رووداو - تەندروستی
بەرپرسانی تەندروستیی جیهانی گومانیان لە هۆکاری گیانلەدەستدانی کارمەندێکی تاقیگە هەیە بە هەوکردنی سییەکان. رێکخراوی تەندروستیی جیهانی داوای لە رووسیا کردووە، شەفاف بێت لە بڵاوکردنەوەی زانیارییەکان و هیچ شتێک نەشارێتەوە.
د. تێدرۆس ئادهانۆم، سەرۆکی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی دەڵێت ''رۆژی شەممە داوای زانیاریمان لە رووسیا کرد، دوێنێ وەڵامیان دایناوە و گوتیان، هیچ حاڵەتێکی تاعون لە هەرێمی ئیرکوتسک تۆمار نەکراوە و نزیکەی 200 کەسی بەرکەوتووی قوربانییەکەش کەرەنتینکراون''.
هەینیی رابردوو، هەواڵی گیانلەدەستدانی خانمە توێژەرێک جیهانی خستە مەترسییەوە، چونکە لەنێو تاقیگەی توێژینەوەی دژەتاعون لە هەرێمی سیبریا، شووشەیەکی پڕ لە بەکتریای تاعونی لەدەستکەوتووە و نەخۆش کەوتووە، پاش چەند رۆژێک بە هەوکردنی تووندی سییەکان، گیانی لەدەستداوە و رووسیاش دڵنیایی نادات کە بە تاعون بووبێت، بۆیە داوای زانیاریی زیاتر و وردتر دەکرێت و گومان دەکرێت، کە قوربانییەکان زیاتر بن.
د. ماریا ڤان کێرخۆف، بەرپرسی نەخۆشییە پەتاییەکان لە WHO گوتی ''بە روونی، زانیاریی زیاترمان دەوێت بۆ ئەوەی تێبگەین چ پشکنینێکی تاقیگەیی کراوە، چ میکرۆبێک پشکنینی بۆ کراوە، هەروەها ئەگەر ئەو کەسە بە تاعوون گیانی لەدەستنەدابێت، کەواتە چۆن گیانی لەدەستداوە؟''
دەنگۆی دووەم تووشبووی تاعون لە رووسیا بڵاو بووەتەوە، بەڵام حکومەت حاشای لێ دەکات و دیمیتری پیسکۆڤ، گوتەبێژی پووتین دەڵێت: ''زۆربەی ئەو زانیارییانەی میدیاکان سەبارەت بەم دۆخە بڵاوی دەکەنەوە، هەڵەن و دەبێت زانیاری لە راگەیێنراوی فەرمی وەربگیرێت''.
دۆناڵد ترەمپ گوتویەتی، لە سەردەمی کۆرۆنا چین زۆر قسەی نەکرد، ئێستاش رووسیا قسە ناکات، بەڵام دەڵێ، دۆخەکە کۆنتڕۆڵە.
پەیتا پەیتا دانیشتووانی شاری شیلیخۆڤ و دەمامک دەبەستن و ترسی ئەوەیان هەیە، وەکو کۆرۆنا، تاعون لەوێوە سەرهەڵبداتەوە، بەڵام مژدەکە ئەوەیە، تاعون بەهۆی بەکتریاوەیە و دەرمانیشی هەیە.


