رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی کارەبای عێراق وەک یەکێک لەو وەزارەتانە ناوی دەهێندرێ کە گەندەڵی زۆری تێدا کراوە، لە کاتێکدا عێراق لەبەردەم وەرزی هاوینێکی تاقەتپڕوکێندایە و هەر لە ئێستاوە هۆشداری لە خراپیی دۆخی کارەبا لە وەرزی هاوین دەدرێ. سەرۆکی دەزگایەکی تایبەت بە لێکۆڵینەوە لەگەندەڵی دەڵێت، "ئەو پارەیەی لە عێراقدا بۆ کارەبا خەرج کراوە، 10 هێندەی ئەو پارەیەیە کە عێراق پێویستییەتی بۆ ئەوەی کارەبای تەواوی هەبێت."
ئەحمەد موسا عەبادی، کە دوای دەستبەکاربوونی کابینەی نوێی حکومەتی عێراق دەستی لە پۆستی گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق کێشایەوە، رۆژی چوارشەممە 1ی تەمموزی 2026، لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی میدیایی رووداو، پێشبینیی هاوینێکی سەخت و دژواری کرد و گوتی، "بەرهەمی ئێستای کارەبا نزیکەی 22 هەزار مێگاواتە، لەکاتێکدا عێراق بۆ هاوین پێویستی بە 62 هەزار مێگاوات کارەبایە، بەم شێوەیە نزیکەی 40 هەزار مێگاوات کورتهێنانی کارەبای دەبێت."
کاژێرەکانی کارەبا لە پارێزگایەکەوە بۆ پارێزگایەکی دیکە، تەنانەت لەنێو یەک پارێزگایش دەگۆڕدرێ. ئێستا لە پارێزگاکانی بەغدا، نەجەف، کەربەلا، موسەننا و دیوانییە، 8 بۆ 10 کاژێر کارەبای نیشتمانی هەیە، تەنیا بەسرە نەبێت کە 16 بۆ 18 کاژێر کارەبای نیشتمانی پێ دەدرێت. ئەوی دیکە لە رێگەی مۆلیدە تایبەتەکانەوە دابین دەکرێت.
پارەی زۆر تەرخان دەکرێ و کێشەکە چارەسەر ناکرێ
محەممەد روبەیعی، سەرۆکی (دەزگای نەهرەین بۆ پاڵپشتیی دەستپاکی) لە عێراق، رۆژی چوارشەممە، 1ی تەمموزی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "کەرتی وزە زۆرترین گەندەڵی و دزیی تێدا دەکرێ و بەراورد بەو پارەیەی بۆی تەرخان کراوە، خزمەتگوزارییەکی ئەوتۆ پێشکێش ناکات. گرفتی کارەبا تاوەکو ئێستا لە عێراق بەردەوامە و کارەبای پێویست نادرێتە هاووڵاتی، بەتایبەتی لە وەرزی هاویندا."
سەرۆکی (دەزگای نەهرەین بۆ پاڵپشتیی دەستپاکی) لە عێراق دەڵێ، "وەزارەتی کارەبا فەرمانبەری زۆری هەیە، بێ ئەوەی هیچ شتێک پێشکێش بکەن. گەندەڵیی زۆر لە گرێبەستەکان، کۆکردنەوەی پارەی کارەبا و پڕۆژەکانی وەزارەتەکەدا هەیە. نەبوونی کارەباش کاریگەری لەسەر کەرتەکانی دیکە و ئابووریی عێراق دروست کردووە."
بە گوتەی محەممەد روبەیعی، "ئەو پارەیەی بۆ کارەبا خەرج کراوە، 10 بەرامبەر زیاترە لەو بڕە پارەیەی عێراق پێویستییەتی بۆ ئەوەی کارەبای تەواوی هەبێت. پارەیەکی زۆر خەرج دەکرێ، بێ ئەوەی سوودی هەبێت و هیچ خزمەتێک پێشکێش بکرێ."
لە یاسای بودجەی سێ ساڵەی عێراق 2023،2024 و 2025 ساڵانە 14 تریلیۆن و 455 ملیار و 731 هەزار و 648 دینار بۆ کارەبا تەرخانکرا.
شێوازەکانی گەندەڵی لە وەزارەتی کارەبا
هەر لەو بارەیەوە جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ رۆژی چوارشەممە، 1ی تەمموزی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "گەندەڵییەکانی نێو وەزارەتی کارەبای عێراق ئابڕووچوونی زۆر گەورەی تێدایە و بە جۆرەها شێواز گەندەڵی تێدا دەکرێ."
جەمال کۆچەر باسی دیارترین گەندەڵییەکانی وەزارەتەکەی کرد، لەوانە گرێبەستەکان، نۆژەنکردنەوە، گواستنەوە، دابەشکردنی کارەبا، کۆکردنەوەی پارە و کڕینی سووتەمەنی و گوتی، "تەنیا بۆ سووتەمەنی ساڵانە بایی 16 تریلیۆن دینار گازی ئێران کڕدراوە. هەروەها وەزارەتەکە پارەیەکی زۆری وەزارەتی نەوت قەرزدارە بۆ ئەو سووتەمەنییەی لەو وەزارەتەی کڕیوە بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا."
