رووداو - تەندروستی
سوورێژە یەکێکە لە خێراترین ڤایرۆسە گواستراوەکان و کەمبوونەوەی رێژەی کوتان دەبێتە هۆی سەرهەڵدانەوەی پەتاکە.
سەرەڕای ئەوەی سوورێژە لەڕێگەی ڤاکسینەوە کۆنتڕۆڵ دەکرێت، بەڵام هێشتا وەک هەڕەشەیەک بۆ سەر کۆئەندامی هەناسە و ژیانی خەڵک ماوەتەوە. بەگوێرەی ناوەندە پزیشکییە جیهانییەکان، کەمبوونەوەی پابەندبوون بە وەرگرتنی ڤاکسین بووەتە هۆی گەڕانەوەی خێرای نەخۆشییەکە.
پسپۆڕانی بواری نەخۆشییە گواستراوەکان و پزیشکانی منداڵان لە مایۆکلینیک دەریخستووە، ڤایرۆسی سوورێژە زۆر بەخێرایی دەگوازرێتەوە، بەجۆرێک کە 90٪ بۆ 95٪ـی ئەو کەسانەی ڤاکسینیان وەرنەگرتووە، لە کاتی بەرکەوتنیان لەگەڵ هەڵگری ڤایرۆسەکەدا تووش دەبن.
بەپێی مایۆکلینیک نیشانەکانی سوورێژە لە ماوەی 7 بۆ 14 رۆژدا دەردەکەون کە بریتین لە تای بەرز، کۆکەی وشک، ئاوکردنی لووت و ئازاری چاو، دواتر پەڵەی سوور لەسەر جەستە دەردەکەوێت. باشترین رێگەی خۆپاراستن بریتییە لە وەرگرتنی دوو ژەمی ڤاکسینی (MMR). لەکاتی تووشبووندا، پێویستە پەیوەندی بە پزیشکەوە بکرێت و لە ماڵەوە بمێنێتەوە بۆ رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی.



