رووداو - تەندروستی
پسپۆڕانی تەندروستی لە زانکۆی کامبریج، هۆشداری دەدەن و دەڵێن، کەمخواردنەوەی ئاو زیان بە گورچیلەکان دەگەیێنێت و مەترسیی دروستبوونی بەردی گورچیلە زیاد دەکات.
بەگوێرەی توێژینەوەیەک، کاتێک ئاو کەم دەخورێتەوە، شلەی نێو لەش کەم دەکات و ماددە ژەهراوییەکان لە کۆئەندامی میزدا چڕ دەبنەوە، ئەمەش زیان بە گورچیلە دەگەیێنێت.
توێژەران بۆیان دەرکەوتووە، ئەو کەسانەی لەبری ئاو خواردنەوە کافایینییەکان دەخۆنەوە، زیاتر تووشی وشکبوونەوەی پێست و تێکچوونی هاوسەنگیی کارکردنی خانەکانی مێشک دەبنەوە.
بۆ خۆپاراستن لەو مەترسییانە، پسپۆڕانی مایۆکلینیک ئەم رێنوێنیانە دەخەنەڕوو:
- رۆژانە بڕی پێویستی ئاو بە شێوەیەکی رێکوپێک بەسەر کاژێرەکاندا دابەش بکرێت.
- لەکاتی کارکردن یان چوونە دەرەوە، هەمیشە بوتڵێکی ئاو لەگەڵ خۆتدا هەڵبگرە.
گرنگترین کاتەکان بۆ خواردنەوەی ئاو بەگوێرەی مایۆکلینیک:
- دوای هەستان لە خەو: خواردنەوەی پەرداخێک ئاو یارمەتی چالاکبوونەوەی ئەندامەکانی جەستە دەدات.
- لەگەڵ ژەمەکان: خواردنەوەی ئاو لەگەڵ ژەمەکاندا یارمەتی کرداری هەرس دەدات.
- پێش، لەکاتی و دوای وەرزش: بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو شلەیەی لەدەستیدەدەیت، پێویستە لەم کاتانەدا ئاو بخورێتەوە.
- کاتێک هەست بە تینووێتی دەکەیت: هەستی تینووێتی نیشانەیەکە کە جەستەت پێویستی بە ئاوە.
- لەکاتی نەخۆشی: لەکاتی تا، رشانەوە یان سکچوون، جەستە شلەیەکی زۆر لەدەستدەدات، بۆیە خواردنەوەی ئاو بۆ قەرەبووکردنەوەی زۆر گرنگە.


.jpg.jpeg&w=3840&q=75)
