رووداو - تەندروستی
بەپێی توێژینەوەیەکی زانکۆی باکووری رۆژئاوا لە ئەمریکا، هێلکەدان تەنانەت دوای دەیان ساڵ لە وەستانی سووڕی مانگانەش، لەرووی بایۆلۆژییەوە چالاک دەمێنێتەوە و گۆڕانکاری بەسەردا دێت، ئەمەش مەترسیی تووشبوون بە شێرپەنجە زیاد دەکات.
د.فرانسیسکا دەنکان، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە، دەڵێت: زۆربەی خەڵک پێیانوایە دوای وەستانی سووڕی مانگانە هێلکەدانەکان هیچ کارێک ناکەن، بەڵام ئەم توێژینەوەیە ئەوە دەردەخات کە ئەم ئەندامە لەراستیدا زۆر چالاکە.
توێژەران بۆیان دەرکەوتووە کە هێلکەدان دوای وەستانی سووڕی مانگانە بەردەوام دەبێت لە گۆڕانکاری و نیشانەکانی هەوکردن و گۆڕان لە پێکهاتەی شانەکانیدا دەردەکەوێت.
توێژینەوەکە لەسەر هێلکەدانی 28 خانم ئەنجامدراوە، پەیوەندییەکی گەردیلەیی لەنێوان پیربوونی هێلکەدان و شێرپەنجەدا دۆزیوەتەوە، دەرکەوتووە کە لەگەڵ تێپەڕبوونی تەمەن، هەندێک لەو پڕۆتینانەی پەیوەندییان بە شێرپەنجەی هێلکەدانەوە هەیە، لە هێلکەدانە پیرەکاندا زیاتر دەبن.
توێژەران جەخت لەوە دەکەنەوە کە ئەم دۆزینەوەیە بەو مانایە نییە کە هێلکەدانەکان شێرپەنجەیین، بەڵکو ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە پیربوونی ئاسایی هێلکەدان و شێرپەنجەی هێلکەدان هەندێک پرۆسەی بایۆلۆژیی هاوبەشیان هەیە.



