رووداو دیجیتاڵ
محەممەد موخبیر، راوێژکاری موجتەبا خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران دەڵێ، بکوژانی عەلی خامنەیی، رێبەری پێشووی ئەو وڵاتە بە "مردنی سرووشتی نامرن و تۆڵەی خوێنی دەکەینەوە."
دووشەممە، 6ی تەمموزی 2026، محەممەد موخبیر، راوێژکاری موجتەبا خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران رایگەیاند، هیچ گۆمانێک لەوەدا نییە کە بکوژانی عەلی خامنەیی، رێبەری پێشووی کۆماری ئیسلامیی ئێران، "بە مردنی سرووشتی نامرن و خەڵکی ئێران و حکومەتی کۆماری ئیسلامی تۆڵەی خوێنی دەکەنەوە."
موخبیر گوتی، ناتوانرێ وێنا بکرێ کە بکوژانی خامنەیی بە زیندوویی لەسەر زەوی بسووڕێنەوە. هەربۆیە "تۆڵەی دەسەندرێتەوە."
ئەوە لە کاتێکدایە، رۆژی دووشەممە، 6ی تەمموزی 2026، سێیەمین و دوایین رۆژی بەڕێوەچوونی رێوڕەسمی ماڵئاوایی لە تەرمی عەلی خامنەیی لە تاران بەڕێوە چوو.
حەسەن حەسەنزادە، سەرۆکی لیژنەی بەڕێوەبردنی رێوڕەسمی ماڵئاوایی و بەخاکسپاردنی تەرمی خامنەیی رایگەیاند، دووشەممە تەرمی عەلی خامنەیی لە بەردەم زانکۆی تارانەوە بە نێو ئاپۆرای خەڵکدا بەرەو گۆڕەپانی ئازادی برا.
سێشەممە تەرمەکە دەبرێتە قوم
بەپێی خشتەی ئەو بەرنامەیەی لە لایەن لیژنەی تایبەتی ماڵئاواییکردن و بەخاکسپاردنی تەرمی عەلی خامنەییەوە بڵاوکراوەتەوە، رۆژی سێشەممە، 7ی تەمموزی 2026 تەرمی عەلی خامنەیی دەبردرێتە شاری قوم.
عەلی ئەکبەر پوورجەمشیدیان، سکرتێری لیژنەی تایبەتی ماڵئاواییکردن و بەخاکسپاردنی تەرمی عەلی خامنەیی رایگەیاند، مزگەوتی جەمکەران لە شاری قوم بۆ پێشوازیکردن لە تەرمی عەلی خامنەیی ئامادە کراوە.
بە گوتەی پوورجەمشیدیان، رۆژی سێشەممە بەر لە نوێژی بەیانی، تەرمەکە دەگاتە مزگەوتی جەمکەران و لەوێوە بۆ مەزارگەی فاتیمەی مەعسوومە دەگوازرێتەوە.
سکرتێری لیژنەی تایبەتی ماڵئاواییکردن و بەخاکسپاردنی تەرمی عەلی خامنەیی هەروەها دەڵێ، ئێوارەی رۆژی سێشەممە، تەرمەکە بە فڕۆکە دەگەیێندرێتە شاری نەجەف لە عێراق و رۆژی چوارشەممە دەبردرێتە مەزارگەی ئیمام عەلی لە نەجەف و دواتر مەزارگەی ئیمام حوسێن لە کەربەلا.
پزیشکیان و چەند بەرپرسێکی ئێران دەچنە عێراق
محەممەدکازم ئال سادق، باڵیۆزی ئێران لە عێراق دەڵێ، مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران لەگەڵ شاندێکی باڵای یاوەری کە عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێرانیش تێیدا دەبێت، بۆ بەشداری لە رێوڕەسمی ماڵئاواییکردن و بەڕێکردنی تەرمی علی خامنەیی و چوار لە ئەندامانی خێزانەکەی سەردانی عێراق دەکەن.
ئاژانسی نیمچە فەرمی میهریش بڵاویکردەوە، جگە لە پزیشکیان، محەممەدباقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران و مستەفا خامنەیی، کوڕە گەورەکەی عەلی خامنەییش بۆ بەشداری لە رێوڕەسمەکانی نەجەف و کەربەلا دەچنە عێراق.
بەپێی خشتەی راگەیێندراو لە لایەن لیژنەی تایبەتی ماڵئاواییکردن و بەخاکسپاردنی تەرمی عەلی خامنەیی، رۆژی پێنجشەممە، 9ی تەمموز، تەرمی رێبەری پێشووی ئێران دەگەڕێندرێتەوە ئێران و لە رێوڕەسمێکدا لە شاری مەشهەد بەخاکدەسپێردرێ.
بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەرنامەیەکی یەک هەفتەیییان بۆ "ماڵئاوایی، بەڕێکردن و بەخاکسپاردنی" تەرمی عەلی خامنەیی داناوە و پێشبینی دەکەن "ملیۆنان کەس" لە رێوڕەسمەکاندا بەشدار بن.
بەرەبەیانی رۆژی هەینی، 3ی تەمموزی 2026، تەرمی عەلی خامنەیی بۆ مزگەوتی گەورەی تاران (موسەڵلای تاران) گوێزرایەوە و شاندە بیانییەکان بەشداریان لە رێوڕەسمەکەدا کرد.
بە گوتەی ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، چەندین شاندی دیپلۆماسی و جەماوەری لە 100 وڵاتی جیهانەوە بەشدارییان لە رێوڕەسمەکەدا کردووە.
دووشەممە، 6ی تەمموزی 2026، مەهدی عەلیزادە، بەڕێوەبەری فەرمانگەی پاسەکانی تاران رایگەیاند، زیاتر لە سێ هەزار و 400 پاسیان لە سنووری شاری تاران بۆ گواستنەوەی خەڵک لە ناوچە جیاوازەکانی شارەکە و گەیاندنی هاووڵاتیان بۆ شوێنی رێوڕەسمەکانی ماڵئاواییکردن لە تەرمی عەلی خامنەیی، رێبەری پێشووی کۆماری ئیسلامیی ئێران تەرخان کردووە.
مەهدی عەلیزادە گوتی، لە دوو رۆژی رابردوودا توانیویانە نزیکەی پێنج ملیۆن کەس لە سنووری شاری تاران بە بێ بەرامبەر بگوازنەوە، بەوەش بە شێوەیەکی مامناوەندی رۆژانە دوو ملیۆن و 500 هەزار کەسیان گواستووەتەوە.
عەلی خامنەیی، رێبەری پێشووی ئێران، لە 28ی شوباتی 2026 و لە یەکەم رۆژی دەستپێکردنی جەنگی ئێران، لە ئەنجامی هێرشە ئاسمانییە هاوبەشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل کوژرا.


