رووداو دیجیتاڵ
ژمارەی دەنگدەرانی عێراق و هەرێمى کوردستان گەیشتە 30.3 ملیۆن کەس و لەو ژمارەیە 21.4 ملیۆنیان کارتی بایۆمەترییان دەرهێناوە کە دەتوانن دەنگ بدەن، پارێزگای دهۆک بە دووەمی عێراق و یەکەمی سەر ئاستی هەرێمی کوردستان دادەنرێت لە ژمارەی ئەو کەسانەى تۆماری نوێی بایۆمەترییان کردووە.
بەگوێرەی نوێترین ئاماری کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، تاوەکو ئەمڕۆ سێشەممە 23ی حوزەیرانی 2026، ژمارەی ئەو کەسانەی لە عێراق و هەرێمی کوردستان مافی دەنگدانیان هەیە، گەیشتووەتە 30 ملیۆن و 379 هەزار و 247 کەس. لەو ژمارەیە،
ئەوانەی مامەڵەی تۆماری بایۆمەترییان ئەنجامداوە و دەتوانن دەنگ بدەن 21 ملیۆن و 417 هەزار و 523 کەسن؛ بەوپێیە 29.5%ی ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەیە، کارتی بایۆمەترییان دەرنەهێناوە.
44 هەزار و 667 دەنگدەر لە دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە ساڵی 2025 مامەڵەی دەرهێنانی کارتی بایۆمەترییان ئەنجامداوە.
جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەو کەسانەی کە تۆماری بایۆمەترییان لەو ماوەیەدا ئەنجامداوە، ئەوانەن کە لە ساڵی 2008 لەدایکبوون و یەکەمجارە دەنگ دەدەن، لەگەڵ ئەو کەسانەی لەدایکبووی ساڵانی پێشترن و مامەڵەی کارتی بایۆمەترییان نەکردووە."
بەگوێرەی ئامارەکە، تێکڕای دەنگدەرانی لەدایکبووی ساڵی 2008 گەیشتوونەتە یەک ملیۆن و 120 هەزار و 574 کەس.
پارێزگای دهۆک لەسەر ئاستی عێراق دووەم و لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان یەکەمە لە ژمارەی ئەو دەنگدەرانەی یەکەمجارە مامەڵەی بایۆمەتری دەکەن، کە شەش هەزار و 536 کەس بوون.
جومانە غەلای رایگەیاند کە نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران بەردەوام دەبێت و کاتێکی دیاریکراوی نییە، بەڵام گواستنەوەی ناوەندی دەنگدانی دەنگدەران لەگەڵ هەڵبژاردنی داهاتوودا دەکرێنەوە.




