رووداو - تەندروستی
ناوەندی فریاکەوتنی پارێزگای تاران هۆشداری بە خەڵک دەدات و دەڵێ، هێمنی، هۆشیاری و خۆبەدوورگرتن لە رەفتارە هەڵەشەییەکان سێ هۆکاری سەرەکین بۆ کەمکردنەوەی زیان لە دۆخی لەناکاودا.
ناوەندی فریاکەوتنی پارێزگای تاران چەند خاڵێکی بە هاووڵاتییان داوە بۆ ئەوەی لە دۆخی ئێستای جەنگ لەنێوان ئێران- ئیسرائیل و ئەمریکا پارێزراو بن و یەکێکیان، گردنەبوونەوەیە لە شەقامەکاندا.
گرنگترین خاڵەکان ئەمانەن؛
1- هاووڵاتییان خۆیان لە کۆبوونەوەی ناپێویست بپارێزن و لە سەر شەقام و شوێنە گشتییەکان کۆنەبنەوە.
2- لەکاتی پێویستدا پەیوەندی بە فریاکەوتنەوە بکرێت، بەڵام نابێت بۆ دۆخی ناپێویست بێت.
3- هەر کەسێک دەرمان، بەڵگەنامە، ناسنامە، ئاوی خواردنەوە و کەلوپەلی فریاگوزاریی سەرەتایی لە بەردەستیدا بهێڵێتەوە، بۆ ئەوەی لەکاتی پێویستدا بەکاریان بهێنێت و تووشی سەرلێشێواوی نەبێت.
4- تەنیا لەڕێگەی سەرچاوەی فەرمی و باوەڕپێکراوەوە بەدواداچوون بۆ هەواڵەکان بکەن و دۆخی جەنگ بزانن، چونکە باوەڕکردن بە زانیاریی نادروست دەبێتە هۆی شڵەژانی دەروونیی خەڵک و زیابوونی دڵەڕاوکێی کۆمەڵایەتی.
5- لەکاتی روودانی هەر رووداوێکدا هێمنی بپارێزێت و چارەسەری نازانستی نەکرێت، تاوەکو کارمەندانی فریاگوزاری دەگەن.



