رووداو - تەندروستی
تیمێکی پزیشکی لە نەخۆشخانەی فێرکاریی رانیە نەشتەرگەرییەکی قورس و دەگمەنیان بۆ هاوڵاتییەک ئەنجامدا کە بەهۆی کەوتنەخوارەوە تووشی شکانی سەخت و خوێنبەربوون بوو.
رووداوەکە کاتێک روویدا کە نەخۆشێک بەهۆی کەوتنەخوارەوەی لەسەر دارگوێز و دیوار، تووشی شکانی سەختی پەراسووەکان ببوو؛ بە جۆرێک 7 پەراسووی لای چەپی سنگی شکابوون و سییەکانی بریندار کردبوو، هاوکات خوێنبەری نێوان پەراسووەکان پچڕابوو و بڕبڕەی پشتیشی تووشی شکان هاتبوو.
دوای وەرگرتنی چارەسەری سەرەتایی لە بەشی فریاکەوتن و دانانی سۆندەی سییەکان، دەرکەوت کە نەخۆشەکە تووشی خوێنبەربوون (نەزیف) بوو، چونکە نزیکەی 3200 سیسی خوێن لە سنگی دابوو. هەر بۆیە بڕیاری نەشتەرگەریی کردنەوەی سنگ درا و بە سەرکەوتوویی خوێبەربوونەکە وەستێنرا.
سەبارەت بە دۆخی تەندروستیی نەخۆشەکە، بەهۆی نەبوونی بەشی چاودێریی ورد لەو کاتەدا، نەخۆشەکە روانەی شاری سلێمانی کراوە؛ لە ئێستادا تەندروستیی جێگیرە.
لەبارەی ئەمەشەوە، فەرمان ئەحمەد، یاریدەدەری بەڕێوبەری نەخۆشخانەی رانیەیی فێرکاری بە رووداوی راگەیەند، پێداویست و ئامێری چاودێری چڕ دەبینکراوە لە لایەن خێرخوازان بۆ نەخۆشخانەکە کە لە سێ تەختە پێکدێت، سەڕەرای ئەوەی کە دابینمان کردووە بەڵام تاوەکو ئێستا بەڕێوبەرایەتی تەندروستی رانیە هیچ تیمی پزیشکی بۆ دابین نەکردووین کە کۆتا جار حەفتەی پێشووبوو دووبارە داوامان لێکردنەوە بۆ دابینکردنی بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ هەوڵێک نییە.
فەرمان ئەحمەد، دەڵێت " بەهۆی کەمی پزیشکی بێهۆشکەر لە نەخۆشخانەی رانیە ناچارین نەخۆش راوانەی سلێمانی بکەین"
فەرمان ئەحمەد، ئاماژە دەدات، کاتێک نەخۆشێک تووشی شکان دەبێت ئێمە رەوانەی سەنتەری تیشک دەکەین کە زۆر لە نەخۆشخانەی رانیەی فێرکاری دوورە ئەمەش هۆکارێکە کە ئامێری تیشکمان نییە لە نەخۆشخانەکە.


