رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی لیژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق دەڵێ، تاوەکو ئێستا 12 پەرلەمانتار دەستگیرکراون؛ ئاماژە بەوەش دەکات، دەگوترێ نزیکەی یەک تریلیۆن دینار گەڕێنراوەتەوە.
رۆژی چوارشەممە، 1-7-2026، سیپان شێروانی، ئەندامی لیژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 12:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات، گوتی، گەندەڵی لە عێراقدا ریشەیەکی قووڵی داکوتاوە و زۆربەی جومگەکانی دەوڵەتی گرتووەتەوە؛ گوتیشی: "بەپێی زانیارییە نافەرمییەکان، باس لە گێڕانەوەی نزیکەی یەک تریلیۆن دینار دەکرێ."
ئەو پەرلەمانتارە گوتی، ئەو کەسانەی لە 20 ساڵی رابردوودا پارەی گشتییان دزیوە، لەنێو پەرلەمان، حکومەت و دەسەڵاتی دادوەریشدا بوون. سیپان شێروانی دەڵێ: "بە دەگمەن بەرپرس و سیاسی لە عێراقدا هەیە کە لە گەندەڵی تێوەنەگلابێت. هەرکەسێک بچووکترین دەسەڵاتی هەبووبێت، تێوەگلاوە."
سەبارەت بەو بەرپرسانەی دەستگیرکراون، سیپان شێروانی گوتی: "ئەو پەرلەمانتار و سیاسییانەی تاوەکو ئێستا گیراون، بە بۆچوونی من، حووت نین، بەڵکو ماسیی زۆر بچووکن. حووتی زۆر گەورەتر لەمان ماوە؛ "هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد کە "تاوەکو ئێستا هیچ کوردێک لەنێو دەستگیرکراوەکاندا نییە".
سیپان شێروانی باسی لەوە کرد کە دەبێت پەرلەمانی عێراق وەک باڵاترین دەسەڵاتی چاودێری، سەرپەرشتیی پرۆسەکە بکات بۆ ئەوەی لە چوارچێوەی یاسادا بەڕێوەبچێت و گوتی: "ئەو قسەیەی گوایە [سەرۆکوەزیران] گوتوویەتی پارەکە بگەڕێننەوە و ئازاد دەبن، نایاساییە و قابیلی قبووڵ نییە. ناکرێ کەسێک پارەیەکی زەبەلاح بدزێ و دواتر پێی بڵێیت پارەکە بدەرەوە و بڕۆ."
ئەو پەرلەمانتارە داوایکرد مامەڵەکردن لەگەڵ تۆمەتباران لە چوارچێوەی یاساکانی سزادانی عێراقی، رووبەڕووبوونەوەی سپیکردنەوەی پارە و دەستەی دەستپاکیدا بێت.
ئەو ئەندامەی لیژنەی نەوت و گاز هۆشداریی دا لەوەی پرۆسەکە بەلاڕێدا نەبرێت و گوتی: "نابێت پەرلەمان قبووڵی بکات و داواکارین لە بەڕێز زەیدی کە ئامانجی چاکسازی بێت و ئەم پرۆسەیە بۆ پاکتاوکردن و لێدان لە نەیاری سیاسی بەکارنەهێندرێت."
سیپان شێروانی رەخنەی لە بڵاوکردنەوەی وێنە و زانیاریی کەسیی تۆمەتباران گرت و گوتی: "بەپێی دەستوور، تۆمەتبار بێتاوانە تاوەکو لە دادگە تاوانەکەی بەسەردا ساخ دەبێتەوە. شکاندنی کەسایەتیی کارێکی زۆر خراپە."
سیپان شێروانی ئاماژەی بەوەدا کە گەورەترین گەندەڵی لە کەرتەکانی نەوت و داراییدایە و پرسیاری ئەوەی کرد کە ئایا دەسەڵاتی دادوەری و دەستەی دەستپاکی بەپێی پێویست "دەستپاکن" بۆ ئەنجامدانی ئەم ئەرکە، چونکە "ئەو کەسانەی تاوەکو ئێستا دەستگیرکراون، هێزی چەکداریان نییە، بەڵام ئەو گەندەڵانەی خاوەنی میلیشیا و گرووپی چەکدارن، چۆن دەستگیر دەکرێن؟"


