رووداو دیجیتاڵ
وەزیری کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان دەڵێ، دوای تەواوبوونی پرۆسەی وەرگرتنی گەنمی جووتیاران، دوو کۆمپانیا دەست بە وەرگرتنی ئەو گەنمە دەکەن کە حکومەتی عێراق لە جووتیارانی وەرناگرێت و پرۆسەکە بۆ مانگێک بەردەوام دەبێت. دەشڵێت، ئەم ساڵ تەماتە هەناردە دەکەن.
رۆژی 04ـی تەمموزی 2026، بێگەرد تاڵەبانی، لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ رووداو کە محەممەد شێخ فاتیح پێشکێشی دەکات رایگەیاند، لە رێگەی دوو کۆمپانیاوە ئەو گەنمە لە جووتیارانی هەرێمی کوردستان دەکڕنەوە کە حکومەتی عێراق وەریناگرێت و دەمێنێتەوە.
بە گوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ، ساڵانە زیاتر لە 57 هەزار جووتیار سێ ملیۆن دۆنم زەوی هەرێمی کوردستان دەکرێتە گەنم، بەرهەمی ئەم ساڵ بە زیاتر لە یەک ملیۆن تۆن دەخەمڵێندرێت، بەڵام حکومەتی عێراق تەنیا 400 هەزار تۆن گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان وەردەگرێت.
وەزیری کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان رەخنەی لە مامەڵەی حکومەتی عێراق لەگەڵ جووتیارانی هەرێمی کوردستان گرت و گوتی،"عێراق مامەڵەیەکی تەندروست و یەکسان لە نێوان جووتیاری ئێمە و جووتیارانی ناوەڕاست و خواری عێراق ناکات".
پرۆژەکانی مریشک و هێلەکە گەشە دەکەن
بە گوێرەی ئەو داتایانەی وەزیری کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان خستیەڕوو، ئێستا 2010 پرۆژەی بەرهەمی مریشكی گۆشت هەن، ئەو کێڵگانە لە سێ ساڵدا 130 هەزار تۆن مریشکیان بەرهەمهێناوە کە 150 هەزاری بۆ نێوخۆ و 150 هەزار دیناریشی بۆ بازاڕەکانی عێراق دەنێردرێت.
سەبارەت بە بەرهەمی هێلکەش، ئێستا 65 پرۆژەی هێلکەی خواردن هەن کە 21 هەزار کارتۆن هێلکە بەرهەمدەهێنن کە 7 هەزاری بۆ بازاڕەکانی نێوخۆیە و ئەوی دیکە رەوانەی شارەکانی خوار و ناوەڕاستی عێراق دەکرێت.
بێگەرد تاڵەبانی ئاماژەی بۆ ئەوەکرد،لە کێڵگە پەلەوەرییەکاندا بەرەو پێشچوونی زۆر زۆر گەورە هەیە، یانی بە ڕادەیەک کە ئێمە دەتوانین بازاڕی عێراقیش پڕ بکەینەوە".
تەماتە هەناردە دەکرێت
بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان لەبارەی بەرهەمی تەماتەوە رایگەیاند، ئێستا سەرقاڵن لەگەڵ وڵاتی ئیمارات بۆ هەناردەکردنی تەماتە و گوتی، "ئیشەڵا ئەم ساڵ تەماتە هەناردە دەکرێت".
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان:
رووداو: دواین جارە کە لە نزیکەوە بە خزمەتت گەیشتووم لە فێستیڤاڵی هەنجیر بوو لە تەقتەق. ئەمساڵیش بەتەمان ئەو فێستیڤاڵانە درێژە پێبدەن؟ هەنجیر لە تەقتەق، ترێ لە رواندز؟
بێگەرد تاڵەبانی: ئەو فێستیڤاڵانە یەک ناوەندێکی ساخکردنەوەی بەرهەمی جووتیارانی هەرێمی کوردستانە راستەوخۆ لە جووتیارەکە خۆیەوە بۆ کڕیار، کە ئەمە قازانجێکی زۆری پێدەگەیەنێت. لەبەر ئەوە بە دڵنیاییەوە ئێمە وەک وەزارەت، پشتیوانیی ئەنجامدانی ئەو جۆرە فێستیڤاڵانە دەکەین لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان. خۆشبەختانە هەرێمی کوردستانیش هەر ناوچەیەک بە تایبتمەندیی خۆی دەناسرێتەوە، هەر ناوچەیەک بە کۆمەڵێک بەرهەمی کشتوکاڵی بەناوبانگە کە نەخشەیەکی کشتوکاڵی لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان دروست کردووە ئەم بەرهەمانە. بۆیە بە دڵنیاییەوە فێستیڤاڵەکان جگە لە راکێشانی گەشتیار و لایەنی تێکەڵبوونی گەشتیاری و کشتوکاڵییەکەی، ناوەندێکی ساخکردنەوە و بازارکردنی بەرهەمە کشتوکاڵییەکانن و جووڵەیەکی ئابووریی گرنگە بۆ هەرێمی کوردستان.
رووداو: بێگەرد خان، هەندێک کەم و کوڕی هەبوو لەوانەی پێشووتردا، بێگومان ئەو فێستیڤاڵانە زۆر زۆر گرنگە هەبن، بەڵام هەندێک کەم و کوڕی هەبوو. بۆ نموونە من لە فێستیڤاڵی هەنار لە هەڵەبجە، هەموو ساڵێک ئامادە دەبم و خۆم دەچم، بەڵام نازانم چۆن دوو سندوقە هەنار لەگەڵ خۆم بەرمەوە؟ کەسێک نییە بۆ بارکردن. هەنجیر بە هەمان شێوە، ترێ بە هەمان شێوە. ئەوەی کە هەر مەبەستمە ئەوەیە کەسێک بییەوێت بیکڕێت، چۆن بیگوازێتەوە؟ کە خزمەتگوزارییەکی زۆر بچووکە. هەندێک هەڵە هەیە یاخود هەندێک کەم و کوڕی هەیە، ئەمساڵ بەتەمان چارەسەری بکەن ئەو کەم و کوڕییانە؟
بێگەرد تاڵەبانی: بێگومان ئەنجامدانی ئەو فێستیڤاڵانە خۆت دەزانیت لە رووی ئیداری و ئیدارەدانەکەیەوە ئیدارەی ناوچەکان دەیکات بە راستیەکەی، بۆ نموونە سنووری پارێزگای هەڵەبجە، کشتوکاڵی هەڵەبجە بە هاوکاری لەگەڵ پارێزگاری هەڵەبجە دەیکات، ئینجا بۆ هەر یەکێک لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانیش بە هەمان شێوەیە. بە دڵنیاییەوە ئەو گرفتانە و دەیان گرفتی تریش، بابەتی گەیاندنی گەشتیار بە شوێنی فێستیڤاڵەکە کە جاری وا هەیە خەڵکێکی زۆر دەمێنێتەوە لە رێگاکە، هەموو ئەوانە بە دڵنیاییەوە ساڵ بە ساڵ بەپێی ئەو ئەزموونەی کە وەردەگیرێت، رێکاری پێویست دەگیرێتەبەر بۆ ئەوەی کە چارەسەری گرفتەکان بکرێت، کارئاسانی بکرێت و پاڵپشتی گەشتیارەکان بکرێت بۆ ئەوەی کە بتوانن بە ئاسانی دەستیان بگات بە بەرهەمە کشتوکاڵییەکان. بۆ ئەو مەبەستە بەڵێ قسە کراوە لەگەڵ پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان بۆ ئەوەی کە ئێمە بتوانین لەسەر گرفتەکان و کەم و کورتییەکانی رابردوو هەڵوێستەیەک بکەین و پرۆگرام و پلانێکی تازە دابنێین بۆ فێستیڤاڵەکانی ئایندە.
