=75)

