رووداو - تەندروستی
پسپۆڕێکی خۆراک کە مامۆستای زانکۆشە لە هەولێر هۆشداری دەداتە هاونیشتمانییان کە تەواوکەرە خۆراکییەکان نابێت بەبێ هیچ راوێژێک بەکاربهێندرێن و ''پێویستە بە راوێژی پزیشک یان دەرمانساز یان کەسی پسپۆڕ بێت''.
د. رەغد ئەلجۆمارد، پسپۆڕی خۆراک و مامۆستای زانکۆی تیشک بە رووداوی راگەیاند، ''هانی ئەوە نادەین کە کەسێک تەواوکەری خۆراکی بەکاربهێنێت، چونکە ئەوانە پێویستە لە هەندێک حاڵەتی نەخۆشی یان هەندێک حاڵەتی تایبەتدا لە ژێر راوێژی پزیشک و دەرمانساز بەکاربێن''.
ئەو پسپۆڕی خۆراکە ئەوەشی باس کرد کە ئەم ڤیتامینانە دروستکراون و هەندێکجار لەلایەن کۆمپانیای نادڵنیا و بێ مۆڵەتەوە بەرهەم دەهێنرێن، تەنانەت هەندێکجار لەناوخۆی وڵاتدا بە رێگەیەک دروستدەکرێن کە لە رێگەی وەزارەتی تەندروستییەوە نییە.
ئەو بەرهەمانەی کە مۆڵەتیان هەیە و پشکنینیان بۆ کراوە و لەژێر چاودێریی تەندروستیدان، کەمترین زیانی لاوەکییان هەیە. هەمیشە، هەمیشە و هەمیشە بگەڕێرەوە بۆ خۆراکی تەندروست، هەوڵبدە هەموو پێداویستییەکانت لە رێگەی خۆراکی تەندروستەوە پڕبکەیتەوە.
لە کۆتاییشدا گوتی: خۆراک باشترین شتە بۆ زیادکردنی ڤیتامین و مادە کانزاییەکانی جەستە و پێویستە بەکارهێنانی تەواوکەرە خۆراکییەکان بژاردەی کۆتایی بێت.
.png&w=3840&q=75)


