رووداو - تەندروستی
نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاوئاهەنگیی کاروباری مرۆیی بۆ پرسی ئەفغانستان رایدەگەیێنێت، پێشبینی دەکرێت لەماوەی زستانی ئەم ساڵدا لەو وڵاتەدا پێنج ملیۆن کەس رووبەڕووی برسێتیی تووند ببنەوە.
ئۆڵگا شێرێڤکۆ، گوتەبێژی نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاوئاهەنگیی کاروباری مرۆیی OCHA بۆ پرسی ئەفغانستان دەڵێت: زیاتر لە چوار ملیۆن منداڵی تەمەن شەش مانگ تاوەکو پێنج ساڵ لە ساڵی داهاتوودا پێویستییان بە چارەسەر دەبێت بۆ بەدخۆراکیی تووند.
هەروەها ئەوەش باس دەکات کە لە نێوان مانگەکانی ئەیلوول و تشرینی یەکەم، 16 ملیۆن کەس کە نزیکەی یەک لەسەر سێی ئەفغانییەکان دەکات، رووبەڕووی نائاسایشیی خۆراکیی تووند بوونەتەوە، لە ئاستی قەیران یان خراپتر.
بەپێی UN، یەکێک لە لێکەوتە مەترسیدارەکانی برسێتی، بەدخۆراکییە و ئەمانەش کاریگەرییەکانیەتی لەسەر جەستە؛
* لاوازبوونی بەرگریی جەستە
* کەمیی ڤیتامین و مادە کانزاییەکان
* قڵیشانی پێست
* درەنگچاکبوونەوەی برین
* کەمخوێنی
* ناڕێکیی کۆئەندامی هەرس
* وشکبوونەوەی جەستە
* تووشبوون بە هەوکردنەکان
* لاوازیی ئێسکەکان

