رووداو دیجیتاڵ
عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، سەرۆکایەتیی نۆیەمین کۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجوومەنی وەزیرانی کرد، کە تێی دا گفتوگۆ لەبارەی پێشهات و رەوشی گشتیی وڵات کرا و ئەو بابەتانەی لە کارنامەی کۆبوونەوەکە دا بوون، خرانە روو و رێنمایی و بڕیاریان لەبارەوە درا، بەڵام داهاتی نانەوتی و مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان تاوتوێ نەکراوە.
رۆژی شەممە، 4ـی تەممووزی 2026، نووسینگەی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران راگەیێندراوی کۆتایی کۆبوونەوەکەی بڵاو کردەوە. پرسی داهاتی نانەوتی و مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و تەنانەت سیستەمی ئەسیکووداش تاوتوێ نەکراوە.
لە سەرەتای کۆبوونەوەکە دا، سەرۆکوەزیران، وەزارەتی ناوخۆ و دەستەی نیشتمانیی وەبەرهێنانی راسپارد، هاوئاهەنگی لەگەڵ وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، رێکارەکانی دەرکردنی مۆڵەتی کار بۆ کرێکارانی بیانی لە کاتی پێدانی ڤیزا دا تەواو بکەن.
ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری داخستنی نووسینگەی کاری سەر بە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی/ فەرمانگەی کار و راهێنانی پیشەیی لە بارەگای دەستەی نیشتمانیی وەبەرهێنان دا پەسند کرد، کە بەرپرسیار بوو لە تەواوکردنی رێکارەکانی دەرکردنی مۆڵەتی کار، بەهۆی نەمان و ناپێویستی، چونکە رێکارەکانی پێدانی ڤیزا بە ئەلیکترۆنی کراون.
رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی
لە چوارچێوەی هەوڵەکانی حکومەت بۆ رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی، ئەنجوومەنی وەزیران راسپاردەکانی ئەنجامی هەڵسەنگاندنی کارەکانی وەزارەتەکان و ئەو لایەنانەی بە وەزارەتەوە نەبەستراونەتەوە و پارێزگاکانی بەم شێوەیەی خوارەوە پەسند کرد:
تەواوکردنی کاری لیژنەکانی لێکۆڵینەوە لە ماوەی 60 رۆژدا.
زیادکردنی ئاستی بەدواداچوون لەگەڵ دادگە تایبەتمەندەکان بۆ یەکلاییکردنەوەی ئەو داوایانەی ماوەیەکی زۆرە هەن.
بەدواداچوون بۆ وەرگرتنەوەی ئەو بڕە پارانەی بەپێی بڕیاری دادگەکان دەبێت بدرێن بە وەزارەتەکان یان لایەنە حکومییەکان.
چارەسەرکردنی سەرجەم ئەو تێبینییانەی لە راپۆرتەکانی دیوانی چاودێریی دارایی دا جێگیر کراون لەلایەن هەموو لایەنە حکومییەکانەوە، بە جۆرێک کە گەشە بە کارەکانیان بدات و دامەزراوە حکومییەکان پابەند بکرێن بە دانانی رێبەری رێنمایی و پەیڕەوکردنی بەرنامە و رێبەری دیاریکراو بۆ پەرەپێدانی ئاستی کارکردن لە بواری رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵیدا.
پابەندکردنی هەموو دامەزراوە حکومییەکان بە دیاریکردنی دیاردەکانی گەندەڵی و پابەندکردنیان بە پەرەپێدانی لێهاتوویی فەرمانبەرانیان و راهێنان پێکردنیان لە بواری رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵیدا.
پلاندانانی وەبەرهێنان و خەرجییە گشتییەکان
بە ئامانجی بەرزکردنەوەی کارایی پلاندانانی وەبەرهێنان، رێکخستنی خەرجییە گشتییەکان و رێگریکردن لە هەڵاوسانی تێچووی پڕۆژە حکومییەکان، بڕیار درا بە:
قەدەخەکردنی زیادکردنی هەر پێکهاتە، چالاکییەک، قۆناخێک یان فراوانکردنێکی نوێ بۆ ئەو پڕۆژانەی لە چوارچێوەی پلانی وەبەرهێناندان، دوای پەسندکردنیان لەلایەن وەزارەتی پلاندانانەوە.
هەر کارێک کە لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەی بنەڕەتیی پڕۆژەکە یان دیزاین و بەڵگەنامە پەسندکراوەکانی دا نەبووبێت، بە پڕۆژەیەکی سەربەخۆ دادەنرێت و دەبێت بەپێی یاسا و رێنماییەکان مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت.