رووداو: زۆر باشە. با لە دوایین هەواڵە گرنگەکان و رووداوە گرنگەکانی کشتوکاڵی کوردستانەوە دەست پێبکەم؛ بەرهەمی گەنم و بەرهەمهێنانی گەنم و توانای ئەمساڵمان. پێشبینی دەکەن ئەمساڵ جووتیارانی هەرێمی کوردستان چەند هەزار تۆن گەنم بەرهەم بهێنن؟ چەندی لە حکومەتی عێراقییەوە کڕدراوەتەوە؟ هەوڵەکانتان چیین بۆ زیادکردنی ئەو بڕە گەنمەی کە وەردەگیرێتەوە لێمان؟
بێگەرد تاڵەبانی: کاک شێخ ئێمە 57,000 جووتیار لە هەرێمی کوردستان ساڵانە گەنم دادەچێنن. رووبەری داچێنراوی هەرێمی کوردستان بەپێی هەموو ئەو داتایانەی کە ئێمە لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کشتوکاڵی پارێزگاکان وەری دەگرین و بەپێی ئەو رووپێووی جێگەییەی کە ساڵانە ئەنجام دەدرێت بۆ رووبەری داچاندن، 3,000,000 دۆنم زەوی دادەچێنرێت بە گەنم لە هەرێمی کوردستاندا بە هەموو جۆرەکانییەوە. رێژەی بەرهەمی ئێمە لەسەرووی ملیۆنێک بۆ ملیۆن و نیوێک تۆن رێژەی بەرهەمان دەبێت، ئەو ساڵانەی کە بڕشتی گەنم باشە بە حوکمی ئەوەی کە کەش و هەواکە لەبارە و ڕێژەی بارانبارین سوپاس بۆ خوای گەورە باشە. ئەم ساڵ یەکێک بوو لە ساڵە باشەکان بۆ جووتیاران، باران لە بەپێی پێویست لە وەرزی پێویستی گەنمەکە باریوە و رێژەی بەرهەمان بەپێی مەزەندەی خۆمان ملیۆن و نیوێک تۆنە، بەڵام کێشەی ئێمە عێراقە بە راستی.
عێراق مامەڵەیەکی تەندروست و مامەڵەیەکی یەکسان لەگەڵ جووتیاری ئێمە ناکات لەگەڵ ناوەڕاست و خواری عێراق. ئەو بڕیارانەی کە عێراق هەیەتی بۆ نموونە بۆ ئەو گەنمەی کە وەری دەگرێتەوە لە چوارچێوەی پلان و دەرەوەی پلان، هەیانە ئەوان. بێگومان ئێمە پابەندبوونمان لەگەڵ بڕگە بە بڕگە، ماددە بە ماددەی بڕیارەکانی حکومەتی عێراق هەیە بۆ شێوازی داچاندن و بۆ شێوازی وەرگرتنەوەی گەنم. تەنانەت لیژنەیەک هەیە، ئەم لیژنەیە ئەندامانی ئێمە، وەزارەتی کشتوکاڵ، وەزارەتی بازرگانی، وەزارەتی پلاندانانی تێدایە لەگەڵ عێراقیش بە هەمان شێوە هاوشێوەکانی ئێمە و تەنانەت ئەنجومەنی وەزیرانی تێدایە. بێگومان سێ قۆناغ دەبڕێت بۆ ئەوەی کە ئێمە بتوانن گەنمی ئێمە وەربگرنەوە. عێراق بەشداری بە ئێمە ناکات بۆ پلانی سەرجەم عێراق لە لیژنەکەدا.
رووداو: نایکات؟
بێگەرد تاڵەبانی: نەخێر، بەشداریمان پێنەکات. بەشداریی لیژنەکەی ئەندامانی لیژنەی ئێمە تەنیا بۆ پلانی هەرێمی کوردستانە. لەوێوە جیاوازییەکان دروست دەبن. هەڵەیەکی تر، ئەم لیژنەیە پێویستە لە وەزارەتی بازرگانی بێت نەک لە وەزارەتی کشتوکاڵ، بۆ؟ لەبەر ئەوەی وەزارەتی بازرگانی دەزانێت پێویستیی عێراق بۆ بەکارهێنانی گەنم چەندە، ئایا تاقیکردنەوەی کۆگاکردنی سایلۆکانمان چەندە لەسەر ئاستی عێراق و بە هەرێمی کوردستانیشەوە، عێراق دەتوانێت چەند وەربگرێتەوە و بڕی تەرخانکردنی پارەی ئەو پارەیەی کە تەرخان کراوە بۆ وەرگرتنەوەی گەنم لە وەزارەتی بازرگانی چەندە.
رووداو: وەزارەتی بازرگانی نوێنەری نییە لەناو ئەو لیژنەیەدا؟
بێگەرد تاڵەبانی: بەڵێ بەڵێ هەیە، نوێنەری وەزارەتی بازرگانی، کشتوکاڵ لەگەڵ وەزارەتی پلاندانان هەیە، بەڵام لیژنەکە لە کوێیە؟ بە سەرۆکایەتیی کێیە؟ بە سەرۆکایەتیی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراقە، لەوێوە کێشەکان دەست پێدەکات. چونکە زۆر جار کە دەکەوینە مناقەشە، وەزارەتی بازرگانی ئەفزەڵیەتی قسەی هەیە دەڵێت من ناتوانم ئەوەندە لە هەرێمی کوردستان وەربگرمەوە، بۆ؟ بیانووی خۆی دەهێنێتەوە. لە ساڵانی رابردوو بەر لەم کابینەیە، موبەریراتێکی زۆر هەبوو بە ئێمەیان دەگوت، دەیانگوت ئێوە گەنمەکەتان قاچاخە، یانی بەشێک لەو گەنمەی کە دێتە ناو سایلۆکان ئەوە قاچاخە. وەڵامی ئێمە بە بەڵگەوە سەلماندمان کە قسەی ئەوان نادروستە، لەبەر ئەوەی کۆمپانیایەک دێت پشکنین بۆ جۆری ئەو گەنمە دەکات.
رووداو: هیچ ئەسڵ و ئەساسێکی نەبوو؟
بێگەرد تاڵەبانی: دەزانی چۆنە؟ من بە تەحەداوە دەڵێم لە کابینەی نۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەو رۆژەی کە ئێمە دەستمان بە (موباشەرە) و کارکردن کردووە لە وەزارەتی کشتوکاڵ، یەک دەنکە گەنمی قاچاخ نەچووەتە سایلۆکانی عێراقەوە. لە وەرزی دروێنەی خۆماندا، گەنم بە هەموو شێوەیەک هاوردەکردنی قەدەغەیە.
رووداو: واتە گەنمێک هاوردە نەکراوە لە وڵاتانی دیکەوە بۆ ئەوەی بکرێتە ناو سایلۆ بە ناوی بەرهەمی ناوخۆ؟
بێگەرد تاڵەبانی: نەخێر بە هیچ جۆرێک، نەخێر بە هیچ جۆرێک، نەخێر بە هیچ جۆرێک. بۆچی؟ جۆری ئەو بنەتۆیانەی کە دەچنە سایلۆکانی عێراق، تۆمارکراون لە عێراق.
ئێستا بۆ نموونە ئێمە چەند تەرزێ بنەتۆمان هەیە لە هەرێمی کوردستان کە جۆری بنەتۆییەکانی ئێمە زۆر زۆر نایابە بە ڕاستی، کۆمەڵێک بنەتۆی بەرهەمهێنراو لە ناو خاکی خۆمان بەرهەمهێنراوە کە لە جۆرە هەرە نایابەکانی عێراق دێنە هەژمار، ئەوانە تۆمارکراون لە عێراق.
رووداو: من بەس هی هەولێر هەشت نۆ دانەیەکم دیوە لە ستۆدیۆ هێنابوومان باسمان کرد.
بێگەرد تاڵەبانی: ئەوانە لە عێراق تۆمار کراون، ئەی ئەو بنەتۆیانە دەدرێتەوە جووتیاران و دادەچێنرێت و جارێکی دیکە تەسلیمی سایلۆکان دەکرێتەوە. تەنانەت ئەو بنەتۆیانەی کە لە دەرەوەی وڵات هاوردە کراون، دەبێت لە عێراق تۆمارکراو بن بە ناوی ئەو کۆمپانیایەی کە دەیهێنێت، ئینجا دەدرێتە جووتیاران، ئینجا بەرهەمەکەی وەردەگیرێتەوە.
