رووداو - تەندروستی
توێژینەوەیەکی نوێی شیکاریی گۆڤاری لانسێت ئاشکرای دەکات، مرۆڤەکان تاوەکو ساڵی 2100 دەشێت رووبەڕووی 17 هەڕەشەی تەندروستی ببنەوە. تەکنەلۆژیا، گۆڕانی کەشەهوا، چەکی ناوکی، ژیریی دەستکرد و نەخۆشییە ڤایرۆسییەکان بەشێک لە هۆکارەکانن.
ئەنجامە بەراییەکانی توێژینەوەیەکی کۆمیسیۆنی باڵای توێژەرانی جیهانی کە ساڵی 2023 دەستیپێکردووە و تائێستاش بەردەوامە دەریدەخات، 17 کارەسات کە ''هەندێکیان لە ئێستاوە دەرکەوتوون و هەندێکیشیان لە داهاتوودا دەردەکەون'' دەکرێت ببنە هۆی لەدەستدانی دەیان ملیۆن ساڵی تەندروست بۆ مرۆڤەکان، کۆمەڵگە پەراوێزخراو و نایەکسانەکان قوربانیی سەرەکین.
کۆمیسیۆنەکە لە 35 توێژەری باڵا لە وڵاتانی جیاواز پێکدێت و پڕۆفیسۆر د. کریستۆڤەر جەی ئێڵ مۆرای، سەرۆکی کۆمیسیۆنەکە دەڵێت: ئەم دۆزینەوە سەرنجڕاکێشەمان، تەنیا دەرخستنی قەبارەی هەڕەشەکان نییە، بەڵکو دۆزینەوەی رێگەچارەیە بۆ رووبەڕووبوونەوە و پێشگیریکردن لێیان.
توێژەران پێوانەیەکیان بەکارهێناوە کە بە ساڵانی پەککەوتەبوون (Disability-Adjusted Life Years) یان (DALYs) یاخود ''ساڵە لەدەستچووە تەندروستەکان'' ناسراوە. بۆ نموونە لە هەرێمی کوردستان مرۆڤێک تێکڕای تەمەنی ژیانی 74 ساڵە، بەڵام ئەگەر لەهەر تەمەنێکدا تووشی نەخۆشییەکی درێژخایەن یان پەککەوتەبوون یانیش مردنی لەناکاو بوو، ئەوا لەو تەمەنەوە تاوەکو رێژەی تەمەنی بە ساڵە لەدەستچووە تەندروستەکان (DALYs) دادەنرێت.
ساڵە لەدەستچووە تەندروستەکان (DALYs) بریتییە لە ژمارەی ئەو ساڵانەی کە مرۆڤ بەهۆی نەخۆشی، پەککەوتەبوون و مردنی لەناکاو لەدەستی دەچێت، لەکاتێکدا پێویستە بە تەندروستییەوە بەسەریان ببات.
مەترسیی ژیریی دەستکرد هێندەی چەکی ناوکییە
کۆمیسیۆنی باڵای لانسێت خراپ بەکارهێنانی ژیریی دەستکرد و بەکارهێنانی چەکی ناوکی بە مەترسییەکی هاویەک دادەنێن بۆ زیادبوونی ساڵە لەدەستچووە تەندروستەکان و توێژەران دەڵێن: ئەگەر رێگرییان لێ نەکرێت، تاوەکو ساڵی 2100، رەنگە 133 ملیۆن کەس بەهۆیانەوە بمرن و 9.35 ملیار ساڵی تەندروستی خەڵکی جیهان لەدەست بچن.
مەترسیی گۆڕانی کەشوهەوا
دەرخستەکان ئەوە ئاشکرا دەکەن، هەر لە ئێستاوە گۆڕانی کەشوهەوا بووەتە مەترسییەکی جیهانی؛ رێگریکردن لە گەرمبوونی 1.2 پلەی سیلیزیی زەوی، دەتوانێت ملیارێک و 900 ملیۆن ساڵی لەدەستچووی تەندروست بگەڕێنێتەوە بۆ خەڵک.
هۆکارەکانی دیکە چی بوون؟
ئەوەی باس کراوە هەریەک لە (بەرگریی بەکتریاکان دژی دەرمان، بەدخۆراکیی منداڵان، داڕمانی کەرتی تەندروستی، ناکۆکیی وڵاتان، کحول، بەرزەپەستانی خوێن، نایەکسانیی داهات، لاوازیی ئاستی هۆشیاری و خوێندەواری، قەڵەوی، پەتا، لاوازیی دەرووندروستی، جگەرە و نێرگەلە و ڤەیپکێشان لەگەڵ بەساڵداچوونی ناتەندروست) دەکرێت ببنە کارەساتێکی جیهانی.
ژمارەی ساڵە لەدەستچووە تەندروستەکان بەپێی کارەساتەکان؛
+ تاوەکو ساڵی 2100 نایەکسانیی داهات دەبێتە هۆی لەدەستدانی 13.8 ملیار ساڵی تەندروست.
+ تاوەکو ساڵی 2100 لاوازیی ئاستی هۆشیاری و خوێندەواری دەبێتە هۆی لەدەستدانی 16.1 ملیار ساڵی تەندروست.
+ تاوەکو ساڵی 2100 قەڵەوی دەبێتە هۆی لەدەستدانی 23.1 ملیار ساڵی تەندروست.
+ تاوەکو ساڵی 2100 بەرگریی بەکتریاکان دژی دەرمان دەبێتە هۆی لەدەستدانی 3.4 ملیار ساڵی تەندروست.
+ تاوەکو ساڵی 2100 ناکۆکیی سیاسیی وڵاتان دەبێتە هۆی لەدەستدانی ملیاران ساڵی تەندروست.
لە داهاتوودا چی بکرێت؟
کۆمیسیۆنەکە پێشنیازەکانیان بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەم کارەساتانە بە وڵاتانی جیهان و سەرکردەکان گەیاندووە، ئەمەش وەکو پێشهاتێکە بۆ رێگریکردن لێیان تاوەکو نەبنە کێشەیەکی بنبڕنەکراو. تەنانەت دەڵێن، ''بۆ زۆرێک لە هەڕەشە کارەساتبارەکان، چارەسەرەکانی وەکو دەرمان، تەکنەلۆژیای تەندروستی و پزیشکی و سیاسەتە گشتییە تەندروستییەکان لە ئێستاوە هەن بۆ ئەوەی جێبەجێ بکرێن. بۆ ئەوانی دیکەس، وەبەرهێنان و داهێنانی زیاتری ئامانجدار پێویستە''.
کۆمیسیۆنی باڵای توێژەران هەر یەک لە (بایەخدان بە پڕۆگرامی کوتان، بەرهەمهێنانی دژەبەکتریا و ڤاکسینی نوێ، چارەسەری قەڵەوی، تەکنەلۆژیای رێگری لە گەرمبوونی زەوی، دەستڕاگەیشتنی دادپەروەرانەی دەرمان و خزمەتوگوزاریی تەندروستی بۆ هەمووان، حکومڕانیی گونجاوی تەندروستی و دانانی لیژنە و بەدواداچوون بۆ قەیرانە تەندروستییەکان) بە لەپێشینەی وڵاتان دەزانێت بۆ رێگری لەو 17 کارەساتەی ئێستا و داهاتوو.