مانگی ئابی 2025، لوئەی خەتیب، وەزیری کارەبای عێراق لە سەردەمی حکومەتەکەی عادل عەبدولمەهدی رایگەیاند، "ساڵانە ئەو پارەیەی بۆ کارەبا تەرخان دەکرێ، دەگاتە نزیکەی 20 ملیار دۆلار کە بەگەڕخستن، وەبەرهێنان و سووتەمەنیی پێویست بۆ بەگەڕخستنی وێستگەکانی کارەبا دەگرێتەوە. قەبارەی گەندەڵی لەو بڕە پارەیە دەگاتە 40% بۆ 50%، واتە ساڵانە دەگاتە نزیکەی 10 ملیار دۆلار."
تۆمەتەکان لە دیارنەمانی بگۆڕەوە بۆ فێڵکردن لە پێوەرەکان
بەرپرسانی عێراق دەڵێن، هەوڵ دەدەن هەر گەندەڵییەک لە وەزارەتەکە هەبێ، نەیهڵێن. لەو چوارچێوەیەشدا عەلا سەمیر راشد جبووری، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای دابەشکردنی کارەبای نێوەڕاست کە خەڵکی قەزای فەللوجەیە لە پارێزگای ئەنبار، رۆژی 20ی حوزەیرانی 2024 لە ناوچەی داودی لە گەڕەکی مەنسوور لە رۆژئاوای شاری بەغدا لەلایەن هێزەکانی بەرپەرچدانەوەی خێراوە بە تۆمەتی گەندەڵی دەستگیرکرا و تەنیا لە باخەکەی لە رۆژهەڵاتی فەللوجە، دەست بەسەر نزیکەی 76 ملیار دیناردا گیرا. هەروەها هەردوو جێگرەکەی بەناوەکانی عەلا عەبدولحوسێن و تاریق ئیبراهیم خەلەف لە پۆستەکانیان دوورخرانەوە.
بەپێی فەرمانێکی وەزاری کە واژۆی عومەر سەلیم ساڵح، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی کارگێڕیی لە وەزارەتی کارەبای عێراقی لەسەرە و رۆژی 28ی حوزەیران دەرچووە، وەزارەتی کارەبا دوای بەدواداچوونی لیژنەیەکی وردبینیی باڵا، بڕیاری دا بە دوورخستنەوەی چەندین بەڕێوەبەری باڵا لە بەسرە.
محەممەد بەتات، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای بەسرە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لەکارلادانی ئەو بەرپرسانە پەیوەندی بە دۆسیەی گەندەڵییەوە هەیە و بەڵگەی پێویست لەبەردەستە." گوتیشی، "ئێمە چەندین جار لە ئەنجوومەن بانگهێشتی ئەو بەرپرسانەی کەرتی کارەبامان کردووە و لێپرسینەوەمان لە کەمتەرخەمییەکانیان کردووە."
بەپێی بەڵگەنامەکان، بڕیاری لەکارلادانەکە هەریەکە لە یاسین عەبدولواحید یاسین، بەڕێوەبەری دابەشکردنی کارەبای بەسرە و جێگرەکەی، هەروەها مازن مەزڵوم محەممەد، بەڕێوەبەری دابەشکردنی کارەبای باکووری بەسرە و جێگرەکەی گرتووەتەوە. جگە لەوان، 15 بەرپرسی دیکەی بەشەکانی فرۆشتن، وردبینی، ژمێریاری، کۆگەکان و بەشی یاسایی لەکار لادراون.
ئەو بەڵگەنامانەی وەزارەتی کارەبا کە دەست رووداو کەوتوون، باس لە زنجیرەیەک سەرپێچی دەکەن کە بوونەتە هۆی بەفیڕۆدانی سامانی دەوڵەت، لەوانە:
- تۆمەتبارکردنی بەرپرسان بە هاوکاری و رێککەوتن لەگەڵ خاوەن پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون و نەخۆشخانە تایبەتەکان بۆ دەستکاریکردنی پێوەرەکانی کارەبا تاوەکو پارەی کەمتر بدەن.
- دەستنیشانکردنی کورتهێنان لە کۆگەکان، لەوانە ونبوونی دوو بگۆڕی گەورە (400 کەی ڤی) لە کۆگەکانی باکووری بەسرە.
- بەرپرسانی بەشی یاسایی تۆمەتبار کراون بەوەی سکاڵایان لەسەر ئەو کەسانە تۆمارنەکردووە کە زێدەڕۆییان کردووەتە سەر تۆڕی نیشتمانی.
- تۆمارکردنی وەرگرتنی پارەی کارەبا لە هاووڵاتییان، بێ ئەوەی دەسەڵاتی یاساییان هەبێت یان پارەکە بۆ دەوڵەت بگەڕێننەوە.
وەزارەتی کارەبا بڕیاری داوە کە سەرجەم ئەو بەرپرسانە رەوانەی دەستەی دەستپاکیی فیدراڵی بکات بۆ ئەوەی رێکاری یاساییان بەرامبەر بگیرێتەبەر؛ هەروەها فەرمانی کردووە بە پێکهێنانی لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە بە سەرۆکایەتیی فەرمانگەی ئابووری بۆ هەڵسەنگاندنی قەبارەی ئەو زیانە داراییانەی کە بەهۆی ئەو سەرپێچییانەوە بەر کەرتی کارەبا لە باشووری عێراق کەوتووە.