پێداویستییەکانی سەلامەتیی گشتی، پێداویستییە تەکنیکییە لەناکاوەکان یان پابەندییە یاساییەکان کە لە کاتی ئامادەکردنی پڕۆژەکە دا پێشبینی نەکراون، لەم بڕیارە بەدەردەکرێن.
وەزارەتی پلاندانان وردبینی لە داواکارییەکانی هەموارکردنەوە یان زیادکردن دەکات بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی بۆ گۆڕینی سنووری پڕۆژەکە یان زیادکردنی تێچووەکەی بەکارناهێندرێن.
وەزارەتی پلاندانان رێنمایی پێویست بۆ جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە دەردەکات و کار بە هیچ دەقێک ناکرێت کە پێچەوانەی حوکمەکانی بێت.
کوالێتیی پڕۆژە حکومییەکان
بۆ بەرزکردنەوەی کوالێتیی ئامادەکردنی پڕۆژە حکومییەکان و پاراستنی سامانی گشتی، ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاریدا لایەنە گرێبەستکارەکان پابەند بکات بەوەی لە گرێبەستەکانی ئامادەکردنی لێکۆڵینەوە و دیزاین و وردبینی و سەرپەرشتیکردن دا، دەقێکی روون دابنێن کە لایەنە راوێژکارییە دیزاینەر و وردبینیکارەکان بەرپرسیارێتیی یاسایی و گرێبەستیی تەواو لە ئەستۆ بگرن بۆ هەر زیادبوونێک لە تێچووی پڕۆژەکاندا.
دۆسیەی کارەبا و نەوت
کارەبا: ئەنجوومەنی وەزیران دەسەڵاتی بە وەزارەتی کارەبادا بۆ واژۆکردنی رێککەوتنی جێبەجێکردنی پلانی گشتگیر بۆ دابینکردنی وزەی عێراق و پەرەپێدانی کەرتی کارەبا (بەرهەمهێنان و گواستنەوە) لەگەڵ کۆمپانیای (GE)ـی ئەمریکی.
نەوت: رەزامەندی درا لەسەر واژۆکردنی رێککەوتن لە نێوان وەزارەتی نەوت (کۆمپانیای نەوتی بەسرە و کۆمپانیای نەوتی باکوور) لەگەڵ کۆمپانیای (Chevron)ـی ئەمریکی.
رەزامەندی درا لەسەر واژۆکردنی رێککەوتنی بنەماکان (HOA) و رێککەوتنی نهێنی و ئاشکرانەکردنی زانیاری (NDA) لەلایەن کۆمپانیای نەوتی بەسرەوە لەگەڵ هاوپەیمانیی کۆمپانیاکانی ((Capital TI)ـی ئەمریکی، (UCC)ـی قەتەری و (Chevron)ـی ئەمریکی) بۆ پڕۆژەکانی بۆریی ستراتیژیی هەناردەکردن (بەسرە - حەدیسە - کەرکووک - جەیهان) و (بەسرە - حەدیسە - بانیاس).
رەزامەندی درا لەسەر زیادکردنی (25) هەزار بەرمیل نەوتی خاو بۆ رێککەوتنی عێراقی - چینی، بۆ دڵنیابوون لە پێدانی پابەندییە داراییەکانی لایەنی عێراقی و بەردەوامبوونی پاڵپشتیی دارایی پڕۆژەکان لەلایەن چینەوە.
کەرتی پەروەردە و بوارەکانی دیکە
پەروەردە: ئەنجوومەنی وەزیران دەسەڵاتی بە وەزارەتی پەروەردە دا بۆ راگەیاندنی تەندەرێکی گشتی بۆ چاپکردنی کتێبی قوتابخانەکان لەگەڵ کۆمپانیا ناوخۆیی و بیانییەکاندا.
تەکنەلۆژیا: رەزامەندی درا لەسەر ئەوەی وەزارەتی پلاندانان ئەو ئامێرە ئەلیکترۆنییانە (تابلێت) کە لە سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان و خانووبەرە دا بەکار هێنراون و ژمارەیان (1760) ئامێرە، بە خواستن بداتە فەرمانگەی تۆمارکردنی خانووبەرەی گشتی بۆ بەکارهێنانیان لە پڕۆژەی دروستکردنی بنکەیەکی زانیاری بۆ خاوەن موڵکەکان.


.jpg&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)