خاڵی دووەم، پشکنین بۆ جۆری ئەو تۆوانە دەکرێت کە یان بۆ ئەو گەنمە دەکرێت کە دەچێتە ناو سایلۆکانی عێراقەوە، ئەو کۆمپانیایەی کە پشکنین دەکات کۆمپانیایەکی عێراقییە، مەرکەزییە لەسەر ئاستی عێراق. ئەی جۆری بنەتۆکە دەناسێتەوە، جۆری گەنمەکە دەناسێتەوە، یانی ئەگەر کێشەیەل هەبێت لە رادەستکردنی سایلۆکاندا، کۆمپانیاکە لێی بەرپرسە.
رووداو: کەواتە قسەی ئەوان، حکومەتی عێراق و قسەی ئەوان باوی نەماوە؟
بێگەرد تاڵەبانی: نەخێر ئەوەی نەماوە. خاڵی دووەم، مەسەلەن وەزارەتی بازرگانی زۆر جار دەڵێت ئێمە لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان ناتوانین عەمبارکردنی ئەو گەنمە بکەین لەبەر ئەوەی سایلۆکانمان کەمە. بەڵام ئێستا ماشەڵا سایلۆکانی هەرێمی کوردستان هەم زۆرن، هەم وەزارەتی بازرگانیی خۆمان ساڵانە پێش ئەوەی کە دەست بە وەرگرتنی گەنم بکات ئامادەکاری دەکات.
رووداو: توانای کۆگاکردنمان چەندە؟
بێگەرد تاڵەبانی: 900,000 تا یەک ملیۆن تۆن دەتوانین کۆگا بکەین. ئەی ئێمە ئەو موبەریرانەمان نەهێشتووە لە دەستی عێراق. خاڵێکی تر، بە دڵنیاییەوە دەبێت زیاد بکرێت چونکە دەزانی چۆنە؟ یەکێک لە گرفتەکان لە عێراقدا چییە؟ ئەو گەنمەی کە لە جووتیاران وەردەگیرێتەوە، بە نرخێکی پاڵپشتیی زۆر گەورە وەردەگیرێتەوە. ئەگەر بەراوردی نرخی وەرگرتنەوەی گەنم لە عێراق بکەین لەگەڵ نرخی بۆرسەی جیهانی، جیاوازییەکە زۆر زۆرە. لەبەر ئەوە عێراق ناتوانێت گەنمی خۆی بفرۆشێتەوە بە هیچ وڵاتێک. کەواتە دەبێت هەر خۆی بۆ خۆی بەکاری بهێنێت، لەبەر ئەوەی ئەو نرخەی کە دەیکڕێتەوە زۆر جیاوازە لەو نرخەی کە لە بۆرسەی جیهانیدایە، ناتوانێت بچێتە کێبرکێی بۆرسەی جیهانییەوە. کەس ئەو پارەیەی پێ نادات. کەواتە لێرە عێراق ناچارە بۆ ئەوەی کە گەنمی خۆی بۆ خۆی بکڕێتەوە.
یان ئەوەتا، شتێکی تر بکات؛ لە پاڵ گەنم هەندێک بەرهەمی ستراتیژیی تر زیاد بکات بۆ وەرگرتنەوە بە نرخی پاڵپشتی، بۆ ئەوەی جووتیار بە تەنیا تەرکیزی لەسەر چاندنی گەنم نەبێت. بۆ نموونە؛ تەرکیزی لەسەر چاندنی برنج بێت، بە تایبەتی هەرێمی کوردستان ئێمە سوپاس بۆ خوا ئاومان هەیە، یانی راستە برنج ئاوی پێویستە، چاندنی گەنمەشامی، کە ئەوانە مەحسوولی زۆر زۆر ستراتیژین، یانی لە بۆرسەی جیهانیدا.
رووداو: ئێوە وەک وەزارەتی کشتوکاڵ بۆ هانی جووتیاران نادەن؟ واز لە حکومەتی عێراق بهێنن.
بێگەرد تاڵەبانی: دەزانی چۆنە؟ ئێمە هانی جووتیاران دەدەین سوپاس بۆ خوای گەورە، ئێستا ئێمە رێژەی بەرهەمی برنج ساڵ بە ساڵ زیاد دەکات، بەخۆت ئاگات لێیە و یەک دوو ساڵە برنجی کوردی دەچێتە دەرەوەی وڵات، یانی هەناردە دەکرێت، بەڵام بۆچی تەرکیزی جووتیار بە تەنیا لەسەر گەنمە؟ وەک گوتم بابەتەکە ئەو پاڵپشتییە داراییەیەی کە بۆ جووتیار دەکرێت.
رووداو: عێراق پاڵپشتیی جۆ ناکات؟
بێگەرد تاڵەبانی: پاڵپشتی، نەخێر.
رووداو: باشە تۆنێک جۆ لە بازاڕدا بە چەندە ئێستا؟ زیاتر ناکات لە گەنم؟ بۆچی جووتیار نایچێنێت؟ گەنمەشامی؟
بێگەرد تاڵەبانی: نا نا زیاتر ناکات، زیاتر ناکات، نا نا زیاتر ناکات، بەڵام ئێمە پێداویستیمان بە جۆ هەیە
رووداو: پێویستمان بە جۆ نییە؟
بێگەرد تاڵەبانی: بەڵێ بەڵێ پێداویستیمان بە جۆ هەیە، بەرهەمیشمان هەیە، بەڵام وەک گەنم نییە. پێداویستیمان بە گەنمەشامی هەیە چونکە گەنمەشامی مەحسوولێکی زۆر زۆر سەرەکییە، دەچێتە پێکهاتەی عەلەفییەوە کە خۆت دەزانی لە هەموو بوارەکاندا بەکاردەهێنرێت جیا لە بواری خواردنیش، یانی...
رووداو: ئێمە جۆ و گەنمەشامی هاوردە دەکەین یان نا؟
بێگەرد تاڵەبانی: بەڵێ بەڵێ هاوردە دەکرێت.
رووداو: ئەگەر ئێمە ئەو جووتیارانە لەبری ئەوەی ئەو هەموو گەنمە بەرهەم بهێنن و بەدوای بازاڕێکدا بگەڕێن، جۆ و گەنمەشامی بەرهەم بهێنن باشتر نییە؟ بێ ئەوەی بمێنێتەوە بەبێ فرۆشتن.
بێگەرد تاڵەبانی: بە دڵنیاییەوە باشترە، ئێستا جووتیار خواستی لەسەر چاندنی گەنمەشامی پەیدا کردووە، بەڵام عێراق بۆ ناهێڵێت؟ بۆچی ناهێڵێت؟ لەبەر ئەوەی گەنمەشامی ئاوی زۆر پێویستە، و عێراق لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا بە یانی قۆناخێکی سەختی وشکەساڵیدا تێپەڕی کە تەنانەت یانی ئەوان کێشەی ئاوی خواردنەوەشیان بۆ دروست بوو، لە بەشێک لە ناوچەکانی عێراق تایبتمەندیی ئەو ئاوەی کە بەکاردەهێنرێت وەک ئاوێکی شیرین لەدەستی دا، یانی ئەو کوالێتییەی لەدەست دا.
رووداو: ئەی ئێوە چی؟ ئێوەش ناهێڵن؟
بێگەرد تاڵەبانی: ئێمە ههتاكو ئێستا قەدەغەمان نەکردووە راستی، چونکە دۆخی ئاو لە هەرێمی کوردستان باشتر بوو، ئێمە قەدەغەمان نەکردووە بەڵام تا رادەیەک سنووردارمان کرد، سنووردارمان کرد لەبەر ئەوەی کە چەند ساڵی رابردوو وشکەساڵی بوو. لەو ناوچانەی کە ئاومان نەبوو وەک پێویست سنووردارمان کرد، لەو ناوچانەی کە ئاو هەبوو دەرگامان کردەوە و گوتمان دەکرێت، بۆ نموونە لەسەر رووکاری زێیەکان کە سوود لە ئاوی زێیەکان وەردەگیرێت بۆچی ئەم ئاوی زێیە بەخۆڕایی بڕوات؟ دەتوانرێت سوودی لێ ببێنرێت.
