رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانتارێکی کورد لە بەغدا داواکارییەکی پێشکێش بە سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق کرد، بە مەبەستی وەرگرتنی کۆپییەکی نووسراوەکانی دۆسیەی ئەنفال بۆ ئەوەی لە زانکۆ و ناوەندە ئەکادیمییەکان وەک سەرچاوە سوودی لێ وەربگیرێ.
مازن غەریب، ئەندامی پەرلەمانی عێراق رۆژی سێشەممە، 23ی حوزەیرانی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەمڕۆ لە بەغدا سەردانی دادوەر فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراقی کردووە و "بە نووسراوێکی فەرمی داوام کرد کۆپییەکی نووسراوەکانی دۆسیەی ئەنفالم پێ بدات."
مازن غەریب کە نوێنەری پارێزگای کەرکووکە، گوتی: "سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق بەڵێنی دا سەرجەم دادگە پەیوەندیدارەکان ئاگادار بکاتەوە بۆ ئەوەی هەرچی پەیوەندی بە دۆسیەی ئەنفالەوە هەبێت بۆی دابین بکەن و بۆ ئەو کارەش نووسینگەکەی خۆی راسپارد کە رێکاری پێویست بگرێتەبەر."
ئەو پەرلەمانتارە داوای کردووە نووسراوەکانی دۆسیەکە بە شێوەی کاخەز یان ئەلیکترۆنی بن و ئەم زانیارییانە لەخۆ بگرێ: بڕیاری کۆتایی دادگە لە کەیسەکەدا، بەڵگەنامە و دەستنووسە فەرمییە پارێزراوەکان، گوتەی شایەتحاڵەکان کە لە دانیشتنەکانی دادگادا تۆمار کراون.
مازن غەریب ئاماژەی بەوە کرد تاوەکو ئێستا ئەو دۆسیەیە لە هیچ کۆلێژ و زانکۆیەکی هەرێمی کوردستان و عێراقدا نییە و گوتیشی: "دەمانەوێ نەوەکانمان بتوانن سوودی لێ وەربگرن و زانیاری لەسەر کۆبکەنەوە و بزانن کە ئەنفال چییە و چی بەسەر گەلەکەماندا هاتووە."
ئەو پەرلەمانتارە گوتی، لە ئەگەری وەرگرتنی نووسراوەکان، کار دەکەن بۆ ئەوەی بیکەنە دۆسیەیەکی پوخت و ئامادەکراو تاوەکو خوێندکاران و نەوەکانی داهاتوو لە ناوەندە ئەکادیمییەکاندا وەک سەرچاوەیەکی مێژوویی و دادوەریی سوودی لێ ببینن.
12ی شوباتی 1988 شاڵاوی ئەنفال لەلایەن رژێمی بەعس بە سەرۆکایەتی سەدام حوسێن دژی کورد دەستیپێکرد. لە ئەنجامدا و لە هەشت قۆناخدا زیاتر لە 182 هەزار کورد کۆمەڵکوژ و بێسەروشوێنکران. هەموو ساڵێکیش لە 14-4 یادی ئەو شاڵاوە لە باشووری کوردستان دەکرێتەوە و چەندین رێوڕەسم بۆ ئەو مەبەستە بەڕێوەدەچن.



