رووداو دیجیتاڵ
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، بە سەرۆکایەتیی شاندێک گەیشتە بەغدای پایتەختی عێراق.
وەزارەتی دەرەوەی ئێران، لەبارەی کرۆکی سەردانەکەوە رایگەیاند: " گفتوگۆ و راوێژ لەبارەی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان، دوایین پەرەسەندنە ناوچەییەکان و بابەتە نێودەوڵەتییەکان دەکات."
رۆژی یەکشەممە، 28ـی حوزەیرانی 2026، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دەرەوەی عێراق بە رووداوی راگەیاند، کاژێر 09:00ی بەیانی هەردوو وەزیرانی دەرەوە (عەباس عێراقچی و فوئاد حوسێن) کۆبوونەوەیەک دەکەن و دواتریش لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانی دا وردەکاریی گفتوگۆکانیان دەخەنەڕوو.
سەبارەت بە ئەجێندای سەردانەکە و تەوەری کۆبوونەوەکان، سەرچاوەکەی وەزارەتی دەرەوەی عێراق بە رووداوی گوت: "کۆبوونەوەکان زیاتر جەخت لەسەر پەرەپێدانی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان بەغدا و تاران، دۆسیەی ئەمنی و سنوورەکان، و هەروەها دوایین پێشهاتە سیاسی و ئەمنییەکانی ناوچەکە دەکەنەوە."
هەر لە چوارچێوەی سەردانەکەیدا بۆ بەغدا، چاوەڕوان دەکرێت وەزیری دەرەوەی ئێران جیا لە هاوتا عێراقییەکەی، لەگەڵ هەریەک لە سەرۆکوەزیران و سەرۆککۆماری عێراق و چەند سەرکردەیەکی سیاسیی دیکەی عێراق کۆببێتەوە.