رووداو: جەنابی وەزیر، من ئەم جوگرافیایەم تەواو کردووە، هەم هەر لە منداڵییەوە پەروەردە کراوین کە جۆ یەکێکە لەو بەرهەمانەی بەرگەی شۆڕەکات دەگرێت، بەرگەی بێ ئاوی دەگرێت، بەرگەی کەم ئاوی با بڵێین، بەرگەی پلەی گەرمای بەرز دەگرێت، یانی دەتوانیت ئەو باڵانسە رابگریت. بۆچی جەنابتان پلانێک دانانێن جووتیارانی فڵانە دەڤەر لە ئەوەندە تۆن گەنمە، ئەوەندە جۆ بەرهەم بهێنن؟
بێگەرد تاڵەبانی: جووتیار چاوی لەوەیە حکومەت پاڵپشتیی ماددیی بکات. ئێمە لە وەزارەتی کشتوکاڵ بە حوکمی ئەوەی کە هەر بە گشتی یانی حکومەتی هەرێمی کوردستان یاسای بودجەمان نەبووە لە پەرلەمان پەسەند بکرێت، ئەمە لایەنێکە کە تۆ وەک وەزارەتی کشتوکاڵ ئێمە بودجەیەکی تەرخانکراو لەبەر دەستی ئێمە نەبووە تاوەکو ئێمە بتوانین پاڵپشتیی جووتیاری پێ بکەین. جووتیار کاتێک کە پاڵپشتیی دەکەی، دەتوانیت مەرجی خۆتی بەسەردا جێبەجێ بکەیت، بەڵام کاتێک کە هیچ پاڵپشتییەک بۆ جووتیار نییە، چۆن دەتوانیت جووتیارێک ناچار بکەیت؟
رووداو: تۆوی گەنم بە چەند لەسەر خۆتان دەکەوێت و دەیدەن بە جووتیار؟
بێگەرد تاڵەبانی: بنەتۆی گەنم ئێمە ساڵانە بە نرخی پاڵپشتی دەیدەین. بڕە پارەیەک هەیە کە پێی دەوترێت سەتای دوو کە لە گەنم وەردەگیرێتەوە لە لایەن وەزارەتی بازرگانیی عێراقەوە، دەنێردرێت بۆ وەزارەتی بازرگانیی هەرێم و تەرخان دەکرێت بۆ وەزارەتی کشتوکاڵ، ئەمە بۆ ئێمە بەکارمان هێناوە بۆ پاڵپشتی کردنی بنەتۆی گەنم. ساڵانە ئەگەر یەک تۆن بنەتۆی گەنم لە بازاڕدا، بنەتۆ لە بازاڕ بە شێوازێکی گشتی 1,000,000 دینار بێت، ئێمە بە 450,000 دینار دەیدەینە جووتیارەکان، ئەو پارەیە زۆرە.
رووداو: مەبەستم ئەوە بوو، ئەو پارەیەی لە بنەتۆی گەنمدا خەرج دەکرێت، بەشێکی بنەوە وەک پاڵپشتی لە بنەتۆی جۆ و گەنمەشامی، جەنابی وەزیر، ئەمساڵ عێراق چەند هەزار تۆن گەنممان لێ وەردەگرێت؟
بێگەرد تاڵەبانی: ئەمساڵ عێراق لە ناوەوەی پلان و دەرەوەی پلان، 400,000 تۆن وەردەگرێت؛ 292,000 تۆن ناوەوەی پلانەکە کە نرخەکەی 700,000 دینارە، 108,000 تۆنیش بە 500,000 دینار وەردەگرێت.
رووداو: یانی ئێمە ملیۆنێک و 500 هەزار تۆن بەرهەم دەهێنین، ملیۆنێک و 100 هەزار تۆنی دەبێت لە بازاڕدا بفرۆشرێت؟ هیچ پلانێک هەیە، ئومێدێک هەیە زیاد بکرێت ئەو بڕە جارێ؟ بەر لەوەی باسی ئەوە بکەین ئەو ملیۆنێک و 100هەزار تۆنەی دیکە چی لێ دەکەن؟
بێگەرد تاڵەبانی: ئەمە شەڕێکی بەردەوامی ساڵانەیە، وەک ئاماژەم پێدا، یەکێک لە موبەریراتەکانی دیکەی عێراق، وەزارەتی بازرگانیی عێراق دەڵێت ئەو بڕە پارەیەی کە تەرخان کراوە لە یاسای بودجە لە نەفەقاتی حاکیمە بۆ کڕینەوەی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان سنووردارە. من لەو بڕە پارەیە بە هیچ شێوەیەک تێپەڕین ناکەم بۆ بڕە پارەیەکی تر کە لە عێراقەوە تەرخان بکرێت بەبێ بڕیاری پەرلەمانی عێراق و یاسای بودجە، کەواتە لێرە دەستی ئێمە بەستراوە بەوەی کە پێمان دەڵێن لە یاسای بودجەدا بڕی پارەی تەرخانکراو چەندە بۆ هەرێمی کوردستان و لەو چوارچێوەیەدا.
رووداو: ئەوە لە دەستی عەلی زەیدی و وەزیری دارایی نوێی عێراق نییە؟
بێگەرد تاڵەبانی: ئێستا ئێمە راپۆرتێکمان بردووەتە ناو کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، جەنابی سەرۆک وەزیران سەردانی بەغدای کرد، من بۆ خۆم قسەم لەگەڵ جەنابیان کرد و خۆی لەگەڵ جەنابی سەرۆک وەزیرانی تازەش قسەی کردووە. بەپێی ئەو ڕاپۆرتەی کە بردمانە ناو کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران، ئێمە داوامان کرد کە دەبێت لە یاسای بودجەدا، ئەو لیژنەیەی کە دادەنیشێت لەسەر یاسای بودجە، لە کاتی دانیشتندا، نوێنەری ئێمە وەک وەزارەتی کشتوکاڵ ئامادەیی هەبێت بۆ ئەوەی داکۆکی بکەین لە زیادکردنی بڕی پارەی تەرخانکراو بۆ کڕینەوەی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان. بێگومان من ناڵێم لە ڕابردوودا ئەمە نەکراوە، چونکە خۆت دەزانیت یاسای بودجەی عێراق سێ ساڵ بەر لە ئێستا بوو، ئێستا ئەمساڵیش نییە و ئەوە چوارەمین ساڵە، دەکەوێتە ساڵی داهاتوو ئامادەکاریی ئێستا دەکرێت بۆ ئەوەی ساڵی داهاتوو یاسای بودجە دووبارە پێداچوونەوەی پێدا بکرێتەوە و یاسای بودجە دەربچێت، کەواتە ئێمە لە ئێستاوە دەبێت خۆمان ئامادە بکەین لەوێ حەل و فەسڵی دۆخی خۆمان بکەین بۆ ئەوەی کە بتوانین بڕی پارەی تەرخانکراو زیاد بکەین، ئەگینا بڕی پارە تەرخانکراوەکە زیاد نەکرێت، عێراق هەمیشە لەو چوارچێوەیەدا مامەڵەمان لەگەڵ دەکات.
رووداو: پرسیاری کۆتاییم لەسەر بابەتی گەنم، ئەو ملیۆنێک و 100 هەزار تۆنەی دیکە چی پلانێکتان بۆی هەیە؟ ئەوە دەست با لە عێراق بشۆین.
بێگەرد تاڵەبانی: دەستمان لە عێراق شوشت. بێگومان من کە دەستم بەکار کرد، یەکەم ئیشی من بۆ کۆبوونەوەی دووەم کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران بردنی پرۆژەیەک بوو بەوەی کە حکومەتی هەرێمی کوردستان خۆی بتوانێت گەنم وەربگرێتەوە. سێ پێشنیارمان بردە ناو کۆبوونەوەکە کە بە سوپاسەوە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پێوەندیدارەکان لێرە پرۆژەکەمان هەموو پێکەوە ئامادە کرد. سێ پێشنیارمان بردە ناو کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران؛ یان ئەوەتا حکومەتی هەرێم خۆی گەنم وەربگرێتەوە ئەگەر پارەمان هەبێت چونکە قەیرانی دارایی هەبوو بە راستیەکەی لە هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2014ـەوە جەنابت دەزانیت. ئەگەر حکومەت خۆی ناتوانێت، بە هاوبەشی لەگەڵ کەرتی تایبەت یان ئەوەتا کەرتی تایبەت وەری بگرێتەوە. کۆی دەنگی ئەنجومەنی وەزیران لەگەڵ ئەوە بوو کەرتی تایبەت وەری بگرێتەوە.
