رووداو دیجیتاڵ
پارێزگاری نەجەف رایدەگەیێنێت، کەرتی کشتوکاڵ لە پارێزگاکە لە گەشەسەندندایە و 80%ی زەوییەکان کراون بە مەرەزە (برنج). ئاشکراشی دەکات کە "هاوئاهەنگییەکی باڵا"یان لەگەڵ پارێزگای هەولێر هەیە و لیژنەیەکی هاوبەش بۆ پەرەپێدانی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەنێوان هەردوو پارێزگاکە پێکهێندراوە.
ئەمڕۆ شەممە 27ی حوزەیرانی 2026 یوسف کیناوی، پارێزگاری نەجەف سەبارەت بە وەرزی چاندنی برنج لە پارێزگاکەیان، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "80%ی رووبەری گشتیی زەوییە کشتوکاڵییەکانی پارێزگاکە کراون بە مەرەزە و نەجەف وەک یەکێک لە ناوەندە سەرەکییەکانی بەرهەمهێنانی برنج لە عێراقدا دەمێنێتەوە."
پارێزگای نەجەف بە سەرچاوەی سەرەکیی بەرهەمهێنانی باشترین جۆری برنج لە عێراقدا دادەنرێت کە ئەویش برنجی (عەنبەر)ـە. لە ساڵانی 2023 و 2024 بەهۆی وشکەساڵی و کەمبوونەوەی ئاستی ئاوی فورات، وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکان چاندنی برنجی لە نەجەف و دیوانییە قەدەخە کردبوو.
یوسف کیناوی ئاماژەی بە سەردانی ئەم دواییەی بۆ هەولێر و پەیوەندییە بازرگانییەکان کرد و گوتی، "لیژنەیەکی هاوبەشمان بۆ بەهێزکردنی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە نێوان نەجەف و هەولێر پێکهێناوە و لیژنەکە دەستی بە کارەکانی کردووە."
گوتیشی، "ئێستا ژمارەیەک لە کۆمپانیاکانی هەرێمی کوردستان لە نەجەف کار دەکەن و هەلی کار و وەبەرهێنانی زۆر لە بوارە جیاوازەکاندا بۆیان رەخساوە."
فڕۆکەخانەی نەجەف کە دەروازەی سەرەکیی ملیۆنان سەردانیکاری ئایینییە، لە ساڵانی رابردوودا ململانێیەکی تووند لە نێوان حکومەتی خۆجێی و بەغدا لەسەر داهات و بەڕێوەبردنی هەبوو، تەنانەت چەندین جار بەهۆی نەبوونی مۆڵەتی فەرمیی کارکردن و "ستانداردی نێودەوڵەتی" هەڕەشەی داخستنی لێکرابوو. پارێزگاری نەجەف گوتی، "فڕۆکەخانەی نەجەف مۆڵەتی فەرمیی لە دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی مەدەنی وەرگرتووە. ئێستا هەموو کارەکانی رێکخراون و گەشتەکان بە شێوەیەکی ئاسایی بەردەوامن."
لەبارەی قەیرانی نیشتەجێبوون، پارێزگاری نەجەف ئاماژەی بەوە کرد کە پڕۆژەی (شاری نەجەفی نوێ) لەسەر رووبەری 38,000 دۆنم زەوی جێبەجێ دەکرێت؛ "بەشێکی زۆری ئەم یەکانە بە خۆڕایی دەدرێنە چینە هەژارەکان و بەشێکی دیکەشی بۆ وەبەرهێنانە. نرخەکان بەجۆرێک دەبن کە هاونیشتمانیانی خاوەن داهاتی سنووردار بتوانن سوودی لێ ببینن."
سەبارەت بە رێوڕەسمی عاشوورای ئەم ساڵیش، یوسف کیناوی رایگەیاند، "پلانی ئەمنی و خزمەتگوزاریی عاشوورا بە سەرکەوتووییەکی گەورە کۆتایی هات. هیچ رووداوێکی نەخوازراو تۆمار نەکرا و هاوئاهەنگیی تەواو لە نێوان پارێزگا و عەتەبە پیرۆزەکاندا هەبوو."



