رووداو - تەندروستی
دەزگەی خۆراک و دەرمان لە ئەمریکا FDA قەترەیەکی چاوی بێ رەچێتەی پەسند کرد کە دەرمانێکی تێدایە بۆ چارەسەرکردنی سووربوونەوەی چاو کە بەهۆی هەستیاری روودەدەن.
کۆمپانیای Alcon قەترەیەکی چاوی بە ناوی Brytly بەرهەمهێناوە، مۆڵەتی فەرمی لە دەزگەی خۆراک و دەرمانی ئەمریکی وەرگرتووە. ئەم دەرمانە کە پێویستی بە رەچێتەی پزیشکی نییە، بۆ چارەسەری سووربوونەوە و هەستیاری چاو لە کەسانی تەمەن 12 ساڵ و سەرووتر بەکاردێت. ئەم قەترەیە مادەی % apraclonidine ophthalmic solution 0.125 تێدایە و پێشووتر بۆ نەخۆشییەکانی ئاوی رەشی چاو بەکاردەهات.
دەزگەی خۆراک و دەرمان لە ئەمریکا رێنوێنی دەدات، پێویستە بەکارهێنەران پێش بەکارهێنانی قەترەکە، هاوێنەی چاو دەربهێنن و لانیکەم 10 خولەک چاوەڕێ بکەن پێش ئەوەی دووبارە دایبنێنەوە. هەروەها، نابێت لە رۆژێکدا زیاتر لە دوو جار بەکاربهێنرێت و پێویستە بەلایەنی کەمەوە 5 خولەک نێوان بەکارهێنانی ئەم دەرمانە و قەترەکانی دیکەی چاو هەبێت.
ئەگەر نەخۆش هەستی بە ئازاری چاو، گۆڕانکاری لە بینین، بەردەوامبوونی سووربوونەوە یان هەڵچوون کرد، دەبێت بەکارهێنانی بوەستێنرێت. هەروەها، ئەگەر نیشانەکان زیاتر لە 3 رۆژ بەردەوام بوون یان خراپتر بوون، پێویستە سەردانی پزیشکی پسپۆڕ بکرێت.