ئێستا دوو کۆمپانیا تەکلیف کراون، ئەو دوو کۆمپانیایە گرێبەستی هەیە لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی کە لە دوای پرۆسەی وەرگرتنەوەی گەنمی جووتیاران لە سایلۆکانی عێراق، ئەوان دەست دەکەن بە وەرگرتن بۆ ماوەی یەک مانگ بە هەمان شێوە. لیژنەیەک هەیە لە دەستەی وەبەرهێنانە، سەرۆکی لیژنەکە لەبەر ئەوەی ئەو کۆمپانیایانە کەرتی تایبەتن، سەرۆکی لیژنەکە سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانە، ئەندامیەتیی هەموو وەزارەتە پێوەندیدارەکانی تێدایە؛ کشتوکاڵ، پلاندانان، وەزارەتی دارایی، وەزارەتی بازرگانی ، ئەوانە بڕیار دەدەن لەسەر بڕی وەرگرتن لەگەڵ نرخی وەرگرتن.
رووداو: بەپێی پێشبینییەکانی جەنابتان هەمووی وەردەگیرێت؟ چونکە وتراوە هەمووی وەردەگیرێت، وانییە؟
بێگەرد تاڵەبانی: دەزانی چۆنە؟ ئەمە پلانی دووەمە. ئەم کۆمپانیایانە بەپێی تایبەتمەندی عێراقی بە پلە یەک و پلە دوو، ئەوانیش گەنم وەردەگرنەوە وەکو قۆناغی دووەم. ئەوەی کە دەمێنێتەوە، حکومەتی هەرێم دەرگای کردووەتەوە هەر کۆمپانیایەک کە دەتوانێت گەنم بباتە دەرەوەی وڵات، دەتوانێت داواکاریی خۆی پێشکەش بکات لە رێگەی دەستەی وەبەرهێنانەوە بۆ ئەوەی کە مامەڵەی کارئاسانیی بۆ بکرێت بۆ ئەو گەنمەی کە دەیکڕێتەوە بۆ خۆی.
رووداو: جەناب فەرمووت لە دەرەوەی وڵات لێمان ناکڕن.
بێگەرد تاڵەبانی: بەڵێ، بەڵام حاڵەتێک هەیە کاک شێخ، بابەتی کڕین و فرۆشتن خواست و خستنەڕووە. ئەو گەنمەی کە ئێستا لە دەرەوەی سایلۆکان دەمێنێتەوە، جووتیار ناچارە لە بازاڕی رەشدا بیفرۆشێت. بەشێکی بەداخەوە بازرگانەکان کە لە ناوەڕاست و خواری عێراقن، دێن دەیکڕن و دەیبەنەوە سایلۆکانی ناوچە دابڕێنراوەکان و تەسلیمی دەکەن لەبەر ئەوەی کە خۆیان کۆد و کارتیان هەیە و دەتوانن بیبەنە ئەوێ رادەستی بکەن بە نرخی پاڵپشتی دەیدەنەوە عێراق. بەشێکی دەفرۆشرێتە ناو بازاڕدا، ئەوەی کە دەفرۆشرێتە ناو بازاڕ، ئەوەیان نرخەکەی دێتە ئاستی نرخی بۆرسەی جیهانی. چونکە بەبێ نرخی پاڵپشتییە، خۆ حکومەت نایکڕێتەوە کەواتە دەکەوێتە سەر خواست و خستنەڕووی جووتیارەکە لەگەڵ ئەو بازرگانییە یاخود ئەو کۆمپانیایەی کە دەیکڕێتەوە.
رووداو: ئەو دوو کۆمپانیایەی خۆمان بە چەنی دەکڕنەوە؟ پێشبینیی جەنابتان؟
بێگەرد تاڵەبانی: ئەو دوو کۆمپانیایەی خۆمان بەپێی ساڵەکان، ئەو ساڵانەی کە وشکەساڵی بوو، ساڵی یەکەم لە لای ئێمە بوو بە 650,000 دینار کڕییانەوە. ساڵی دووەمیش بە هەمان شێوە 650,000 بۆ تۆنێک کڕدراوەتەوە. ئەمساڵ نازانم چونکە جاری هێشتا نرخ ڕانەگەیەندراوە لە لایەن دەستەی وەبەرهێنانەوە، بەڵام کۆمپانیاکان کە کەرتی تایبەتن، ئەوانیش دەیانەوێت گەنمێک بکڕنەوە کە هەم کوالێتییەکەی باش بێت، هەم گەنمێک بکڕنەوە کە بەیانی بتوانن بە پیشەسازیی بکەن، هەمیش بتوانن لە نرخدا کێبڕکێی گەنمی هاوردە بکەن، یانی ئاردی هاوردە بکەن.
دەمەوێت شتێک بڵێم، بۆ یەکەم جارە لە هەرێمی کوردستان، لە کابینەی نۆدا، یانی دەکرێت بڵێم ژێرخانی بە پیشەسازیی کردنی گەنم چووەتە واری جێبەجێکردنەوە. ئێستا ئێمە ئەگەر قەدەغەی تەواوەتیش رابگەیەنین لەسەر بەرهەمی هاوردەی ساوار و بڕوێش و گەنمەکوتاو و پاستا و ماکەرۆنی و مەسەلەن ئەوانەی کە لە گەنم دروست دەبن، زۆر گرفتێکی ئەو تۆمان نابێت. تەنانەت جەنابی سەرۆکی حکومەت باجی داناوە لەسەر ئەو بەرهەمە هاوردانە، بۆ؟ لەبەر ئەوەی بەرهەمی کۆمپانیاکانی خۆمان، کەرتی تایبەتی خۆمان دەستی پێکردووە.
رووداو: جەنابی وەزیر، با باسی لایەنێکی دیکەی پیشەسازیی خۆراکی بکەین؛ بابەتی کێڵگە پەلەوەرییەکان. چەند کێڵگەی پەلەوەری ئێستا لە کوردستاندا هەن؟ توانای بەرهەمهێنانمان چەندە؟ لە هێلکەدا توانامان چەندە؟ کێشەمان لە ماوەی رابردوودا هەبووە؟ چۆن دەڵێن گەنمەکەتان ساختەیە، ئێستاش دەیانگوت مریشکە بەستووەکەتان هی وڵاتی دیکەیە هێناوتانە، مریشکی بەڕازیلی هێنراوە دەڵێن ئەوە مریشکی کوردییە.
بێگەرد تاڵەبانی: لە کێڵگە پەلەوەرییەکاندا بەرەو پێشچوونی زۆر زۆر گەورە هەیە بە راستی، یانی بە ڕادەیەک کە ئێمە دەتوانین بازاڕی عێراقیش پڕ بکەینەوە. نەک تەنیا هی خۆمان. سوپاس بۆ خوای گەورە ئەگەر من داتایەکی بچووکت بدەمێ؛ بۆ نموونە لە کۆی کابینەکانی ڕابردوو 1,530 پرۆژەی گۆشتی بەرهەمی مریشکمان هەبووە، ئێستا 2,010 پرۆژەی بەرهەمی گۆشتمان هەیە. توانای بەرهەمی لە ماوەی سی ساڵی رابردوودا، 130,000 تۆن بەرهەمی مریشکمان هەبووە، ئێستا 300,000 تۆن بەرهەمی مریشک دەکەین؛ 150,000ـی بۆ ناوخۆی خۆمان، 150,000ـی دەنێرینە بازاڕەکانی عێراق. ئەمە مریشک.
