رووداو دیجیتاڵ
چاوەڕوان دەکرێ ئەمڕۆ یەکشەممە، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کۆببێتەوە و تاوتوێکردنی ئۆپەراسیۆنە ئەمنییەکانی بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە مژارە سەرەکییەکانی دەبێت.
سەرچاوەیەک لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، ئەمڕۆ یەکشەممە 28ی حوزەیرانی 2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بڕیارە کاژێر 08:00ی ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کۆببێتەوە و یەکێک لە مژارە سەرەکییەکانی تاوتوێکردنی ئۆپەراسیۆنە ئەمنییەکەی بەرەبەیانی ئەمڕۆ دەبێت.
ئەو سەرچاوەیە گوتی، چاوەڕوان دەکرێ لە کۆبوونەوەکەدا عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق روونکردنەوە بدات.
سەرچاوەکە، کە لە ناوچەی سەوزی شاری بەغداوە قسەی بۆ رووداو کرد، گوتی، "تاوەکو ئێستا هێزێکی زۆری ئەمنی لە ناوچەی سەوزن و چەندین کەسیان دەستگیرکردووە کە ژمارەیەک پەرلەمانتاریان تێدایە."
بەرەبەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە، 28-06-2026، هێزێکی هاوبەشی دژەتیرۆر، سوپای عێراق و دەستەی دەستپاکیی و هێزە ئەمنیەکانی دیکە، ئۆپەراسیۆنێکی فراوانیان لەنێو ناوچەی سەوز، چەند ناوچەیەکی بەغدا و پارێزگاکانی دیکە بەڕێوەبرد.
ئۆپەراسیۆنەکە پەیوەست بووە بە دۆسیەی ''عەدنان جومەیلی''، بریکاری پێشووی وەزیری نەوتی عێراق.
بەشێک لە سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن، تاوەکو ئێستا نزیکەی 20 بەرپرس دەستگیرکراون، کە لەنێویاندا پەرلەمانتار، وەزیرانی پێشوو، بەرپرسانی حکومی، راوێژکار، بەرپرسانی ئەمنی و پیاوانی کار هەن. هەرچەندە تاوەکو ئێستا ئەنجوومەنی باڵای دادوەری و حکومەتی عێراق بە فەرمی هیچ ناوێکیان پشتڕاست نەکردووەتەوە و روونکردنەوەیان نەداوە.
پێشتر شێروان دووبەردانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاندبوو، لە لێکۆڵینەوەکاندا عەدنان جومەیلی ناوی 128 بەرپرسی داوە.



