رووداو - تەندروستی
رێکخراوی تەندروستیی جیهانی (WHO) لە نوێترین راپۆرتیدا ئاشکرایکرد، رێژەی قەڵەوی لەنێو منداڵان و نەوجەواناندا لە ساڵی 1990ـەوە تاوەکو ئێستا چوار هێندە زیادیکردووە و یەکەمین رێنوێنی جیهانی بۆ رووبەڕووبوونەوەی قەڵەوی بڵاوکردەوە.
بەگوێرەی رێکخراوەکە، رێژەی قەڵەوی لە گرووپی تەمەن 5 بۆ 19 ساڵان، لە 2%ـی ساڵی 1990ـەوە بۆ نزیکەی 8% بەرزبووەتەوە، لە ساڵی 2024ـدا نزیکەی 170 ملیۆن منداڵ و نەوجەوان بەدەست قەڵەوییەوە دەناڵێنن.
رێکخراوەکە، قەڵەوی وەک "نەخۆشییەکی درێژخایەن" پێناسە دەکات و هۆشداری دەدات لەوەی مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی وەک شەکرەی جۆری 2 و نەخۆشییەکانی دڵ زیاد دەکات.
لەبارەی چارەسەرەوە، تەندروستیی جیهانی پێشنیازی گۆڕانکاری لە سیستمی خۆراکی، زیادکردنی چالاکیی جەستەیی و گۆڕینی رەفتارەکان دەکات، بەڵام چارەسەری دەرمانسازی و نەشتەرگەری بۆ منداڵانی خوار تەمەنی 9 ساڵ رەتدەکاتەوە.
د. لوز ماریا، بەڕێوەبەری بەشی خۆراک لە رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، دەڵێت "چارەسەری سەرەکیی قەڵەوی بۆ منداڵان و نەوجەوانان، پشتیوانیکردنیە بۆ دابینکردنی خۆراکی تەندروست، چالاکیی جەستەیی و گۆڕینی رەفتاری بەردەوام، نەک دەرمان و نەشتەرگەری".