سەبارەت بە هێلکەی خواردن، ئێمە پێشتر تەنیا 11 پرۆژەی هێلکەی خواردنمان هەبوو، ئێستا 65 پرۆژەی هێلکەی خواردنمان هەیە، یانی لە کابینەی نۆدا ژمارەی پرۆژەکانی هێلکەی خواردن گەیشتووەتە 65 پرۆژە. توانای بەرهەمی لە رابردوودا، یانی لە ماوەی کابینەکانی رابردوو 3,000 کارتۆن بوو لە رۆژێکدا، ئێستا 21,000 کارتۆن بەرهەم دەهێنرێت. 7,000 پێداویستی ناوخۆی خۆمانە، باقییەکەی کە دەینێرینە بازاڕەکانی عێراق.
رووداو: ئەوە توانای بەرهەمهێنانە یان بە کرداری بەرهەمی دەهێنن؟ بەرهەم دێت؟
بێگەر تاڵەبانی: نەخێر نەخێر، بەرهەم دێت، بەرهەم دێت. تۆ موتابعی، بەردەوام زۆر جاران گوێم لێ دەبێت لە بەرنامەکەی جەنابتەوە، بەشێک لە خاوەن کێڵگە پەلەوەرییەکان هاتوو و هاواریان لێ هەڵدەستێت کە رێگا تەنگ دەکرێت لەوەی کە بەرهەم بنێرن بۆ ناوەڕاست و خواری عێراق، گرفتیان بۆ دروست دەبێت، ئەمە لە زۆری بەرهەمهێنانە. ئێستا ئێمە بەرهەمهێنەرین، رۆژانە 21,000 کارتۆن بەرهەم دەهێنین، 7,000ی پێداویستی ناوخۆی خۆمانە، باقییەکەی کە دەینێرینە بازاڕەکانی عێراق.
رووداو: دەڕوات کێشەی نییە؟ رێگری ناکەن؟
بێگەر تاڵەبانی: دەزانی چۆنە؟ گرفت دروست بووە، زۆر جاران گرفت دروست بووە، بەڵام بە پەیوەندییەکانی خۆمان لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق چارەسەرمان کردووە. بەڵام زۆر جاران خاوەن کێڵگەکانیشمان زیانمەند دەبن، بەڵام ئێستا ئەو سیستمی ئەسیکۆدا هاتووەتە ئاراوە. لەم سیستمەدا رۆژنامەی کشتوکاڵی داخل کراوە، بەپێی ئەم سیستمە و بەپێی رۆژژمێری کشتوکاڵی ئیتر بازاڕی ئێمە و عێراق دەبێت یەک بازاڕ بێت پێکەوە. دەبێت بەرهەمی خۆماڵی ناوخۆی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەرهەمی ناوخۆی عێراقدا یەک جۆر بەرهەم مامەڵەی لەگەڵ بکرێت.
رووداو: کەی دەچێتە واری جێبەجێکردنەوە؟
بێگەر تاڵەبانی: ئێستا لیژنەیەکی باڵا هەیە لە نێوان هەردوو لادادا. ئێمە وەکو خۆمان وەکو وەزارەتی کشتوکاڵ لەناو سیستمی ئەسیکۆدادا ئەو خاڵانەی کە تایبەتمەندی وەزارەتی کشتوکاڵ بوو، رەزامەندی هەردوو وەزارەتی لەسەر وەرگیراوە: هەم وەزارەتی کشتوکاڵی فیدراڵی عێراق هەم وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان. کێشەمان نامێنێت، تەنیا ماوە کە سیستمەکە بچێتە واری جێبەجێکردنەوە، ئەو کات لەو کێشە و گرفتانە دەبێت رزگارمان بێت کە بازگەیەک هەبێت لە نێوان ئێمە و عێراقدا بۆ ێگەپێدانی بەرهەمەکان، یاخود خوای نەخواستە وەرگرتنی پارە و بەرتیل بەرامبەر بە رێگەپێدانی بەرهەمەکان بۆ ناوەڕاست و خواری عێراق. بۆیە من دەمەوێت بە راشکاوی بڵێم: بەڵێ، لە بابەتی کێڵگە پەلەوەرییەکاندا خۆبژێوی خۆمانمان کردووە.
رووداو: لە چی دیکەدا؟ با باسی خۆبژێوی بکەین، لە چی دیکەدا توانیمانە بگەینە ئاستی خۆبژێوی و بینێرینە دەرەوە؟
بێگەر تاڵەبانی: بێگومان لە بەشێکی زۆری سەوزە و میوەکانیش بەڕاستی. بۆ نموونە ئێستا ئێمە بەرهەمی پەتاتە، ئەگەر باس لە بەرهەمی پەتاتە بکەین؛ بێگومان ئێمە 212 جۆر بنەتۆی پەتاتە لە عێراق تۆمار کراوە، ئەم پەتاتانە، ئەو بنەتۆ پەتاتانە زۆربەی لە دەرەوەی وڵات دەهێنرێت. دوو جۆر لەسەر ئاستی عێراق لە ناوخۆی خۆیدا بەرهەم دەهێنرێت، ئەویش لە هەرێمی کوردستانە کە زانکۆی دهۆک بە سوپاسەوە توێژینەوەیان لەسەر کردووە. ئێمە لە رابردوودا لە ساڵی 2008 کاتێک کە دەستمان بە بەرهەمی پەتاتە کرد، 800 تۆن بەرهەمی پەتاتەمان هەبوو، ئێستا یەک ملیۆن تۆن بەرهەمی پەتاتەی خواردن و بەرهەمی پەتاتەی پیشەسازی دەکەین.
رووداو: پێداویستی خۆمان چەندە؟
بێگەر تاڵەبانی: پێداویستی خۆمان بەو رادەیە نییە، واتە کە ئێستا ئێمە بەرهەمی دەکەین. بەشێکی زۆری بەرهەمی پەتاتە دەچێتە بازاڕەکانی ناوەڕاست و خواری عێراق و تەنانەت بۆ دەرەوەش ناردنمان هەبووە.
رووداو: ئەو پەتاتەیە بۆ پیشەسازی دەبێت؟ دەتوانێت بچێتە ناو هەندێک پیشەسازی خۆراکییەوە؟
بێگەر تاڵەبانی: بێگومان ئێمە 11 کارگەمان هەیە لە هەرێمی کوردستان، زۆربەی کارگەکان لەم کابینەیەدا دروست بوون، چونکە لە ساڵی 2019دا 119 هەزار تۆن بەرهەمی پەتاتەمان هەبوو، ئێستا یەک ملیۆنە. ئیتر ئەوە وای کرد کە کارگەی جۆراوجۆر دابمەزرێت بۆ بەپیشەسازیکردنی پەتاتە. ئێمە هاتین، وتمان هەر کارگەیەک کە دادەمەزرێت دەبێت گرێبەست لەگەڵ جوتیار بکات، بنەتۆی پەتاتەی پیشەسازییەکەی پێدەدات، خۆشی سەرپەرشتی دەکات بە هاوئاهەنگی لەگەڵ وەزارەت، و دواتر لێی وەردەگرێتەوە.
رووداو: دڵنیایە جوتیارەکە؟
بێگەر تاڵەبانی: بەڵێ، ئەگەر چاودێریتان کردبێت ئێمە لە هەفتەی رابردوودا لە یەکێک لە کارگە گەورەکانی سنووری پارێزگای هەولێر لێرە بووین، کە 39 جۆر تەرزی پەتاتەی بەرهەم هێنابوو، توێژینەوەی لەسەر کردبوو بۆ ئەوەی کە تۆماری بکات، بێگومان ئەوە هەمووی دەدرێتە جوتیارانی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی ئەو گرێبەستەی کە هەیانە لەگەڵ ئەو کارگەیە و وەریش دەگیرێتەوە. تەنانەت ئێمە لە بابەتی پەتاتەدا قەدەغەی هاوردەکردنمان کردووە، ئێستا پەتاتە هاوردە ناکرێت لە دەرەوەی وڵات. پەتاتەی پیشەسازی لە وەرزێکدا کە نیمانە، هاوردە دەکرێت، لەو وەرزانەی کە پەتاتەی پیشەسازی پێدەگات، بەپێی ئەو گرێبەستەی کە هەیە لە نێوان جوتیاران و کارگەکان، پەتاتەی خۆمان وەردەگیرێتەوە.
