رووداو - تەندروستی
توێژینەوەیەکی نوێی بەریتانی لە زانکۆی مانچستەر، لەوە دەکۆڵێتەوە کە شیری دایک وەک ئامرازێک بۆ پشکنینی پێشوەختەی شێرپەنجەی مەمک بەکاربهێنرێت، بەتایبەتی لە خانمان لەکاتی دووگیانی و دوای منداڵبوون.
توێژینەوەکە بە ناوی "BRACELET-BM"ـە و تێیدا زانایان هەوڵدەدەن لەرێگەی شیری دایکەوە زووتر نیشانەکانی شێرپەنجەی مەمک دەستنیشان بکەن، بەراورد بە پشکنینەکانی ئێستای خوێن و وێنەگرتنی پزیشکی.
شێرپەنجەی مەمکی پەیوەست بە دووگیانی، زۆرجار لە قۆناخە پێشکەوتووەکاندا دەستنیشان دەکرێت، ئەمەش دەرفەتی چارەسەر و رزگاربوون کەم دەکاتەوە.
دکتۆر نیکی فلاوم، لە زانکۆی مانچستەر کە سەرپەرشتیی توێژینەوەکە دەکات، دەڵێت، "پێویستییەکی بەپەلە هەیە بۆ دۆزینەوەی رێگەی باشتر بۆ پشکنینی شێرپەنجەی مەمک لە خانمان لەکاتی دووگیانی و دوای منداڵبووندا".
دکتۆر نیکی فلاوم دەڵێت، "پێمانوایە شیری مەمک رەنگە دەروازەییەکی ناوازە بێت بۆ زانینی ئەوەی لەنێو تەندروستی مەمکدا چی روودەدات، چونکە زانیاریمان لەبارەی گۆڕانکارییە جیناتییەکانی ناو شیری مەمکەوە کەمە".



