رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانتارێکی خولی پێنجەمی عێراق دەڵێ: بەشێک لەو بەرپرسانەی بە تۆمەتی گەندەڵی فەرمانی دەستگیرکردنیان بۆ دەرچووە، لەکاتی دەستگیرکردنیاندا سەرخۆش بوون.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 28ی حوزەیران، ئەمیر کامیل مەعمووری، پەرلەمانتاری خولی پێنجەمی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "هەندێک لەوانەی بە تۆمەتی گەندەڵی لەلایەن هێزە ئەمنیەکانەوە دەستگیرکراون، لەسەر مێزی مەی خواردنەوە بوون و بە سەرخۆشی دەستگیرکراون."
ئەمیر مەعمووری گوتی: "ناوی ئەو کەسانەم لایە، بەڵام لەبەر ماڵباتەکانیان ئاشکرای ناکەم، زۆربەیان بەڕێوەبەری گشتی و بریکاری وەزارەتەکان بوون."
ئەم هەڵمەتە لەکاتێکدایە کە پەرلەمانی عێراق لە پشوودایە، ئەمیر مەعمووری گوتی: "فەرمانی دەستگیرکردنەکان ئێستا دەرکراون و پەرلەمان لە پشوودایە، بەڵام سەرۆکی پەرلەمان خۆی پارێزبەندی لەسەر ئەو پەرلەمانتارانە لاداوە کە فەرمانی دەستگیرکردنیان بۆ دەرچووە."
گوتیشی: "لەماڵی هەندێکیان دەست بەسەر بڕێکی زۆر زێڕ و خشڵی گرانبەها و ملیاران دیناردا گیراوە."
بەگوێرەی بڕگەی سێیەم لە پەیڕەوی نێوخۆی پەرلەمانی عێراق، کاتێک پەرلەمان لە پشوودا بێت، هەر پەرلەمانتارێک تۆمەتبار کرابێت بە تاوانێک کە سزاکەی لە پێنج ساڵ کەمتر نەبێت، سەرۆکی پەرلەمان دەسەڵاتی ئەوەی هەیە پارێزبەندی لەسەر ئەو پەرلەمانتارە هەڵبگرێت.



