رووداو دیجتاڵ
ئایشەگوڵ دۆغان، گوتەبێژی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) وەڵامی پرسیارەکانی تۆڕی میدیایی رووداوی لەبارەی هەندێ مژاری تایبەت بە تورکیا دایەوە.
لەکاتێکدا ئێستا زۆرترین قسە و باسی سیاسیی ئەنقەرە، پرۆسەی چارەسەرییە و بڕگەی سەرەکیی پرۆسەکەش دەرکردنی یاسای تایبەت بە گەریلاکانی پەکەکەیە، ئایشەگوڵ دۆغان گوتی: "تاوەکو ئێستا پرۆژەیاسا نەگەیشتووەتە پەرلەمان. تەواوی لایەنەکانیش دەڵێن نەگەیشتووە. هەروەها نەگەیشتووەتە پارتەکەی ئێمەش. هەرکە گەیشت، گفتوگۆی لەسەر دەکرێ".
بابەتیکی دیکە پێگەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکەیە. گوتەبێژی دەم پارتی لەمبارەیەوە گوتی: "رێزدار ئۆجەلان دوو ساڵە لە دۆخێکی زۆر سەختدا پرۆسەکە بەڕێوەدەبات. ئەو تەنیا لەڕێی دیداری چوار پێنج کاژێری و لەڕێی شاندێکەوە ئەم کارە دەکات. ئەمە شتێکی ئاسایی نییە، واتە بەمجۆرە زۆر سەخت دەبێ. ئێمە دەمانەوێ ئەم سەختییە نەمێنێت".
هەر لەبارەی ئەو یاسایەی بریارە لە پەرلەمان دەربچێت، ئایشەگوڵ دۆغان بە رووداوی گوت: "ئێمە دەڵێین، با ئەو یاسایەی دەردەچێ، سنووردار نەبێت، بەڵکو هەمووان بتوانن بگەڕێنەوە. بەگوێرەی ئەوەی ئێمە ئاگادارین، ئەو هەنگاوانە پێ بە پێ بەرەو چارەسەرکردنی پرسی کورد دەڕۆن. ئێمە ئەم رەهەندە یاساییە زۆر بە بەهادار دەبینین".
دەقی هەڤپەیڤینەکە
رووداو: ئایا پرۆژەیاسای تایبەت بە پرۆسەی چارەسەری گەیشتە پەرلەمان؟
ئایشەگوڵ دۆغان: نەخێر، نەگەیشتووەتە پەرلەمان، تەواوی لایەنەکانیش دەڵێن کە نەگەیشتووە؛ نەگەیشتووەتە پارتەکەی ئێمەش. هەرکە گەیشت، لەسەر ئەوەی نووسراوە گفتوگۆ دەکرێ.
رووداو: کەواتە نووسینەکە تەواونەکراوە و ئێوەش رەشنووسەکەتان هێشتا نەبینیوە. راستە؟
ئایشەگوڵ دۆغان: نەخێر، هەتا ئێستا ئێمە رەشنووسەکەمان نەبینیوە، واتە رەشنووسی یاسای چوارچێوە نەگەیشتووەتە دەستی ئێمە.
رووداو: ئایا ئێوە دەزانن چی لە نێوەرۆکی ئەو رەشنووسەدا هەیە؟ هیچ گفتوگۆیەکتان لەبارەی نێوەرۆکەکەکەی لەگەڵ ئاکپارتی کردووە؟
ئایشەگوڵ دۆغان: ئێمە لەسەر نێوەرۆک گفتوگۆ دەکەین، واتە دیدارەکانی ئێمە لەسەر نێوەرۆکە. هەروەها دوایین دیداری ئیمراڵیش لەسەر هەمان بابەت بوو. هەروەک دەزانن و دوای دیدارەکەش راگەیێندراو بڵاوکرایەوە، دیدارەکانی ئێمە لەلایەن شاندی ئیمراڵیمان دەکرێن. گرنگە ئێستا ئەمە بڵێین کە هێشتا نەگەیشتووینەتە نێوەرۆکێکی روونی خاڵ بە خاڵ.
