رووداو دیجیتاڵ بڕیارە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کۆ ببێتەوە و پرسی داهاتی نانەوتیی هەرێمی کوردستان یەکلا بکاتەوە. سەرچاوەیەکیش لە وەزارەتی دارایی دەڵێ، ئەگەر بابەتەکە یەکلا بێتەوە، بەغدا مووچەی مانگی 6 دەنێرێت و ئەگەر نا، بە شێوەی لێبڕین مووچە دەنێردرێت. ئێوارەی رۆژی شەممە، 4ـی تەممووزی 2026، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند، بڕیارە لە کۆبوونەوەکەی ئەمشەوی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق دا، گفتوگۆ لەبارەی داهاتی نانەوتیی هەرێمی کوردستان بکرێت بە مەبەستی یەکلاکردنەوەی. سەرچاوەکە دەڵێت: "حکومەتی هەرێمی کوردستان داوا دەکات لەسەر بنەمای یاسای بودجە و تەرازووی پێداچوونەوە، هەر بڕە پارەیەک وەک داهاتی نانەوتی کۆ کرایەوە، 50٪ـی بدرێتە بەغدا." بە گوتەی سەرچاوەکەی رووداو، ئەمشەو ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیار لەسەر یەکێک لەم سێ بژارەیە دەدات؛ یان ئەوەتا بڕیار دەدات کە وەک مانگەکانی دیکە، حکومەتی هەرێمی کوردستان مانگانە 120 ملیار دینار بنێرێت، یان بڕەکە کەم دەکرێتەوە، یانیش هاوشێوەی مانگی رابردوو بە لێبڕین (مەقاسە) 120 ملیار دینارەکە لە پارەی مووچە دەبڕدرێت و ئەوەی دیکە رەوانە دەکات. رۆژی شەممە، جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بۆ چارەسەرکردنی کێشەی مووچە لەم مانگانەی ساڵی 2026، دوو رێگە هەن، یەکەمیان رێککەوتنێکی نوێیە و دووەمیش کارکردنە بە رێککەوتنی پێشووە." بە گوتەی جەمال کۆچەر، ئەگەر کار بە رێککەوتنی پێشوو بکرێت، دەبێ حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕی 120 ملیار دینار لە داهاتی نانەوتی بنێرێت، بەڵام ئێستا حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، داهاتی نانەوتی کەمی کردووە. جەمال کۆچەر گوتیشی: "ئەگەریش رێککەوتنی نوێ بکرێت، رەنگە عێراق لیژنەی وردبینی بنێرێت بۆ دەروازە سنوورییەکان و سەرچاوەکانی داهات لە هەرێمی کوردستان، بۆ ئەوەی قەبارەی داهاتەکە وەکو خۆی بزانێ." بە بڕوای جەمال کۆچەر، "ئێستا عەلی زەیدی، سەرنجی تەواوی لەسەر بودجەی گشتیی ساڵی داهاتووە، بۆیە ئەمە دەرفەتێکی باشە بۆ هەرێمی کوردستان، بۆ ئەوەی بەبێ گرفت لەم چەند مانگەی ساڵی 2026 دا بتوانێت مووچە لە بەغدا وەربگرێ." پێشتر حکومەتی هەرێمی کوردستان بە نووسراوی فەرمی داوای لە وەزارەتی دارایی فیدراڵ کردبوو کە ژمارەیەکی جێگیر بۆ داهاتی نانەوتی فەرز نەکرێت، بەڵکو مانگانە لەسەر بنەمای تەرازووی پێداچوونەوە (میزان مراجعە) نیوەی داهاتەکان رادەست بکرێت، بەڵام تاوەکو ئێستا بەغدا رەزامەندیی لەسەر ئەو داوایە نەداوە. سەرچاوەکەی وەزارەتی دارایی ئاماژەی بەوەش کرد، ئەگەر ئەمشەو بابەتەکە یەکلا بکرێتەوە، وەزارەتی دارایی عێراق رێکارەکانی ناردنی مووچەی مانگی 6ـی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەست پێ دەکات. هەفتەی رابردوو شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە وەزیری دارایی عێراقیان راگەیاندبوو، کە داهاتی نانەوتی کەمی کردووە و ناتوانن مانگانە 120 ملیار دینار بنێرن، بەڵام وەزارەتی دارایی عێراق جەختی لەوە کردبووەوە کە ئەوان مامەڵە لەگەڵ نووسراوی ئەنجوومەنی وەزیرانیان دەکەن و دەبێت مانگانە ئەو بڕە پارەیە بگات. ئەمە لە کاتێکدایە، کاتی خۆی کە هەردوولا لەسەر بڕی 120 ملیار دینارەکە رێک کەوتبوون، داهاتی نانەوتیی هەرێمی کوردستان مانگانە زیاتر لە 300 ملیار دینار بوو، بەڵام ئێستا ئەو داهاتە بە شێوەیەکی بەرچاو کەمی کردووە. رۆژی 23-06-2026 مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "گەڕاندنەوەی ئەو 120 ملیار دینارە بۆ حکومەتی فیدراڵی لەسەر هیچ بنەمایەکی یاسایی نییە. ئەوەی لە یاسا دا هاتووە ئەوەیە کە نیوەی داهاتە نانەوتییەکان بدرێتە حکومەتی فیدراڵی." 17ـی حوزەیرانی 2026، لیستی مووچەی مانگی حوزەیرانی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و راپۆرتی تەرازووی پێداچوونەوەی مانگی ئایار لەلایەن تیمی تەکنیکیی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستانەوە رادەستی فەرمانگەی ژمێریاریی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ کرا.