رووداو-تەندروستی دەرمانێکی نوێی شێرپەنجە کە لەلایەن کۆمپانیایەکی چینی پەرەیپێدراوە، لە قۆناخی سێیەمی تاقیکردنەوە کلینیکییەکاندا، ماوەی زیندوومانەوەی تووشبووانی شێرپەنجەی سییەکانی نزیکەی دوو هێندە درێژکردووەتەوە بەبێ ئەوەی نەخۆشییەکەیان پێشبکەوێت. بەپێی ئەنجامەکان کە لە کۆنگرەی کۆمەڵەی ئەوروپی بۆ ئۆنکۆلۆژی پزیشکی (ESMO) خراوەتەڕوو، دەرمانی "ئیزا-برێن" (iza-bren) سوودێکی بەرچاوی بەراورد بە چارەسەری کیمیایی ستاندارد هەبووە. لە توێژینەوەکەدا کە 432 تووشبووی شێرپەنجەی پێشکەوتووی سییەکان بەشدارییان تێدا کردووە، دەرکەوتووە ئەو نەخۆشانەی دەرمانی ئیزا-برێنیان وەرگرتووە، بۆ ماوەی 11.1 مانگ نەخۆشییەکەیان پێشنەکەوتووەو لە کاتێکدا، ئەو نەخۆشانەی چارەسەری کیمیاییان وەرگرتووە، ماوەکە تەنیا 5.7 مانگ بووە. ئیزا-برێن، جۆرێکی نوێی دەرمانە کە دوو پڕۆتینی سەر رووی خانە شێرپەنجەییەکان (EGFR و HER3) دەکاتە ئامانج و چارەسەری گرێ شێرپەنجەییەکان کاریگەرتر دەکات. سەبارەت بە کاریگەرییە لاوەکییەکان، لە 79%ی ئەو کەسانەی ئیزا-برێنیان وەرگرتووە، کاریگەریی لاوەکیی توندیان هەبووە، بەراورد بە 62% لە گرووپی چارەسەری کیمیاییدا، تەنیا 1.9%ی بەکارهێنەرانی دەرمانە نوێیەکە بەهۆی کاریگەرییە لاوەکییەکانەوە وازیان لە چارەسەر هێناوە. ئەم دەرمانە لە چین بۆ چارەسەری هەندێک جۆری دیکەی شێرپەنجە پەسندکراوە، بەڵام هێشتا لە ئەمریکا و ئەوروپا بەردەست نییە.