رووداو: دەم پارتی هەر لە سەرەتاوە رایگەیاندووە، ئەگەر پڕۆژەیاساکە خاڵی تایبەت بە پێگەی ئۆجەلانی تێدا نەبێ، نابێتە چارەسەر، بەڵام ئاکن گورلەک، وەزیری داد دەڵێ، هیچ خاڵێکی تایبەت بە کەسێک لە ئارادا نییە. ئایا ئێوە گفتوگۆتان لەسەر ئەمە کردووە؟
ئایشەگوڵ دۆغان: با ئێمە ئێستا ئەم بابەتە هەندێک روونتر بکەینەوە. ئێمە داواکارییەکی تایبەت بۆ کەسێک ناکەین؛ ئەوەی ئێمە داوای دەکەین، پێویستیی پرۆسەکەیە. ئایا بۆ ئەوەی پرۆسەکە بە باشی بەڕێوەبچێ، پێویستییەکانی چین؟ ئێمە بەردەوام باسی گرنگیی بنکەیەکی یاسایی بۆ چارەسەریی بابەتەکە دەکەین. ئینجا لێرەدا ئەو کەسەی کاریگەریی زۆر ئەرێنیی لەسەر پرۆسەکە هەیە، پێویستە بە هەند وەربگیرێ. رێزدار ئۆجەلان دوو ساڵە لە هەلومەرجێکی زۆر سەختدا پرۆسەکە بەڕێوەدەبات. ئەو تەنیا لەڕێی دیداری چوار پێنج کاژێری و لەڕێی شاندێکەوە ئەم کارە دەکات. ئەمە شتێکی ئاسایی نییە، واتە بەمجۆرە زۆر سەخت دەبێ، ئێمە دەمانەوێ ئەم سەختییە نەمێنێت. ئینجا ئێمە دەڵێین لیژنەیەک یان دەستەیەک پێکبهێندرێ کە لەڕێیەوە رێزدار ئۆجەلانیش رۆڵی گرنگی خۆی لەنێو ئەو پرۆسەیەدا بەکاربهێنێت، واتە ئەگەر ئەمە وەک یاسایەک بێت، دەکرێ ببێتە دەستپێک. کاتێک دەگوترێ پێگە، پێویستە وەها تێبگەن کە هەل و مەرجی ئازادانە بڕەخسێندرێ، بتوانێ تێکەڵاویی کۆمەڵایەتی دروست بکات و پێویستییەکانی پرۆسەکە جێبەجێ بکات.
رووداو: ئایا مەرجی دوورگەی ئیمراڵی لەم بابەتەدا هیچ گۆڕانێکی بەخۆوە نەبینیوە؟
ئایشەگوڵ دۆغان: نەخێر، واتە هەلومەرجی دوورگەی ئیمراڵی لەڕووی شێوازی ژیانەوە نەگۆڕاوە. بەم دواییە کە شانەکەی ئێمەش سەردانی ئەوێی کرد و دواتریش ئێمە وەک ئەوەی ئاگادارین، دەبینین کە هیچ گۆڕانکارییەک لە هەل و مەرجی ئیمراڵیدا نییە. هەروەک دەزانن، پەراوێزخستنێکی زۆر قورس هەبوو. شاندەکەی ئێمە نەیدەتوانی سەردانی ئیمراڵی بکات، ماڵباتیش نەیدەتوانی، تەنانەت پارێزەری خۆیشی نەیدەتوانی رێزدار ئۆجەلان ببینێت. لەو کاتەوەی پرۆسە دەستی پێکردووە، روون نییە لە چ کاتێک شاندی ئێمە، ماڵباتی رێزدار ئۆجەلان یانیش پارێزەری کەی دەتوانن سەردانی دوورگەی ئیمراڵی بکەن. ئەمە مەترسیدارە؛ بیرۆکە و گومانی خراپ دروست دەکات. ئینجا بۆیە ئێمە ئەم بابەتە روونتر دەکەینەوە و داوادەکەین هەلومەرج و دۆخی دوورگەی ئیمراڵی بگۆڕن. ئەمەش لەپێناوی ئەوەی رێزدار ئۆجەلان بتوانێ راستەوخۆ چالاکیەکانی بکات. بۆ نموونە، کۆبوونەوەی لەگەڵ رۆژنامەڤانان، مامۆستایانی زانکۆ، رۆشنبیران، نووسەران، پسپۆر و سیاسەتڤانانی وەک ئێمە! دەی ئەوەتا ئێمە ناتوانین ئێستا سەردانی دوورگەی ئیمراڵی بکەین. وەکو پەرلەمانتار مافی سەردانیکردنی هەموو گرتووخانەکانمان هەیە، بەڵام ناتوانین سەردانی ئیمراڵی بکەین و رێزدار ئۆجەلان ببینین. گرنگە ئەو بتوانێ ئەو دیدارانە بکات و پەیامەکانی خۆی بگەیەنێت.
