رووداو دیجیتاڵ
ژمارەی ئەو بەرپرس و پەرلەمانتارانەی لە هەڵمەتی بەرەبەیاندا دەستگیرکراون، گەیشتە 21 کەس لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراق، تاوەکو ئێستاش لە نێو ماڵی ئەو تۆمەتبارانە دەست بەسەر زیاتر لە 22 ملیۆن دۆلار و 124 ملیار دینار و چەندین بەڵگەنامەی خانووبەرە و ئۆتۆمبێلدا گیراون.
"هەڵمەتی بەرەبەیان" بۆ رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی لە عێراق بەرەبەیانی رۆژی 28-6-2026 لە بەغدا و پارێزگاکانی دیکەی عێراق دەستیپێکرد و تاوەکو ئێستا بەردەوامە.
هەڵمەتەکە کە بە سەرپەرشتی راستەوخۆی فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری و عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، هەشت پارێزگای گرتەوە. گوتەبێژی حکومەتی عێراق رۆژی دووشەممە رایگەیاند، تاوەکو ئێستا 21 کەس دەستگیرکراون.
لەنێو دەستگیرکراوەکاندا 13 پەرلەمانتاری ئەم خولە و یەک پەرلەمانتاری خولی پێشوو، دوو بریکاری وەزیری نەوتی عێراق، چەند بەرپرسێکی دیکە هەن.
شاخەوان عەبدوڵڵا، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی بە رووداوی رایگەیاند، پارێزبەندی لەسەر 10 پەرلەمانتاری دیکەش هەڵگیراوە و تاوەکو ئێستا دەستگیر نەکراون.
بەشی زۆری ئەو پەرلەمانتار و بەرپرسانە لە ناوچەی سەوزی بەغدا دەستگیرکران، سێ لە پەرلەمانتارەکانیش لە هەولێر و ئەوانی دیکە لە زیقار، بابل، سەلاحەدین، واست، نەینەوا و ئەنبار دەستگیرکران.
بە گوێرەی ئەو ئامارانەی لەلایەن ئەنجوومەنی باڵای دادوەری، دادگاکان و دەستەی دەستپاکی و بڵاوکراونەتەوە و ئەو ئامارانەی رووداو لە سەرچاوەی جیاوازەوە دەستی کەوتووە، تاوەکو ئێستا دەست بەسەر زیاتر لە 22 ملیۆن دۆلار و 124 ملیار دیناردا گیراوە.
ئەوەی تاوەکو ئێستا بە فەرمی بڵاوکراوەتەوە، سامانی هەردوو بریکارەکەی وەزارەتی نەوتی عێراقن.
سامانی دەستبەسەرداگیراوی عەدنان جومەیلی، بریکاری پێشووی وەزیری نەوت بۆ کاروباری پاڵاوتن کە کلیلی دەستپێکی (هەڵمەتی بەرەبەیان) بوو، 98 ملیار دینار، 11 ملیۆن دۆلار، 70 خانووبەرە، 21 ئۆتۆمبێل و سێ کیلۆ زێڕ بووە.
هەرچی عەلی مەعارج بەهادلییە، کە بریکاری وەزیری نەوت بۆ کاروباری دابەشکردنە، بڕی پارە دەستبەسەرداگیراوەکەی 11 ملیۆن دۆلار و چوار ملیار دینار بووە، لەگەڵ ژمارەیەک بەڵگەنامەی خانووبەرە و چەند کاتژمێرێکی گرانبەهای دەستی.
لە ماڵی پەرلەمانتارێک دەست بە سەر 13 ملیار دیناردا گیراوە
بەگوێرەی بەدواداچوونەکانی رووداو، بوشرا قەیسی، ئەندامى پەرلەمانى عێراق لە فراکسیۆنى ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان، کە یەکێکە لە دەستگیرکراوەکان لە نێو ماڵەکەیدا دەست بەسەر 13 ملیار دیناردا گیراوە.
بە گوێرەی زانیارییەکان ئەو پەرلەمانتارە، ئەو پارەیەی لە رێگەی وەرگرتنی پرۆژەی وەهمی وەرگرتووە. هەروەها بەوە تۆمەتبار کراوە کە 9 ملیار دیناری لە عەدنان جومەیلی وەرگرتووە.
بوشرا قەیسی، کە نوێنەری پارێزگای سەلاحەددینە، لە دوایین هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا 6023 دەنگی بەدەستهێناوە.
دوو پەرلەمانتار پارەیان لە جومەیلی وەرگرتووە
جگە لە بوشرا قەیسی دوو پەرلەمانتاری دیکەش لە سنووری پارێزگای سەلاحەددین دەستگیرکراون، ئەوانیش هیند عەباسی، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان، کە بەوە تۆمەتبار کراوە پرۆژەی لە کەرتی پاڵاوگە وەرگرتووە.
هەروەها ئەشواق جبووری، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی هاوپەیمانیی عەزم، بەوە تۆمەتبار کراوە 9 ملیار دیناری لە عەدنان جومەیلی وەرگرتووە.


.jpg&w=3840&q=75)
