رووداو - تەندروستی
بەپێی توێژینەوەیەکی کۆمەڵەی ئەمریکیی دڵ، باشترکردنی رێکارە خۆپارێزییەکان بۆ بەرزیی پەستانی خوێن دەتوانێت ساڵانە زیاتر لە 500 هەزار حاڵەتی گیانلەدەستدان بەهۆی نەخۆشییەکانی دڵ و لوولەکانی خوێن کەم بکاتەوە.
د. سکۆت پیلا، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە دەڵێت: کۆنتڕۆڵکردنی بەرزیی پەستانی خوێن ژمارەی گیانلەدەستدانی کەم کردۆتەوە لەو نەخۆشانەی کێشەی دڵ و لوولەکانی خوێنیان هەیە، دوای ئەویش بەکارهێنانی دەرمانی ستاتین بۆ کۆلیسترۆڵ و کۆنتڕۆڵکردنی شەکری خوێن دێت.
توێژەران بۆیان دەرکەوتووە، چاودێریکردنی تەندروستی بۆ نزیکەی 80٪ لەو کەسانەی نەخۆشی دڵ و لوولەکانی خوێنیان هەیە، دەتوانێت ساڵانە رێگری لە 518,476 حاڵەتی مردن بکات کە بەهۆی نەخۆشییەکانی دڵ لوولەکانی خوێن روودەدەن.
بەکارهێنانی دەرمانی ستاتین بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئاستی کۆلیسترۆڵ دەتوانێت ساڵانە 340,682 کەس لە مردن رزگار بکات و کۆنتڕۆڵکردنی شەکری خوێن لە تووشبووانی نەخۆشیی شەکرەدا دەتوانێت رێگری لە 309,520 حاڵەتی مردن بکات.
کۆمەڵەی ئەمریکیی دڵ چەند رێنوێنییەک بۆ خۆپاراستن لە بەرزەپەستانی خوێن دەخاتەڕوو، گرنگترینیان ئەمانەن:
- بایەخدان بە خواردنی سەوزە و میوەکان.
- بایەخدان بە خواردنی خۆراکی دانەوێڵەی تەواو و بەرهەمە کەم چەورەکان.
- بڕی پێویست ئاو بخورێتەوە.
- بایەخدان بە پڕۆتینەکان لە ماسی، گۆشتی سوور، گۆشتی مریشک، هێلکە، تۆوی کەتان و گەنمەشامی.
- بڕێکی دیاریکراو کالۆریی رۆژانە بخورێت.
- سنووردارکردنی شەکر، چەوری و خۆراکە خێراکان.
- کەمکردنەوە و دوورکەوتنەوە لە کحول، خواردنەوە وزەبەخشەکان و خواردنەوە گازییەکان.
- خەوی باش.
- دوورکەوتنەوە لە کێشانی جگەرە و نێرگەلە.
- بیرکردنەوەی ئەرێنییانە و راهێنانەکانی ئاسوودەیی دەروون.



