رووداو - تەندروستی
توێژینەوەیەک لە زانکۆی هیومانیتاس لە ئیتاڵیا، دەریخستووە، دەرمانێکی نوێی چارەسەریی مەترسیی پێشکەوتن و مردن بە شێرپەنجەی منداڵدان کەم دەکاتەوە، ئەمەش هیوایەکی نوێ دەدات بەو خانمانەی نەخۆشییەکەیان پێشکەوتووە یان دوای وەرگرتنی چارەسەر سەریهەڵداوەتەوە.
پڕۆفیسۆر د.دۆمێنیکا لۆروسۆ، سەرپەرشتیاری سەرەکی توێژینەوەکە دەڵێت: دەرمانی (sacituzumab tirumotecan) ناسراو بە (sac-TMT) بە بەراورد بە چارەسەری کیمیایی ستاندارد، مەترسیی پێشکەوتنی شێرپەنجەی منداڵدانی بە رێژەی 41% و مەترسیی مردنی بە رێژەی 32% کەمکردووەتەوە.
پڕۆفیسۆر د.دۆمێنیکا لۆروسۆ، دەشڵێت، "ئەنجامەکان زۆر گرنگن، شێرپەنجەی منداڵدان یەکێکە لەو شێرپەنجانە کە رێژەی تووشبوون و مردن بەهۆییەوە لە سەرانسەری جیهاندا لە بەرزبوونەوەدایە، ئەم دەرمانە تەمەنی نەخۆشەکان درێژ دەکاتەوە و مەترسیی مردن کەمدەکاتەوە و تێکڕای ماوەی ژیان لە 12.1 مانگەوە بۆ 19.0 مانگ بەرز دەکاتەوە."
ئەم دەرمانە لە جۆری (antibody-drug conjugates - ADCs)ە، کە پڕۆتینێک بە ناوی (Trop-2) دەکاتە ئامانج، ئەم پڕۆتینە لەسەر رووی زۆربەی خانە شێرپەنجەییەکانی منداڵدان بوونی هەیە، دەرمانەکە دوای بەسترانەوەی بە پڕۆتینەکەوە، ماددەیەکی کیمیایی کوشندە دەگەیێنێتە خانە شێرپەنجەییەکان و لەناویاندەبات.


