رووداو - تەندروستی
بەپێی توێژینەوەیەکی زانکۆی کۆلۆرادۆ لە ئەمریکا، ئامێری چاودێریی بەردەوامیی گلوکۆز (CGMs) دەتوانێت شێوازی چارەسەریی شەکرە بۆ ملیۆنان ئەمریکی تووشبوو بە شەکرەی جۆری دووەم کە ئینسۆلین بەکارناهێنن، بگۆڕێت.
پرۆفیسۆر د.تامارا ئۆسەر، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە، دەڵێت، "نزیکەی 20 ملیۆن کەسی پێگەیشتوو لە ئەمریکا تووشبووی شەکرەی جۆری دووەمن و ئینسۆلین بەکارناهێنن، سەرەڕای پێشکەوتن لە چارەسەردا، هێشتا زۆربەیان ناگەنە ئاستی تەندروستی شەکری خوێن".
تاقیکردنەوەیەکی کلینیکی دەریخستووە، ئەو کەسە پێگەیشتووانەی ئامێری CGM بەکاردەهێنن، رۆژانە نزیکەی 5 کاژێر ئاستی شەکری خوێنیان لە ئاستێکی تەندروست دەمێنێتەوە، بە بەراورد بەوانەی چاودێریی ئاسایی وەردەگرن. هەروەها، نزیکەی دوو هێندەی بەکارهێنەرانی CGM توانیویانە بگەنە ئاستی رێژەی A1cـی خوار 7%، کە ئامانجێکی باوی چارەسەرە بۆ تووشبووانی شەکرە.
ئامێرەکانی CGM هەستەوەرێکی بچووک بەکاردەهێنن کە لەسەر جەستە دادەنرێت بۆ بەدواداچوونی بەردەوامی ئاستی گلوکۆز بە درێژایی رۆژ و شەو، ئەمە رێگە بە نەخۆشەکان دەدات بزانن شەکری خوێنیان چۆن وەڵامی خواردن، چالاکیی جەستەیی و خووەکانی دیکەی رۆژانە دەداتەوە، کە یارمەتییان دەدات بڕیاری باشتر لەبارەی کۆنترۆڵکردنی شەکرەکەیانەوە بدەن.
دکتۆر ئۆسەر دەشڵێت، "بە تێپەڕبوونی کات، بەرزیی شەکری خوێن دەتوانێت مەترسیی کێشە تەندروستییە مەترسیدارەکان زیاد بکات، لەوانە نەخۆشییەکانی دڵ، گورچیلە و لەدەستدانی بینایی، بۆیە گرنگە بەردەوام بین لە باشترکردنی چاودێری بۆ هەموو تووشبووانی شەکرە".