رووداو: لە پرۆژەیاساکەدا شێوازی چەکدانانی پەکەکە دیاری دەکرێ. لە رەهەندی یاسایی پرۆژەیاسای تایبەت بە پرۆسەدا هیچ رێگە و تەکنیکێک بۆ گەڕانەوەی گەریلا دیاریکراوە؟
ئایشەگوڵ دۆغان: هەتا ئێستا ئەو میکانیزمە دیاری نەکراوە. ئێمەش دەڵێین، پێویستمان بە میکانیزمێکی وەهایە. ئێمەش دەڵێین ئەمە پێویستی بە میکانیزمێکە. بۆ نموونە، دەستەیەک هەبێت و بتوانێت چاودێری بکات و کارەکان راپەڕێنێت، بۆ ئەوەی ئامادەکاری بۆ قۆناخی نوێ بکات. هەروەها لەبارەی یاساکە دەڵێین، با ئەو یاسایەی دەردەچێ، سنووردار نەبێ، بەڵکو هەمووان بتوانن بگەڕێنەوە. بەگوێرەی ئەوەی ئێمە ئاگادارین، ئەو هەنگاوانە پێ بە پێ بەرەو چارەسەرکردنی پرسی کورد دەڕۆن. ئێمە ئەم رەهەندە یاساییە زۆر بە بەهادار دەبینین، بەڵام بانگەوازەکەمان دووپات دەکەینەوە و داوا دەکەین لەو یاسایەدا هیچ شتێک سنووردار نەکرێ، چونکە رێکخراوێک بڕیارێکی زۆر گرنگی داوە، پێشتر رێبەری ئەو رێکخراوە بانگەوازێکی مێژوویی کردووە. ئەوان دەڵێن، ئێمە کۆتایی بە خەباتی چەکداری دەهێنین. ئەمە بڕیارێکی ستراتیجییە، دەرفەتێکی زۆر گەورەیە و چانسێکی زۆر گرنگە. ئینجا چ یاسایەک پێویست بێت، دەبێ ئەو یاسایە لەلایەن دەستە و کۆمیسیۆنی تایبەتەوە ئامادە بکرێ.
رووداو: لەسەر ئەو شتەی تۆ باسی دەکەیت، ئایا لەگەڵ دەسەڵات هاوڕان و هەمان بۆچوونتان هەیە؟
ئایشەگوڵ دۆغان: ئەگەر هاوڕاش نەبین، پرسەکە پرسێکی سیاسییە. ئەو پرسەش لە نکۆڵیکردنەوە دەرکەوتووە و گەیشتووەتە ئەم ئاستەی ئێستا. پرسی کورد پرسی زمان، ناسنامە و بوونە. کورد هەتا ئەمڕۆ بە نەبوو هەژمار کراوە و بە مەترسی دانراوە. کورد لە تورکیا وەهایان لێهات کە رۆژانە دەبێ بترسن. 100 ساڵ تێپەڕی و ئیدی کورد داوای مافی ئاسایی خۆیان دەکەن. دەیانەوێ بە ئازادی زمانەکەیان بەکاربێنن، دەیانەوێ هەبوونی ئەوان نەبێتە مەترسی. بوونی کورد مەترسی و خراپ نییە بۆ هیچ وڵاتێک، بۆ تورکیاش هەڕەشە نییە. ئینجا ئەمە پرسێکی سیاسییە و دەبێ چارەسەرییەکی سیاسی، هەنگاو بە هەنگاوی بۆ بدۆزرێتەوە. ئێمە دەڵێین پرسێکی 100 ساڵە بە یەک یاسا چارەسەر نابێت. ئێمەش چاوەڕێ ناکەین بە یەک یاسا تەواوی گرفتەکان چارەسەر بن و شتێکی وەها روونادات.
رووداو: دەگوتری دیدار و پەسندکردنی ئەو یاسایە تا کۆتایی ئەیلوولیش بەردەوام دەبێت. باشە دوای ئەوەی لە پەرلەمانی تورکیا پەسندکرا، راستەوخۆ جێبەجێ دەکرێ یانیش بە مەرج گرێدەدرێ؟ چونکە باسی راپۆرتی میت و راپۆرتی پەکەکە لەبارەی چەکدانان دەکرێ. ئەگەر بەمشێوەیە بێ زۆر درێژە دەکێشێت، ئایا مەرجی وەها لەئارادا هەن؟
ئایشەگوڵ دۆغان: نابێ هێندە درێژە بکێشێت، سەرەتا لە پەرلەمانی تورکیا یاساکە دەردەچێت، دواتریش ئەوانەی لە ئەورووپا و شوێنەکانی دیکەن، بگەڕێنەوە وڵات. واتە دەبێ ئاسانکاریی تێدا بێت و رێگە نەدرێ کاتی بەسەردا بڕوات. داواکاریی ئێمە ئەوەیە کە بابەتەکە بە مەرجی جۆراوجۆرەوە گرێنەدرێ. هەروەک گوتم، ئەمە پرسیکی سیاسییە و زۆر دەسەڵاتیشی گۆڕیوە. ئەوان ویستیان لەڕێی سەربازییەوە چارەسەری بکەن، بەڵام چارەسەر نەبوو. ئێمە دەمانەوێ ئەم شەڕەی 52 ساڵە بەردەوامە، بە سانایی چارەسەر بێت و کۆتایی بێت، کەس نەکوژرێ. هیچ پرسێک نییە بە گفتوگۆ و دیالۆگ چارەسەر نەبێ. ئێمە دەمانەوێ لەڕێی دانوستاندنەوە چارەسەری بێتە ئاراوە. ئەگەر ئێمە بمانەوێ لە دڵەوە ئەم بابەتە چارەسەر بکرێ، دەبێ قسە لەسەر ورد و درشتی بکەین. دەبێ بتوانین رێگەیەک بدۆزینەوە و دواتریش بە باشی کاری لەسەر بکەین".


.jpg&w=3840&q=75)