رووداو - تەندروستی
پسپۆڕێکی کلینیکیی خۆراکی رایدەگەیێنێت، حانووتی قوتابخانەکان دەکرێت هۆکار بن بۆ قەڵەوبوونی منداڵ، چونکە بەشێکیان خۆراکی ناتەندروستیان تێدایە.
ئەمڕۆ سێشەممە 20-10-2026 د. شێرزاد واحید، پسپۆڕی کلینیکیی خۆراکی لە بووڵتەنی تەندروستیدا گوتی: بەپێی راپۆرتە جیهانییەکان رێژەی قەڵەوی لەنێو منداڵاندا زیادبووە و لە عێراقدا زیاتر لە شەش ملیۆن منداڵی قەڵەو هەن کە پێشبینی دەکرێت ببێتە هەشت ملیۆن منداڵ لە 5 بۆ 10 ساڵی داهاتوودا.
د. شێرزاد واحید دەڵێت: قەڵەوی نەخۆشییە و پێویستە چارەسەر بکرێت، بۆیە دەبێت بە هەموو شێوەیەک رێگری لێ بکرێت کە منداڵ قەڵەو نەبێت.
لە کۆتاییدا گوتیشی، سوورەوەکراوەکان پاشانیش چپس و بسکویت مەترسیدارن بۆ منداڵ دوای ئەوەش کەمیی چالاکیی جەستەیی منداڵ قەڵەو دەکات.
بەپێی ئەکادیمیای ئەمریکیی منداڵان رێگەکانی کەمکردنەوەی مەترسیی قەڵەویی منداڵان ئەمانەن؛
- سنووردارکردنی (شەکر، خۆراکە خێرا و ئامادەکراوەکان و کاتی شاشە).
- ئەنجامدانی چالاکیی جەستەیی.
- مانەوەی منداڵ لە ژینگەی خاوێن و ژینگەیەکی کەمگوشار.
- رێکخستنی ژەمی خۆراک و کاتی خەوتن.


