رووداو - تەندروستی
خەوی قووڵ پرۆسەیەکی چاڵاکە، مێشک و هورمۆنەکان پێکەوە کار دەکەن بۆ نوێکردنەوەی خانەکان، گەشەی ماسولکەکان و سوتاندنی چەوری.
د. سینلو دین، پسپۆڕی مێشک و دەمار لە زانکۆی کالیفۆرنیا - بێرکلی دەریخستووە، لەڕێگەی چاودێریکردنی راستەوخۆی دەمارەکانەوە تێبینییان کردووە کە مێشک لە کاتی خەودا هۆرمۆنی گەشە بۆ رێکخستنی پشوو بەکاردەهێنێت.
پسپۆرانی زانکۆی بێرکلی رێنوێنی دەدەن بە گرنگیدانی ئەمانەی خوارەوە:
- گرنگیدان بە کواڵیتی خەو: خەوی قوول، بەتایبەتی لە سەرەتای شەودا، بۆ چاکبوونەوەی ماسولکەکان و رێکخستنی کێشی جەستە گرنگە.
- دوورکەوتنەوە لە کافایین و کحول: خواردنەوەی کافایین و کحول، بەتایبەت نزیک کاتی خەوتن، دەبێتە هۆی تێکچوونی خەو، رێگری لە خەوی قووڵ دەکات و کار دەکاتە سەر دەردانی هۆرمۆنی گەشە.
- رێکخستنی کاژێری بایۆلۆژی: نووستن و هەستان لە کاتێکی دیاریکراودا یارمەتیی هاوسەنگبوونی کاری مێشک دەدات و کارایی جەستە و مێشک بەرز دەکاتەوە.



