رووداو - تەندروستی
توێژینەوەیەکی زانکۆی میامی لە ئەمریکا دەریخستووە، ئەو خانمانەی دوای وەستانی هەمیشەیی سووڕی مانگانە چارەسەری هۆڕمۆنی بەکاردەهێنن، ئەگەری هەیە تووشی سەرئێشەی شەقیقەی زۆرتر و درێژخایەنتر ببنەوە.
د. فلاڤیا فەیربانکس، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە دەڵێت: چارەسەری هۆڕمۆنی بۆ کۆنتڕۆڵکردنی نیشانەکانی وەستانی سووڕی مانگانە بەکاردێت، بەڵام گۆڕانکاری لە ئاستی هۆڕمۆنی ئیسترۆجین لەوانەیە ببێتە هۆی زیادبوونی سەرئێشەی شەقیقە.
توێژەرانی زانکۆی میامی پشتیان بە پێنج توێژینەوە بەستبوو، پێکەوە نزیکەی 24 هەزار خانمیان لەخۆگرتبوو، شیکارییە کۆکراوەکە دەریخستووە کە تێکڕای تووشبوون بە سەرئێشەی شەقیقە لەو خانمانەی بۆ هەمیشە لە سوڕی مانگانە وەستاونەتەوە و چارەسەری هۆرمۆنییان بەکارهێناوە 18.94% بووە.
بەگوێرەی دەرەنجامەکان، توێژەران گەیشتنە ئەو ئەنجامەی کە چارەسەری هۆرمۆنی پەیوەندی بە زیادبوونی ژمارەی جارەکانی تووشبوون بە سەرئێشەی شەقیقە و درێژبوونەوەی ماوەی سەرئێشەکەوە هەبووە.
چارەسەری هۆرمۆنی بەکاردێت لەو خانمانەی بۆ هەمیشە لە سووڕی مانگانە وەستاونەتەوە بۆ کەم کردنەوەی نیشانەکانی وەستانەوەی هەمیشەیی لە سووڕی مانگانە، ئەمانەش باوترین نیشانەکانن:
- گەرمداهاتنی جەستە
- ئارەقەکردنەوەی شەوانە
- گۆڕانکاری لە باری دەروونی و کەیفدا
- وشکبوونەوەی زێ



