رووداو دیجیتاڵ
لە بەغدا، پزیشکێکی ناسراوی بواری جوانکاری بە تۆمەتی هێرشکردنە سەر هاوژینەکەی و ئەشکەنجەدانی، لە کاتی هەڵاتنیدا دەستگیرکرا.
سەرچاوەیەکی ئەمنی، رۆژی دووشەممە 6ـی تەمووزی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "پزیشکێکی نەشتەرگەریی جوانکاری بە ناوی (محەممەد عەقیدی) کە خاوەنی سەنتەرێکی جوانکارییە لە بەغدا، چووەتە شوقەی هاوژینەکەی بە ناوی (نەبەئـ) کە بە (فەیرووزە) ناسراوە و پزیشکی سڕکردنە، ئەشکەنجەی داوە".
ژنەکە لە کۆمەڵگەی نیشتەجێبوونی (نەخیل) بووە. سەرچاوە ئەمنییەکە راشیگەیاند: "ئێستا هاوژینەکەی وەک تۆمەتباری سەرەکی تاوانەکە دەستگیرکراوە و کەیسەکە لەژێر لێکۆڵینەوەی وردی پۆلیسدایە بۆ روونکردنەوەی راستیی رووداوەکە".
بە گوێرەی سەرچاوەکان، دۆخی قوربانییەکە ناجێگییرە و لە نەخۆشخانەیە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان وا باس دەکرێت کە دکتۆر محەممەد عەقیدی بە سەختیی ئەشکەنجەی فەیرووزەی هاوژینی داوە، چاوێکی دەرهێناوە و رۆنی قرچاوی بە دەموچاویدا کردووە، پاشان منداڵەکەیانی لەگەڵ خۆی بردووە و لە شوێنی رووداوەکە هەڵاتووە.
بەپێی زانیارییەکانی رووداو کە لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق وەریگرتوون، دۆسیەکە لەژێر لێکۆڵینەوەدایە و تاوەکو ئێستا ئەو زانیارییانەیان بۆ رووداو پشتڕاستنەکردووتەوە کە بە دیاریکراوی چی بەسەر جەستەی ژنەکە هێندراوە.
دکتۆر محەممەد عەقیدی سەنتەری جوانکاری هەیە، لە هەژماری سەنتەرەکە نووسیویەتی: "دروستکەری شاژنەکان."
هێزە ئەمنییەکانی عێراق ئاماژەیان بەوە کردووە، توانیویانە تۆمەتبارەکە لە کاتی هەوڵدانی بۆ راکردن بۆ دەرەوەی وڵات دەستگیر بکەن.
ئەم رووداوە کاردانەوەی زۆری لە نێو شەقامی عێراقیدا لێکەوتووەتەوە و چالاکڤانان داوای تووندترین سزا بۆ تاوانبار دەکەن.


