رووداو - تەندروستی
پسپۆڕێکی نەخۆشییەکانی گورچیلە و میزەڕۆ رایدەگەیێنێت، چاندنی گورچیلە نەشتەرگەرییەکە بۆ دانانی گورچیلەیەکی تەندروست کە لە بەخشەرێکی زیندوو وەرگیراوە، بۆ کەسێک کە گورچیلەکانی ئیدی بە شێوازێکی دروست کار ناکەن.
د. یادگار عەبدولجەبار، پسپۆڕی نەشتەرگەرییەکانی گورچیلە و میزەڕۆ بە رووداوی راگەیاند، چاندنی گورچیلە بۆ کەسێک دەکرێت کە هەردوو گورچیلەی لەدەستدابێت، یان کەسێک یەک گورچیلەی هەبێت و لە کار کەوتبێت چونکە لە هەزار کەس یەکێکیان بەیەک گورچیلە لەدایکدەبێت.
د. یادگار عەبدولجەبار دەڵێت "یەک گورچیلە بائاسایی کاربکات بەسە بۆ مرۆڤ کە ژیانی بە ئاسایی بەڕێوەببات".
د. یادگار عەبدولجەبار دەریخستووە، لەکاتی چاندنی گورچیلە، گورچیلە کۆنەکان دەرناهێندرێت و لە نزیک میزڵدان دادەنرێت نەک لە شوێنی گورچیلە کۆنەکان، بەڵام لە حاڵەتێکدا کاتێک گورچیلە کۆنەکان کێشە بۆ نەخۆشەکە دروستبکەن کە بەردیان تێدابێ یان گومانی گرێیان لێبکرێت یان زوو نەخۆشەکە تووشی ئازار، هەوکردن، تا و لەرز بێت، ئەوکات بریار دەدرێت کە ئەو گورچیلە پەکەوتووانە دەربهێنرێت.
.png&w=3840&q=75)