رووداو: ئەوەتان بۆ تەماتەش کردووە جەنابی وەزیر؟ من چووم بۆ کارگەی لەقوتوونی دۆشاوی تەماتەی هەریر، کارگەیەکی زۆر زۆر جوانە ماشەڵا، ئەو ئامێر و کەرەستە ستیلانە دەبینیت پاک و تمیزە، بەس زۆر جار لەوانەیە کێشەیان هەبێت جوتیاران تەماتەیەک بەرهەم بهێنن کە بۆ لەقوتوونان و دۆشاوی تەماتە و دۆشاو نەبێت.
بێگەر تاڵەبانی: کاک شێخ ئەگەر بیرت بێت کاتی خۆی من ئەو قسەیەم کرد، لەسەرم بوو بە نوکتە، وتم ئەو تەماتەیەی دەچێتە پیشەسازی، دۆشاوی تەماتە، جیاوازە لەو تەماتەیەی کە لە بازاڕ بۆ خواردن بەکاردەهێنرێت، بە فعلی جیاوازە، واتە بنەتۆکەی جیاوازە. لەبەرئەوە بەشێکی زۆری ئەو تەماتەیەی کە لە هەرێمی کوردستان بەرهەم دەهێنرێت، تەماتەی خۆراکییە، تەماتەی پیشەسازی کەمە.
رووداو: ئێستا کراوە؟ ئەو میکانیزمەی بۆ پەتاتە کراوە بۆ تەماتەش کراوە؟
بێگەر تاڵەبانی: ئێستا باشە، هەم کارگەی هەریر هەم کارگەی دۆشاوی تەماتەی شارەزوور تەماتە وەردەگرن ساڵانە لە جوتیاران، ئەوانیش گرێبەستیان هەیە لەگەڵ کێڵگەی جوتیارەکان ئەوانەی کە تەماتەکە بەکار دەهێنن. بۆیە ئێستا لە بواری تەماتەشدا دەکرێ بڵێم بەرهەمێکی زۆر باشمان هەیە. من دەمەوێت ئەوەش ئاشکرا بکەم، ئێستا سەرقاڵین لەگەڵ وڵاتی ئیمارات بۆ هەناردەکردنی تەماتە.
رووداو: تەماتە؟
وەڵام: بەڵێ، کوالیتی تەماتەکەمان و پشکنینەکانی کە کراوە، سوپاس بۆ خوای گەورە نایابە و خواستی لەسەرە، ئینشەڵا دەست بە هەناردەی تەماتە دەکەین. دەمەوێت ئەوەش ئاماژەی پێ بدەم چونکە لە رووداو کاک رەنج بەرنامەیەکی کرد، هەستم کرد تۆزێک ئیجحافی تێدابوو بە مافی بەرهەمی ناوخۆ بەتایبەتی لە مەسەلەی خانوو پلاستیکییەکان. ئێمە لە دوو سێ رۆژی ئایندە، رۆژی دووشەممە کاژێر شەشی ئێوارە، راگەیاندنی جۆری ئەو پشکنینانە و پاکێجینگی ئەو جۆرە تەماتە و خەیار و بەرهەمانە دەکەین کە لە خانوو پلاستیکییەکانی بازیان بەرهەم دەهێنرێت بە هاوئاهەنگی لەگەڵ وڵاتی هۆڵەندا. نموونەی بەرهەمەکان نێردراوەتە هۆڵەندا، لە پشکنینی وڵاتی هۆڵەندادا دەرچووە لە باشترین جۆرەکانی بەرهەمی خۆراکیین کە واتە بەهای خۆراکییان زۆر زۆر باشە و هیچ مەترسییەکیان تێدا نییە. ئەمە بۆ ئێمە بەڕاستی دەکرێ بڵێم گۆڕانکارییەکی جۆرییە. من ناڵێم کێشە و گرفت نییە لە کەرتی کشتوکاڵدا، من ناڵێم هێشتا جوتیارەکانمان پێویستیان بە راهێنانی زیاترە، پێویستیان بە هۆشیارکردنەوەی زیاترە لە چۆنیەتی کێڵان، لە چۆنیەتی تۆوکردن، لە چۆنیەتی بەکارهێنانی ماددە کیمیاییەکان، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە هەنگاو بە هەنگاو، خۆت دەزانی بابەتی کشتوکاڵ ئەوە نییە بینایەک بێت لە ماوەی ساڵێکدا بتوانیت تەواوی کەیت، کۆتایی پێ بهێنیت.
رووداو: پرۆسەیەکی درێژخایەنە قوربان.
بێگەر تاڵەبانی: پرۆسەیەکی درێژخایەنە، هەم قازانجی لە درێژخایەندا دەست دەکەوێتەوە هەمیش پرۆسەکە و پێشکەوتنی درێژخایەنە. لەبەرئەوە ئێمە پێویستمان بە کات دەبێت بۆ ئەوەی کە لەگەڵ جوتیارەکانیش لە مەسەلەی راهێنانیان، لە مەسەلەی هۆشیارکردنەوەیان، لە مەسەلەی چۆنیەتی مامەڵەکردنیان و وازهێنان لە بۆ نموونە لە کشتوکاڵی کلاسیکی بۆ کشتوکاڵی مۆدێرن.
رووداو: چیتان کردووە لە ئاوداندا، لە بەرزکردنەوەی توانای هۆشیاری جوتیاردا، با بڵێین لە بەپیشەسازیکردنی کشتوکاڵدا؟
بێگەر تاڵەبانی: ئێستا خواست لەسەر بەکارهێنانی تەکنەلۆژییای تازە زۆر زۆر باشە، سوپاس بۆ خوای گەورە. بێگومان ئەمە بە جوتیارێکی ئاسایی ناکرێت با ئێمە راستگۆ بین، ئەمە بە کێ دەکرێت؟ بەو خاوەن ئەو سەرمایانە دەکرێت.
رووداو: هیچ کۆمپانیایەکی گەورە هاتووە لەو بارەیەوە؟
بێگەر تاڵەبانی: بەڵێ بەڵێ، کاک شێخ، ئەگەر بەراوردی ئێستا بکەیت وەبەرهێنانی کشتوکاڵی بەپێی ئەوەی کە دەستەی وەبەرهێنان رایگەیاندووە، بەراوردی ئەم کابینەیە بکەیت لەگەڵ کۆی کابینەکانی پێشوو، لە 1.5٪ەوە ئاستی وەبەرهێنانی کشتوکاڵی گەیشتووەتە نزیکەی 10٪. ئەمە پەرەسەندنێکی گەورەیە. ئێمە سەرمایەداری زۆر زۆر گەورە هاتووە لە کەرتی کشتوکاڵدا پڕۆژەی پێشکەش کردووە بۆ ئەوەی کە پڕۆژە ئەنجام بدات، بەڵام هێنانی تەکنەلۆژیا پێویستی بە پاڵپشتییە، پێویستی بە سەرمایەیە، چونکە خۆت دەزانی ئەمانە هەمووی شتی تازەن و پاڵپشتی گەورەشن، بەڵام سوپاس بۆ خوا جوتیارەکانی ئێمەش وردە وردە هۆشیاری تەواوەتی لەسەر ئەو بابەتە پەیدا دەکەن.
