رووداو دیجیتاڵ
هاوپەیمانیی عەزم رایدەگەیێنێت، بە وردی بەدواداچوون بۆ ئەو رێکارە یاساییانە دەکەن کە بەرامبەر موسەننا سامەڕایی، سەرۆکی هاوپەیمانییەکە و ژمارەیەک لە پەرلەمانتار و سەرکردەکانیان گیراونەتە بەر. هاوپەیمانییەکە جەخت دەکاتەوە کە دەبێ ئەم دۆسیە لە چوارچێوەی گەرەنتییە دەستوورییەکاندا بێت بۆ پاراستنی مافی هەموو لایەک.
لە راگەیێندراوێکدا کە ئەمڕۆ یەکشەممە بڵاویکردەوە، هاوپەیمانیی عەزم دووپاتی کردەوە کە رێزی تەواویان بۆ سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەریی عێراق هەیە و متمانەیان بە دامەزراوەکان هەیە.
هاوپەیمانییەکە دەڵێت: ئامادەی هاوئاهەنگیی تەواون لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان لە چوارچێوەی یاسا بەرکارەکاندا تاوەکو راستییەکان وەک خۆیان ئاشکرا ببن.
هاوپەیمانیی عەزم داوای لە هێزە سیاسییەکان، میدیا و رای گشتی کرد کە خۆیان لە پێشبینیکردنی بڕیارەکان و بەکارهێنانی رێکارە یاساییەکان بۆ ململانێی سیاسی و میدیایی بەدوور بگرن. "بنەما دەستوورییەکان گەرەنتیی بێتاوانی و دادگاییکردنی دادپەروەرانە دەکەن، ئەمەش شکۆی دەوڵەت و متمانەی هاووڵاتییان دەپارێزێت."
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "موسەننا سامەڕایی لە تەواوی مێژووی سیاسیی خۆیدا بە هەڵوێستە نیشتمانییە میانڕەوەکانی ناسراوە و هەمیشە هەوڵیداوە لێکتێگەیشتن و هاوبەشی لە نێوان پێکهاتەکانی عێراقدا بەهێز بکات".
عەزم ئاماژەی بەوەش کرد، موسەننا سامەڕایی دژی گوتاری تووند و تائیفی وەستاوەتەوە و هاوپەیمانییەکەیان هەمیشە پاڵپشتیی سەقامگیریی سیاسیی عێراقی کردووە.
چی روویدا؟
ئەمڕۆ یەکشەممە، هێزە ئەمنییەکانی عێراق بە فەرمانی سەرۆکوەزیران هەڵمەتێکی تووند و کتوپڕیان لە دژی گەندەڵی دەستپێکرد، کە بە گەورەترین ئۆپەراسیۆنی لەو شێوەیە لە مێژووی نوێی وڵاتەکەدا دادەنرێت. هێزەکانی دژەتیرۆر (CTS) بە تەواوی ناوچەی سەوزی بەغدایان گەمارۆدا و سەرجەم دەروازەکانیان داخست، پێش ئەوەی دەستبکەن بە جێبەجێکردنی فەرمانی دەستگیرکردن بۆ دەیان بەرپرسی باڵا و کەسایەتی سیاسی کاریگەر کە تۆمەتبارن بە بەهەدەردانی سامانی گشتی.
لە قۆناخی یەکەمی ئەم ئۆپەراسیۆنەدا لانی کەم 47 کەسایەتی دیار دەستگیرکران کە لە نێوانیاندا پەرلەمانتار، سەرۆکی کوتلە سیاسییەکان و بازرگانی گەورە هەن. بەپێی سەرچاوە ناوخۆییەکان، پارێزبەندیی یاسایی لەسەر چەندین پەرلەمانتار وەک موسەننا سامەڕایی، عالیە نوسەیف و حەسەن خەفاجی لادراوە و رەوانەی لێکۆڵینەوە کراون. ئەم هەڵمەتە بەرفراوانە دوای ئەوە هات کە عەدنان جومەیلی، بریکاری پێشووی وەزارەتی نەوت کە مانگی رابردوو دەستگیرکرابوو، دانپێدانانی مەترسیداری لەسەر تۆڕێکی گەورەی گەندەڵی ئاشکرا کرد.
حکومەتی عێراق جەختی کردووەتەوە کە ئەم رێکارانە تەنیا سەرەتای قۆناخی یەکەمە و "لێپێچینەوە لە گەندەڵکاران لە سەرجەم دامەزراوەکانی دەوڵەتدا بێ جیاوازی و بە تووندی بەردەوام دەبێت".



