رووداو-تەندروستی
کۆمپانیای جۆنسن ئاند جۆنسن رایگەیاند، دەرمانێکیان کە لەژێر تاقیکردنەوەدایە بۆ شێرپەنجەی پرۆستات و رۆژانە یەکجار بەکاردێت، لە قۆناخە سەرەتاییەکانی توێژینەوەکاندا بووەتە هۆی بچووکبوونەوە یان لەنێوچوونی گرێی شێرپەنجەیی.
کۆمپانیاکە دەرمانی JNJ-6143ی لەسەر ئەو تووشبووانەی شێرپەنجەی پێشکەوتووی پرۆستات تاقیکردووەتەوە کە پێشتر چەندین چارەسەری دیکەیان وەرگرتووە، میكانیزمی نوێی دەرمانەکە بەشێوەیەکە خانە شێرپەنجەییەکان دەکاتە ئامانج و ئەو پڕۆتینەی بۆ مانەوەیان پێویستیانە، نایهێڵێت.
بەپێی ئەنجامەکان کە لە کۆنگرەی کۆمەڵەی ئەوروپی بۆ ئۆنکۆلۆژی پزیشکی خراوەتەڕوو، لە 77%ی ئەو بەشداربووانەی بڕی 50 میلیگرامیان لە دەرمانەکە وەرگرتووە، ئاستی PSAیان (نیشانەیەکی خوێنە بۆ چاودێریکردنی شێرپەنجەی پرۆستات) بە رێژەی 50% دابەزیوە. هەروەها لە 48%ی بەشداربوواندا، ئاستی PSA بە رێژەی 90% کەمیکردووە.
لەو نەخۆشانەی کە قەبارەی گرێیەکانیان بە وێنەگرتنی پزیشکی دەپێورێت، 75%یان وەڵامدانەوەی تەواو یان بەشەکییان هەبووە.
دەیڤد رایزینگەر، شیکەرەوە لە کۆمپانیای لیرینک پارتنەرز دەڵێت: "دەرمانی JNJ-6143 دەکرێت ببێتە گۆڕانکارییەکی گەورە لە چارەسەری شێرپەنجەی پرۆستاتدا."
باوترین کاریگەرییە لاوەکییەکانی دەرمانەکە بریتی بوون لە دڵتێکەڵهاتن و بەرزبوونەوەی ئاستی کۆلیسترۆڵ و چەوری سیانی.