رووداو: جەنابی وەزیر یەک دوو پرسیاری دیکەم هەیە سوپاست دەکەم. بێگومان ئەو رۆژەی کە هەناری هەڵەبجە هەناردە کرا، من لە ستۆدیۆ گوتم جوانترین تابلۆیە کە جەنابی وەزیر یا سەرۆک وەزیران لە پشتی خۆی هەڵیواسیوە، ئەو مقەبایەیە کە لەسەری نووسراوە "هەناری کوردستان" و نووسراوە "Made in Kurdistan". بەڕاستی جوانترین تابلۆیە، واتە تۆ بەرهەمی ناوخۆی کوردستان بگەینیتە بازاڕەکانی جیهان، هیوادارین لەم مۆدێلە جوانەی هەنار، تەماتەش ببینین لەوێ
جەنابی وەزیر، باسی سامانی ماسی بکەین، هیچ داتا و زانیارییەکتان لایە توانای بەرهەمهێنانمان چەندە؟
بێگەرد تاڵەبانی: بێگومان بابەتی ماسی وەکو خۆراکێکی سەرەکی لەناو کۆمەڵگەی ئێمەدا، دەکرێ بڵێم لە ساڵانی رابردوودا نەبوو بوو بە کولتوورێکی باو، ئێستا خۆراکی ئاوییەکان بووەتە کولتوورێکی باو، بەتایبەتی ماسی، هەموو جۆرەکانی ماسی خەڵک زۆر بەکاری دەهێنێت چونکە هۆشیارییەک پەیدا بووە لە روانگەی تەندروستییەوە، گۆشتی ماسی بەکارهێنانی زۆری هەیە. بۆ زانیاریت ئێمە ئەم ساڵ بە تەواوەتی قەدەغەی هاوردەکردنی ماسیمان کردووە.
رووداو ئاوا؟ چەند بەرهەم دەهێنن؟
بێگەر تاڵەبانی: بەڵێ لەبەرئەوەی ڕێژەی بەرهەممان زۆر زۆرە، ئێمە لەسەرووی پێنج هەزار پڕۆژەی جۆراوجۆرمان هەیە لە بەرهەمهێنانی ماسی (کارب و سەلمۆن). ئەمە بۆ خۆی، واتە تەعبیرە لەوەی لەجیاتی ئەوەی کە ئێمە بازاڕی خۆمان پڕ دەکەینەوە، بەشێکی زۆری بازاڕی عێراقیش پڕ دەکەینەوە. لەبەر ئەوە عێراقیش لە رۆژژمێری کشتوکاڵیدا، واتە ئاماژەی بەوە داوە کە بابەتی هاوردەکردنی ماسی بە هەموو جۆرێک دەبێت قەدەغە بێت و ئێمەش بە هەمان شێوە قەدەغەمان کردووە.
رووداو: چەند بەرهەم دەهێنن؟
بێگەر تاڵەبانی: راستییەکەی ئێستا داتایەکی وردم نییە بڵێم چەند تۆن بەرهەم دەهێنن لای من نییە.
رووداو: بەس بەشی ناوخۆ دەکات؟
بێگەر تاڵەبانی: بەڵێ بەڵێ، لە بەشی بازاڕی ناوخۆمان زیاترە، بازاڕی عێراقیشی پێ پڕ دەکەینەوە.
رووداو: زۆر باشە، با باسی توانای بەرهەمهێنانی هەرێمی کوردستان بکەین لە سەوزە و میوە. ئێستا چەند بەرهەم دەهێنن؟ لە چەند رۆژی رابردوودا وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق بە رووداویان گوت کە ئیدی هاوردەکردنی تەماتە قەدەغەیە، لە چەند رۆژی داهاتوودا چی دیکە دەبینیت قەدەغە بکرێت؟
بێگەر تاڵەبانی: لە سەوزە و میوە بەشێک لە بەرهەمەکان بەتایبەتی بەرهەمە گەڵاییەکان، قەدەغەن هاوردەکردنیان قەدەغەیە، بەڵێ ئەوەی کە پێی دەوترێت سەوزە: لە سڵق، توور، پیاز، کەلەم، ئەوانە قەدەغەیە، ئێمە ساڵانە نزیکەی دوو ملیۆن تۆن بەرهەمی سەوزەمان هەیە لە هەرێمی کوردستان، و لەسەرووی 350 هەزار تۆنیش میوە بەرهەممان هەیە کە ساڵانە بەرهەمی ناوخۆی خۆمانە، بەپێی وەرزی پێگەیشتن دەخرێتە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستانەوە.
رووداو: ئێستا چیمان قەدەغە کردووە؟ تەماتە هاوردەکردنی؟
بێگەر تاڵەبانی: هاوردەکردنی تەماتە بەڵێ قەدەغەیە، پەتاتە قەدەغەیە و بەرهەمە گەڵاییەکان.
رووداو: ئێستا تەماتەی هاوردە نایەتە بازاڕی کوردستانەوە؟
بێگەر تاڵەبانی: دەزانی چۆنە؟ من ناتوانم 100٪ پێبڵێم نییە، با راستگۆ بم لەگەڵتدا چونکە ناڕەزایەتی جاری وایە جوتیارەکانمان پێدەگات کە بەداخەوە لە هەندێک لە مەرزەکان، تەنانەت بۆ نموونە لە مەرزەکانی عێراقیش، ئێستا عێراقیش لە رۆژژمێری کشتوکاڵیدا قەدەغەی کردووە، بەڵام لە مەرزەکانی عێراقەوە داخل دەکرێت، کە دێتە ناو بازاڕی ئێمە لەبەرئەوەی کە هیچ جۆرە سانسۆرێکی لەسەر نییە دەتوانێت وەکو بەرهەمێکی ناوخۆیی بهێنرێتەوە دووبارە بۆ ناو بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان. یان لە بەشێک لە مەرزەکان کە ناتوانرێت وەکو پێویست کۆنتڕۆڵ بکرێت. ئەگەر بڵێم نییە، بوونی هەیە بەڵام بە هەموو شێوەیەک لەلای ئێمەوە لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی گشتی گومرگی هەرێمی کوردستان قەدەغەمان کردووە. لە وەرزی پێگەیشتنی بەرهەمی تەماتەی ناوەڕاست و خواری عێراق بەتایبەتی بەسرە، ئێمە قەدەغە دەکەین، ئەوانیش لە وەرزی پێگەیشتنی بەرهەمی ئێمە قەدەغەی خۆیان دەکەن بۆ ئەوەی کە هەردوو لا بتوانن تەواوکەری بازاڕی یەکتری بن.
رووداو: پرسیاری کۆتاییم لەسەر سامانی ئاوە کە دوایی دەبێ بە دەرامەتی ئاو، چونکە ئەوە سامانی ئاوە خوا ئاوەکانی ناردووە بەس کە ئیتر دەچێتە بواری گلدانەوە و ئەوانە دەبێ بە دەرامەتی ئاو. واتە ئێستا ئێمە توانای گڵدانەوەی ئاومان چەندە؟ چەند ئاو هەیە لە هەرێمی کوردستاندا؟ لە ماوەی کابینەکەی جەنابت تا ئێستا، چەند بەنداو و چەند پۆند و گۆممان دروست کردووە؟
بێگەر تاڵەبانی: ئێمە توانای گڵدانەوەی ئاو بە هەموو بەنداوەکانی هەرێمی کوردستان بە بەنداوە ستراتیژییەکانەوە، لەگەڵ ئەو بەنداوە مامناوەندانەی کە دروستمان کردووە، 10 ملیار و 700 ملیۆن مەتر سێجا توانای گلدانەوەی ئاومان هەیە. ئەم ساڵ بە فوولی ئەم توانایە، ئەم خەزنە دروست بوو، بە فوولی ئەم خەزنە دروست بوو. راستە دووکان سەرڕێژی نەکرد بەس دووکان نزیەکەی 12 سانتیمەتری مابوو بۆ ئەوەی کە سەرڕێژ بکات، ئێمە لەبەر بەرهەمی کارەبا دەستمان کرد بە بەردانەوەی ئاو. لەم کابینەیەدا هەشت بەنداوی مامناوەند تەواو بووە بە توانای گلدانەوەی 190 ملیۆن مەتر سێجا ئاو، لەگەڵ 116 پۆند تەواو بووە لە هەرێمی کوردستان، و شەش بەنداو لەژێر جێبەجێکردندا ئێستا، شەشی تریش ئەوە لە پلاندایە بۆ ئەوەی کە بیخەینە واری جێبەجێکردنەوە. واتە ئەگەر ئێمە بتوانین ئەوانە تەواو بکەین، توانای خەزنی ئاو لەسەرووی 11 ملیار مەتر سێجا دەتوانێت خەزنی هەرێمی کوردستانمان هەبێت.

