رووداو - تەندروستی
وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت، تەنیا لە کلینیکی چارەسەری نەخۆشییەکانی مەمک لە سلێمانی، لەکۆی هەشت مانگی ئەم ساڵدا، شەش هەزار و 418 خانم پشكنینیان بۆ کراوە و 38ـیان شێرپەنجە دەرچوون.
وەزارەتی تەندروستی ئاشکرای دەکات، هۆکارەکانی سەردانیکردنی خانمان بۆ ئەو سەنتەرە (سینگئێشە و بوونی گرێی مەمک) بووە.
پشکنینی نەخۆشییەکانی مەمک لەڕێگەی (پشکنینی خۆیی، پشکنینی سۆنەر و پشکنینی مەمۆگرام) دەکرێت. ئەمڕۆ پێنجشەممە 15-10-2026 د. عەباس تاهیر، پسپۆڕی نەشتەرگەرییەکانی مەمک و بەڕێوەبەری سەنتەری نەخۆشییەکانی مەمک لە سلێمانی بە رووداوی راگەیاند، رۆژانە نزیکەی 70 خانم پشکنینی مەمکیان لە کلینیکەکە بۆ دەکرێت.
لەبارەی کەمیی ئامێرەکانی پشکنین د. عەباس تاهیر گوتی، تەنیا یەک سەنتەر بۆ پشکنینی مەمک کەمە بۆ شاری سلێمانی و ژمارەی خانمان زۆرن، ئەمەش وایکردووە پەستانێکی زۆر بکەوێتە سەر ئامێرەکان.
لەکۆتاییشدا ئەوەی باس کرد کە ئێستا خانمان زیاتر هۆشیارن لەبارەی خۆپاراستن و پشکنینی پێشوەختەی شێرپەنجەی مەمک.
کەمپینی شەرم مەکە چییە؟ خانمان چۆن پشکنینی خۆڕایی مەمک بکەن؟
لە مانگی ئۆکتۆبەردا، کە لە جیهاندا بە مانگی هۆشیاری لەبارەی شێرپەنجەی مەمک ناسراوە، دێسکی تەندروستیی تۆڕی میدیایی رووداو، هەڵمەتێکی گەورەی بە ناونیشانی ''شەرم مەکە'' راگەیاند. ئامانجەکەی هۆشیارکردنەوەی خانمانە بۆ ئەنجامدانی پشکنینی پێشوەختەی مەمک و ئەنجامدانی هەشت هەزار مەمۆگرام بەخۆڕایی.
هەڵمەتەکە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ رێکخراوی تەندروستیی جیهانی لە عێراق، وەزارەتی تەندروستی، یەکێتییەکانی ئافرەتان و ژنان، یەکە کارگێڕییەکانی ئەو شوێنانەی کە سەرمەشقی هەڵمەتەکەن ئەنجام دەدرێت. وەزارەتی تەندروستی، سەنتەرێکی ئەمریکی بۆ پزیشکی و پەرستاری و چەند نەخۆشخانەیەکی تایبەت، دوو کلینیکی پزیشکیی گەڕۆک کە نوێترین ئامێری سۆنەر و مەمۆگرامی لەنێو دانراوە بە تەواوی تیمی پزیشکییەوە، بە درێژایی مانگی ئۆکتۆبەر سەردانی هەریەک لە (کۆیە، شەقڵاوە، رواندز، ئامێدی، کەرکووک، پێنجوێن، کەلار و ئاکرێ) دەکرێت.
لە بەشی دووەمی کەمپینەکە دێسکی تەندروستیی رووداو بۆ هەر پارێزگەیەکی هەرێمی کوردستان 1000 پشکنینی مەمۆگرام لە نەخۆشخانە گشتی و تایبەتییەکانی سلێمانی، هەڵەبجە، دهۆک و هەولێر بە خۆڕایی ئەنجام دەدات، واتە چوار هەزار پشکنین بە خۆڕایی لەکاتێکدا نرخی پشکنینەکە لە کەرتی تایبەتدا لەنێوانی 50 بۆ 100 هەزار دینارە.
ئەمە بە درێژایی مانگی ئۆکتۆبەر بەردەوام دەبێت فۆڕمی ناوتۆمارکردن راگەیێنرا بۆ ناونووسینی ئەو خانمانەی دەیانەوێت لە نەخۆشخانە حکومی و تایبەتیەکاندا پشکنینی خۆڕایی نەخۆشییەکانی مەمکیان بکەن.


.png&w=3840&q=75)
