رووداو دیجیتاڵ
وڵاتانی ئەندامی ئۆپێک پڵەس رێککەوتن کە لە مانگی ئابدا رۆژانە بەرهەمهێنانی 188 هەزار بەرمیل نەوت زیاد بکەن، کە پشکی عێراق 26 هەزار بەرمیل دەبێت.
رۆژی دووشەممە، 6ـی تەممووزی 2026، سەلیم رووکابی، گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، وڵاتانی ئەندامی ئۆپێک پڵەس کۆبوونەوە و بڕیاریان دا کە رۆژانە بەرهەمهێنان بە بڕی 188 هەزار بەرمیل زیاد بکەن.
کۆبوونەوەکە بە شێوەی ئۆنلاین لەنێوان ئەو حەوت وڵاتەی ئەندامی ئۆپێک پڵەس بووە کە مافی ئەوەیان هەیە بەرهەمهێنان زیادبکەن لە کۆی 21 ئەندامی گرووپەکە.
سەلیم رووکابی رایگەیاند، زیادکردنەکە بۆ مانگی ئابی داهاتووە و پشکی عێراق لەو زیادکردنە رۆژانە 26 هەزار بەرمیلە.
زۆرترین زیادکردنی بەرهەمهێنانی نەوت بەر رووسیا و سعودیە کەوتووە، کە هەریەکەیان رۆژانە 62 هەزار بەرمیلە و کەمترینیشیان عومان بووە کە پێنج هەزار بەرمیلە.
سنووردارکردنی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لەنێوان ئەو حەوت وڵاتە بۆ گەڕاندنەوەی سەقامگیرییە بۆ بازاڕی نەوت، کە ئێستا نرخی بەرمیلێکی 72 دۆلارە.




