رووداو - تەندروستی
د. سۆران حەسەن، پسپۆڕی وردی نەخۆشییەکانی شەکرە و کوێرەڕێژنەکان بە رووداوی راگەیاند، ئەو نەخۆشانەی سەردانی کلینیکەکانمان دەکەن بەهۆی نەخۆشیی شەکرە، 80٪ قەڵەون و رێژەیەکی زۆر کەم کێشیان تەندروستە.
د. سۆران حەسەن، دەڵێت "کێشی زیاد و قەڵەوی ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشیی شەکرەی جۆری 2 زیاد دەکات. لە ئافرەتاندا، دەکرێت ببێتە هۆی فرەکیسی هێلکەدان، ناڕێکی لە سووڕی مانگانە و نەزۆکی. لە پیاوانیشدا، دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی هۆڕمۆنی نێرینە و لاوازیی سێکسی".
پسپۆرەکە رێنوێنی دەدات، بۆ پاراستنی تەندروستییەکی باش، گرنگی بە خۆراکێکی هاوسەنگ بدە کە پێکبێت لە سەوزەوات و پرۆتین، لەگەڵ دوورکەوتنەوە لە کاربۆهیدرات و شەکر. هەروەها، پێویستە هەفتانە بۆ ماوەی 3 کاژێر وەرزش بکرێت، 7 بۆ 9 کاژێر خەوی رێک لە شەواندا هەبێت و لە فشاری دەروونی دووربکەویتەوە.
د. سۆران هۆشداری دەدات، ئەگەر نەخۆش پابەندی خۆراکی تەندروست نەبێت و کێشی زیاد بکات، ئەوا نەخۆشیی شەکرە دووبارە دەگەڕێتەوە.



