رووداو - تەندروستی
توێژینەوەیەک کە لە سایتی کۆمەڵەی پزیشکانی کەنەدیدا بڵاوکراوەتەوە ئاماژە بەوەدەکات، ئەو کەسانەی دەستیان بە چاودێریی پزیشکیی سەرەتایی ناگات، زیاتر رووبەڕووی مەترسیی گیان لەدەستدانی پێشوەختە دەبنەوە بەهۆی شێرپەنجەی مەمکەوە.
توێژینەوەکە، کە لە ئۆنتاریۆی کەنەدا ئەنجامدراوە، دەرکەوتووە کە 23%ـی ئەو کەسانەی شێرپەنجەی مەمکیان لە کاتی دەستنیشانکردنیدا بۆ بەشەکانی دیکەی جەستەیان بڵاوبووەتەوە، لە ماوەی شەش مانگدا گیانیان لەدەستداوە.
گرنگیی پزیشکی چاودێریی سەرەتایی، دەرەنجامەکان دەریدەخەن ئەو کەسانەی پزیشکی خێزانیان هەبووە، ئەگەری گیان لەدەستدانی پێشوەختەیان بە رێژەی 26% کەمتر بووە.
کۆمەڵەی پزیشکانی کەنەدا دەڵێن:" دەستڕانەگەیشتن بە خزمتەگوزارییە تەندروستییە سەرەتاییەکان رەنگە کاریگەریی نەرێنی لەسەر کاتی دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکە هەبێت و ببێتە هۆی دواکەوتن لە دەستپێکردنی چارەسەر."
کۆمەڵەی پزیشکانی کەنەدا جەخت لەوە دەکەنەوە کە چاودێریی سەرەتایی رۆڵێکی سەرەکی هەیە لە رێگریکردن، پشکنین، دەستنیشانکردن و پاڵپشتیی چارەسەری شێرپەنجەدا.



